پارێزگاری سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ سەرۆکی هەرێم چەند داواکارییەکیان ئاڕاستەی سەرۆکی هەرێم کردووە و ئەویش بەڵێنی هاوکاری تەواوی پێداون بۆ جێبەجێکردنی داواکاریەکانیان، کە خۆی دەبینێتەوە لە کردنەوەی فڕۆکەخانەی سلێمانی، ڕاگرتنی هێرشەکانی تورکیا لەسەر سلێمانی، یەکڕیزی و ڕێکخستنی نیوان لایەنە سیاسیەکان و دورستکردنی گوتاری هاوبەش، دەشڵێت، "داواشمان کرد لە کاتی بانگەشەدا ئارامی و سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاسایشی هەرێم بپارێزرێت."
ڕۆژی سێشەممە 24ی نۆی 2024 نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی پارێزگای سلێمانی کرد و لەسەرەتای سەردانەکەیدا لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی و یەکە ئیداریەکانی سلێمانیدا کۆبۆوە.
سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم لە کاتێکدایە وا بڕیارە شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە کاتژمێر 12 بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەستپێبکات، ئەوەش دوای ئەوەی سەرلەبەیانی سێشەممە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق 25ی مانگی وەک یەکەم ڕۆژی بانگەشە دەستنیشانکرد.
هەڤاڵ ئەبوبەکرد پارێزگاری سلێمانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" کۆمەڵێک تەوەرمان پێشکەشکرد بۆئەوەی پشتیوانمان بن هەموولایەکمان هاوکار و هەماهەنگ بین لە پێناو گەشتن بە ئەنجامی ئەو داواکاریانەی کە هەیە، لە گرنگترینیان پاراستنی ئارامی و ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتی کۆمەڵایەتی، دواتر باسمان لە بارودۆخی فڕۆکەخانەی سلێمانی کرد، داوامان لە بەڕێزیان کرد کە ڕۆڵی داکۆکیکار ببینێت لە لابردنی ئەو ئابڵوقەیەیە کەلەسەر فڕۆکەخانەی سلێمانی هەیە، ماوەیەکی زۆرە بۆردومانە ئاسمانیەکانی تورکیا زیانێکی زۆری بە هاوڵاتیانی مەدەنی و ماڵەکانیان بەڕەزو باخیان گەیاندووە ڕۆڵی خۆیان لەوەشدا بگیڕن."
وتیشی،" جگە لەوە چەند تەوەرێکی تر تایبەت بە پرسی بازرگانی وپشتگیری شاری سلێمانی و بانگەشەی هەڵبژاردنیشمان تاوتوێ کردن کە پێویستی بە کەشیکیئ سەقامگیر و ئارام و دوور لە تەشهیر و ناوزڕاندن هەیە."
پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بە پشتگیری سەرۆکی هەرێم کرد و ئاماژەشی بەوەدا،" سەرۆکی هەرێم جەختی کردەوە بە باڵێکی شکاوەوە ناتوانین هیچ بکەین بۆیە یەکخستنەوەی نێو ماڵی کوردی بە ئامانجی سەرەکی کاری خۆی دەزانێت و لە هەموو بابەتەکان داکۆکیکار دەبێت و بەدواداچوونیان بۆ دەکات."
زیاتر لە ساڵێکە تورکیا ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانیدا داخستووە بە بیانووی بەکارهێنانی فڕۆکەخانەکە بۆ هاتووچۆی ئەندامانی پەکەکە بە ڕووی دەرەوەدا، هاوکات بەردەوامیش لە ڕێگەی درۆنەوە هێرش دەکاتە سەر ئەو شارە و بەو هۆیەشەوە تەنها لە ئەمساڵدا 12 هاوڵاتی سڤیل گیانیان لەدەستداوە.