ئایا لەو ناوچانەی تورکیا و ئێران ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام دەدەن چۆن بەشداری لە دەنگدان بۆ پەرلەمانی هەرێم دەکەن؟

لەگەڵ ئەوەی بڕیارە ڕۆژی 20ی مانگی 10ی ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێم بەڕێوەبچێت، بەڵام بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی (سی پی تی) بێ، زیاتر لە شەشسەد گوند لە ناوچە سنورییەکانی ئێران و تورکیادا چۆڵکراون بەهۆی ئۆپراسیۆنەکان و دۆخ و باری ئاسایشییەوە، ئەو خەڵکە لە کوێ دەنگدەدەن و ئایا دەنگەکانیان فەرامۆش دەکرێت؟ هێشتا کۆمسیۆنیش لەسەر دەنگی خەڵکی ئەو ناوچانە هیچ ڕونکردنەوەی نەداوە، هەرچەندە ئەو بۆچونەش ئەگەرچی کەمبێت بەڵام هەبووە لەڕابردوو، وە ئێستاش وەک پرسیار هەر هەیە ئەگەر ئۆپراسیۆن و کردەوە سەربازییەکان فراوانتر بن، ئایا هەڵبژاردن بەرێوەدەچێت یاخود کاریگەری چی دەبێت؟

دەپرسین،
کاریگەری وڵاتانی هەرێمی بەتایبەت ئێران و تورکیا لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم چیە و چی دەبێت؟
ئۆپراسیۆنەسەربازییەکان چ کاریگەرییان لەسەر پڕۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردن دەبێت؟ خەڵکی ئەو ناوچانە چۆن وق لەکوێ دەنگ دەدەن؟

ژیار محەمەد، لە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا لەبابەتی ڕۆژدا تاوتوێی کاریگەرییەکانی ئۆپراسیۆنی سەربازیی وڵاتانی ناوچەکە دەکات لە هەرێمی کوردستاندا و هەروەهاش کاریگەرییەکان لەسەر دەنگی دەنگدەرانی ئەو ناوچانە.
بابەتی ڕۆژ، میوانداری ئەم بەڕێزانە دەکات:
پڕۆفیسۆر دکتۆر عوسمان عەلی، سەرۆکی سەنتەری تاسک بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی لە هەولێر.

هەندرێن محەمد، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێم.
هەر لەم بەرنامەیەدا، وتووێژێکی تایبەتمان هەیە لەگەڵ دکتۆر مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری دێرینی کورد، سەبارەت بە بە پرسی هەڵبژاردن و گرنگییەکانی ئەم هەڵبژاردنە و هەروەهاش ڕۆڵ و هەژموونی وڵاتانی ناوچەکە بەسەر هەڵبژاردنەکانەوە.

Your browser doesn’t support HTML5

بابەتی ڕۆژ


پڕۆفیسۆر دکتۆر عوسمان عەلی:
*ئەگەر بەواقیعی سەیری بابەتەکە بکەین نەتورکیا، نەئێران، پێییان خۆش نیە کە قەوارە و کیانێک هەبێت بۆ کورد، ئەمە هیچ گومانی تێدانیە لەڕابردوو ئەمەیان کردووە، وە حەزیش دەکەن باڵانسێک هەبێت لەنێوان پارتی و یەکێتی لەهەردوو زۆنەکە،تا ئەو جیاوازییانەی لە نێوانیان هەیە لەکاتی پێویستدا وەک فشارێک بەرامبەر پارتی، یا یەکێتی بەکاریبهێنن.


*ڕاستە هەڵبژاردن دەسکەوتە بۆ هەرێم چونکە شەرعیەت دەدات بەقەوارەی هەرێم، بۆیە حکومەتی تورکیا و ئێران لەژێر پەردەوە کاریگەرییان هەیە و لەژێرەوە پلان دادەنێن.
*ئێران لەڕێگای گروپە شیعە چەکدارەکانەوە هەوڵدەدات باڵانس بگێڕێتەوە، هەروەک ئەوەی قەیس خەز عەلی پانزە ڕۆژ پێش ئێستا ڕایگەیاند، کە ئێمە هەوڵدەدەین لەڕێگای هاوپەیمانەکەمانەوە کە یەکێتی نیشتمانی کوردستانە جومگەکانی دەسەڵات لەهەرێم وەربگرینەوە.

تورکیا بەهۆی دۆخی ناوخۆی خۆیەوە وەکجاران کاریگەری نیە.
*ئەوەی زۆر بەچالاکی دەبینرێت ئێرانە کە لەپشت پەردە کار لەسەر ئەم هەڵبژاردنە دەکات، هەتا ئێران لەو سەردانانەی چەند سەرکردەی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی هەرێم بۆ ئەو وڵاتە و تەنانەت لەبەغدادیش پێی وتوون هەتا دەتوانن خۆتان لە پارتی نزیک مەکەنەوە تا پارتی نەتوانێت وەکجاران قۆرغی دەسەڵات بکات.

*وڵاتانی هەرێمیی بەتایبەت ئێران، چونکە تورکیا ئێستا سەرقاڵی دۆخی ناوخۆی خۆیەتی، بەڵام ئێران وەک تەڵەیەک لەم هەڵبژاردنەی هەرێم دەڕوانێت تا هەژمونی خۆی لەڕێگای ئەو هێزەی دەیەوێت لەدەسەڵاتی سیاسی هەرێم بۆ داهاتوو زیاتر بچەسپێنێت هەروەک ئاماژەم بەقسەکەی کاک مەسعود کرد لە کۆبونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک مامۆستای ئاینی.

*بەڕاستی بەبۆچونی من کوردستان بەرە قۆناغێکی مەترسیدار دەڕوات و بەرەو ناسەقامگیری دەڕوات،دۆخەکە تێکدانی تێدا دەبێت و مەترسی زیاتر ڕوودەدات،ئەم دوو زۆنیەی اێستا وەک دوو فاکتۆ هەیە ئەگەری زۆر زۆر هەیە ببێتە فەرمی، بۆیە بەرپرسان و کاربەدستانی هەرێم سەرکردەکان، وە هەتا لایەنەئۆپۆزسیۆنەکانیش دەبێت ڕێگەنەدەن پیلانی وڵاتانی هەرێمی جێبەجێ ببێت.

هەندرێن محەمەد:
*پێویستە کۆمسیۆن بەرنامەیەکی هەبێت بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی ئاسایشی ئەو ناوچانەی لەژێر بۆردومان و ئۆپەراسیۆنی وڵاتانی دراوسێن، تاخەڵک بێ بەش نەبێت لەمافی دەنگدان دەنگدان.
*ئەو ئۆپەراسیۆن و بۆردومانانەی دەکرێن پێشمەرگە یا سوپای عێراق نایکەن تا پاشتر ئاگادار بکرێنەوە، بەڵکو لایەنی دەرەکی دەیکات، بۆیە پێویستە کۆمسیۆن هەم هەڵسەنگاندن بۆ ئەو ڕاپۆرتانە بکات وە هەم چارەسەر، چارەسەریش بریتییە لەکردنەوەی بنکەیەکی تایبەت بەدەنگدانی خەڵکی ئەو گوند و شوێنانەی لەژێر بۆردومان و ئۆپراسیۆندان.

*وەک کۆمسیۆنی هەرێم لە هەڵبژاردنەکانی پێشتر، بەوجۆرەمان کردووە، ئێمە لە ٢٠١٤ وەک کۆمسیۆنی هەرێم ئەزمونێکی لەوجۆرەمان هەبوو کەبەهۆی دۆخی ئاسایشیەوە خەڵکی موسڵ و ئەنبار هاتبونە کوردستان لەهەرێم دەنگیان دا، بەڵام ئەمجارە جیاوازە چونکە سیستمی دەنگدان ئەلیکترۆنیە، وەنەمبیستووە کۆمسیۆن هیچ هەڵسەنگاندن و بەدواداچونی بۆ دۆخی ئەو گوند و شوێنانە کردبێت کەدۆخی ئاسایشییان جێگیر نیە، بۆیە دەستخۆشی لەبەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەکەم کە بەڕاستی ئاوڕدانەوەیەکی زیرەکانەیە لەبابەتێکی وا گرنگ کەتەنانەت نەک هیچ میدیایەک بەڵکو نەمبیستووە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەو هەڵسەنگاندنەی کردبێت.

*لەسەردەمی ئێمە وەک کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێم، هیچ دەستێوەردان یا هەوڵی دەستێوەردان لەکاروبارەکانمان نەبووە، ڕەنگە تەنانەت جورئەتیشییان نەکردبێت چونکە تیمەکەمان کەئەنجومەنی کۆمسیارانە هەموویان کە لەمن باشتربوون هیچمان دەستوەردانمان قبوڵ نەکردووە.

*ئەو هەڵبژاردنەی ڕابردوو کەهی پەرلەمانی کوردستان بوو ئێمە وەک کۆمسیۆنی هەرێم ئەنجامماندا وەک ئەنجومەنی کۆمسیۆن ئەوەندە بەباشی و پاکی هەڵبژاردنەکەمان بەڕێوەبرد ئەوەتا ئێستا باجەکەیمان دا ڕێگەیان نەدا ئەم هەڵبژاردنە ئێمە ئەنجامی بدەین،واتە کۆمسیۆنی هەرێم باجی پاکی کارەکانی و پیشەیی بوونی لە هەڵبژاردنی ڕابردوو دەدا کەبەپاکی و پیشێیی کارەکانمان دەکرد، ئەوەتا ڕێگەیان نەدا ئەم هەڵبژاردنەی پەرلەمان ئێمە سەرپەرشتی بکەین.

دکتۆر مەحمود عوسمان:
*نە ئەم هەڵبژاردنە و نە ئەوانەی لە ڕابردوودا کراون هیچ گرنگ نەبوون چونکە کەسی بڕیاربەدەست و یەکەمی حزبەکان خۆیان ناچنە پەرلەمان، ئەوانەی دەچن کادیری پلە سێ و چوارن کەهیچ بڕیار و دەسەڵاتیان بەدەست نیە.
*هەڵبژاردن بکرێت و نەکرێت هج گۆڕانکارییەک لە حاکمیەتی کوردستان ڕوونادات، چونکە پارتی حوکمی زۆنێک دەکات و یەکێتیش هی زۆنێکی تر، ئەو هێزە نوێییانەی دروست بوون هێزی لاوەکین، پارتی و یەکێتی باڵادەستن و هێزی چەکدارییان هەیە ناهێڵن ئەو هێزانە بێنە پێش.


*نفوزی ئێران و تورکیا و کاریگەرییان لەسەر هەرێم هەبووە و هەیە بەردەوامیش زۆری دەکەن، چونکە پەیوەندییان لەگەڵ کەسی یەکەم و بڕیاربەدەستی حزبەکان هەیە.
*پەرلەمان دەزگایەکی لاوەکییە و گرنگی نیە لە هەرێمی کوردستان، بۆیە تورکیا و ئێران بەدروستکردنی کاریگەری بەم هەڵبژاردنەی پەرلەمان زۆر خۆیانی پێوە سەرقاڵ ناکەن و دەستوەردان ناکەن لەم هەڵبژاردنە.

*تورکیا و ئێران نفوزییان هەیە لە هەرێم، تورکیا ڕێککەوتنی ئەمنی هەیە لەگەڵ عێراق پێش ئەوەش و ئێستاش بەناوی پەکەکەوە کوێی بوێ دەچێتە ناوی یا کێی بوێت دەیکوژێت کەسیش قسەناکات، ئێرانیش هەروا ئەوەتا کەمپەکانی کوردانی ڕۆژهەڵات دەگوازنەوە لەم شوێن بۆ ئەو شوێن هیچ کەسیش قسەناکات.