حزبوڵا موشەکی باڵستیکی دەگرێتە تەلئەڤیڤ

حزبوڵای لوبنان موشەکێکی باڵستیکی دەگرێتە شاری تەلئەڤیڤ و ئیسرائیلیش درێژەی داوە بە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر لوبنان.
هێرشەکانی ئیسرائیل پاش ئەو هێرشە بێپێشینەیەی حزبوڵای لوبنان بووە بۆ سەر تەلئەڤیڤ.

تەلئەڤیڤ دەڵێت، هێزی بەرگریی ئاسمانی ئیسرائیل توانیویەتی لە ئاسماندا موشەکەکەی حزبوڵا بتەقێنێتەوە.

ئەمەش یەکەمین جارە، حزبوڵا ڕایبگەیەنێت موشەکی باڵستیکی بەکارهێناوە لەوەتای نزیکەی ساڵێک لەمەوبەرەوە کە شەڕی غەززە دەستیپێکرد پاش هێرشەکەی ڕۆژی 7ی مانگی 10ی ڕابردوو، چەکدارەکانی حەماس کردیانە سەر ئیسرائیل و زیاتر لە 1200 هاووڵاتی ئیسرائیلیان کوشت.

دوای ئەو هێرشە موشەکییەی ڕۆژی چوارشەممەی حزبوڵا، ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر ژمارەیەک پێگە لەناو لوبناندا. پێشتر و هەر لەم هەفتەیەدا هێرشە ئاسمانییەکانی تەلئەڤیڤ بوونەتە مایەی کوژرانی بەلانیکەم 558 کەس لە لوبنان.

وەزارەتی تەندروستی لوبنان، لە ڕاگەیەندراوێکدا لەسەر هێرشە ئاسمانییەکان دەڵێت "لە هێرشە ئاسمانییەکانی ڕۆژی چوارشەممەدا 15 کەس کوژراون لەو ناوچە شاخاویانەی کەوتوونەتە دەوروبەی بارەگاکانی حزبوڵا."

کاربەدەستانی لوبنان دەڵێن، بەهۆی پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەوە، سەدان هەزار کەس لە ناوچەکانی باشور و ڕۆژهەڵاتی لوبنان، زێدی خۆیان جێهێشتووە،هەتا بتوانن خۆیان بپارێزن لەو قەیرانە توندوتیژ ئامێزەی کەوتۆتە نێوان دەوڵەتی جوو و حزبوڵای لوبنان کە ئێران پشتیوانی دەکات.


سەرچاوە: ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پرێس