لە بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنی ڕاستەوخۆی کەناڵی خەبەر تورکدا، بەڕێوبەری پێشووی دەزگای هەواڵگری هێزە سەربازییەکانی تورکیا داوای تیرۆرکردنی سەرۆکی یەکێتی بافڵ تاڵەبانی کرد.
پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (بەدەپە) ڕۆژی پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکی ناڕەزاییدا لێدوانەکەی ئەم بەرپرسەی پێشووی تورکیای بە "بێ ئەخلاقی" وەسفکرد.
ئیسماعیل هاکی پەکین لە نێوان ساڵانی 2007 بۆ 2012 بەرپرسی دەزگای هەواڵگری هێزە سەربازییەکانی تورکیا بوو. لە ئێستادا وەک شێکەرەوەی سەربازی و سیاسی لە ڕاگەیاندنەکانی نزیک لە ئاکەپە دەردەکەوێت.
لە بەرنامەیەکی ڕاستەوخۆی کەناڵی خەبەر تورکدا سەبارەت بە گرژیەکانی ناوچەکە کە ڕۆژی یەکشەممە پەخشکرا، ئیسماعیل هاکی پەکین دەڵێت، "ئەو ڕێککەوتنەی تورکیا لەگەڵ عێراق ئەنجامی دا زۆر گرگنە. پێویستە هەمان شت لەوبەریش [سوریا] ئەنجام بدەین. بەڕێزم، بافڵ تاڵەبانی هەندێک هەنگاو دەنێت. دەتوانیت ناچالاکی بکەیت. ئەگەر پێویستبکات، دەتوانیت تیرۆری بکەیت."
دەشڵێت، "خۆت ئەم کارە ناکەیت، کەسی ترت دەبێت کە ئەنجامی بدات."
لێدوانەکەی ئیسماعیل هاکی پەکین بە فراوانی لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تورکیا بڵاو بووەتەوە و کاردانەوەی کوردانی لێکەوتووەتەوە.
پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (بەدەپە) ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند ئەم لێدوانە "بە توندترین شێوە" شەرمەزار دەکەن.
بەدەپە دەڵێت، "ئەم جۆرە بانگەوازانە بۆ کوشتن تەنها بریتی نییە لە نیشاندانی بێ ئەخلاقی سیاسی، بەڵکو هەوڵێکە بۆ دروستکردنی پشێوی لە هەرێمی کوردستان."
دەشڵێت، "عەقڵی دەوڵەتی [تورکیا] کە دوێنێ هەوڵیدا بە وتنی 'ئەگەر پێویست بکات یەک دوو مووشەک دەتەقێنین و دەڵێین لە سوریاوە تەقێنراوەن' ویستی لە ڕۆژاڤا کۆمەڵکوژییەک بەرپابکات، ئەمڕۆ بەم جۆرە بانگەوازانە ڕاستی خۆی دەردەخات. خەڵکی هەرێمی کوردستان بەرەو هەڵبژاردنێک دەڕۆن کە چارەنووسی خۆیان دیاریبکات و ئەم هەڵبژاردنەش ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ئایندەی داگیرکارییەوە هەیە."
بەدەپە لە بەیاننامەکەیدا ئاکەپە تۆمەتباردەکات بەوەی "لە ڕێگەی هاوپەیمانی و ڕێککەوتنی پیسەوە" دەیەوێت دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بکات.
دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیشەوە کرد لەسەر ئەم پرسە، بەڵام هەتا بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە هەڵوێستیان دەرنەبڕیوە.