داواکارێکی گشتی لە نێویۆرک: سەرۆکی شارەوانی نیویۆرک بەرتیل و دیاری لە کاربەدەستانی تورکیا و کاردارەکان وەرگرتووە

دامیان ویلیامز، داواکاری گشتی ناوچەی باشووری نیویۆرک، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە دۆسیەی گەندەڵی کە لە دژی سەرۆکی شارەوانی نیویۆرک ئێریک ئادەمز تۆمارکراوە، زانیاری وردی سەبارەت بە تۆمەتەکانی ناو تۆمەتبارکردنەکە خستەڕوو.

ویلیامز ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوەکە هێشتا بەردەوامە و ڕەنگە درێژە بکێشێت.

داواکاری گشتی ویلیامز، تۆمەت و پەیوەندییەکانی سەبارەت بە ئادەمز بە وردی ڕوونکردەوە، و وێنەیەکی باڵەخانەیەکی لە مەنهاتن نیشان دا کە کونسوڵخانەی تورکیا و نوێنەرایەتی هەمیشەیی تورکیا لە نەتەوە یەکگرتووەکانی تێدایە.

داواکاری گشتی ویلیامز گوتی ئادەمز یارمەتی کەسی و بەرتیلی لە بەرپرسانی تورکیا و کەسانی بازرگان وەرگرتووە. ویلیامزگوتیشی " لە بەرامبەر ئەو بەرتیلانەدا، ئادەمز هەنگاوی ناوە کە پێدەچێت سوودی بۆ سەرکردەکانی تورکیا هەبێت، لەوانە خێراکردنی پشکنینی سەلامەتی ئاگر لە بینایەکی کونسوڵخانە و بڵاونەکردنەوەی بەیاننامەیەک لە ڕۆژی یادکردنەوەی جینۆسایدی ئەرمەنستان، بەپێی تۆمەتەکە."

داواکاری گشتی ناوچەی باشووری نیویۆرک گوتیشی کە سەرۆکی شارەوانی ئادەمز وای لە بەرپرسانی حکومەتی تورکیا و کەسانی بازرگان کردووە پارەی گەشتە لوکسەکان بدەن بە بەهای زیاتر لە 100 هەزار دۆلار و بە شێوەیەکی نایاسایی پارەیان بەخشیوە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی.

داواکاری گشتی گوتیشی کە ئادەمز "دیاریی بێئەندازەی"ی بەرپرسانی تورکیا و کەسانی بازرگانی لە خەڵک شاردووەتەوە. گوتیشی "سەرۆکی شارەوانی ئادەمز ئەم هاوکاریانەی قبوڵ کردبوو سەرەڕای ئەوەی کە دەیزانی نایاسایین."

لە ڕاگەیاندنەیەکی ویلیامز گوتیشی "ئادەمز تۆماری بەڵگەنامەی ساختەی دروستکردووە بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو یارمەتییە گەشتیارییەی کە داوای کردووە و وەرگیراوە."

"دەستوەردانەکان لە پشکنینی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەکی سەر بە حکومەتی تورکیا لە بەرامبەر بەرژەوەندی بازرگانی".

داواکاری گشتی ویلیامس گوتی، “سەرۆکی شارەوانی ئەرکی ئەوەی لەسەر بوو کە ئەم دیارییانە لە فۆڕمی ساڵانەی ئاشکراکردنی گشتی ڕابگەیەنێت بۆ ئەوەی خەڵک بزانن کێ چی پێبەخشیوە، بەڵام وەک دەڵێین ساڵ لە دوای ساڵ شتەکانی لە تاریکیدا هێشتەوە بە ئاشکرانەکردنی ئەم ئیمتیازاتانە بۆ ڕای گشتی." گوتیشی هەرچەندە بەنهێنی بە دیاری باران کراوە، بەڵام بە ئاشکرا باسی لەوە کردووە کە هیچ دیارییەکم وەرنەگرتووە.

وتیشی: "ئەو گەندەڵییەی لە تۆمەتنامەکەدا باسکراوە، ماوەیەکی زۆرە بەردەوامە، وەک لە تۆمەتەکەدا ئاماژەمان پێکردووە، کارە نایاساییەکانی ئادەمزلە ساڵی 2018 وە دەستیپێکردووە و تا کۆکردنەوەی پارە بۆ هەڵمەتی شارەوانی لە ساڵی 2021 بەردەوام بووە."

ویلیامز ڕایشیگەیاند ئادەمز ئەو هاوکاریانەی قبوڵ کردووە کە لەلایەن زۆرێک لە کەسانی بازرگانی تورکیاوە پێشکەش کراون، کە هەندێکیانی لە تورکیا ناسیوە "ئادەمز دەیزانی کە ئەم کەسە دەوڵەمەندانە ناتوانن بە شێوەیەکی یاسایی بەخشین بکەن بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا. یاسای فیدراڵی بەڕوونی بەخشینی خەڵکی بیانی قەدەغە دەکات. ئادەمز ستافەکەی ئاڕاستە کردووە کە بەدوای ئەم پارە نایاساییەدا بگەڕێن بۆ پشتگیریکردن لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی شارەوانی و وەک ئێمە ڕایدەگەیەنین دەکەین، ئادەمز تا ساڵی 2021 بە نهێنی بەردەوام بوو لە وەرگرتنی پارەی بیانی. ئەمەش بە یەکەم هەڵمەتی سەرۆکایەتی شارەوانی کۆتایی نەهات؛" وتیشی "لە ساڵی 2023، سەرۆکی شارەوانی ئەم پەیوەندییە گەندەڵانەیەی زیندووکردەوە و داوای بەشداریکردنی زیاتری نایاسایی لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی لە هەندێک لە هەمان سەرچاوە بیانییەکان کرد بۆ پشتگیریکردن لە هەڵمەتی دووبارە هەڵبژاردنەوەی."

"ئادەمز بە خواستی خۆی هاوکارییەکانی ئەو تورکانەی وەرگرتووە کە دەیانویست کاریگەری لەسەر دروست بکەن".

داواکاری گشتی ویلیامز وەرگرتنی هاوکاری لە کەسانی بازرگانی تورکیا لەلایەن ئادەمزەوە یاساکانی تریشی پێشێل کردووە.

"وەک دەڵێین، هاوکاری زۆر لەوە زیاتری لەبازرگانەکان وەرگرتووە کە یاسا ڕێگەی پێدەدات.هەروەها داوای پارە بەخشینی لەو کۆمپانیایانە کردووەکە ڕێگەیان پێنەدراوە بە هیچ شێوەیەک پارە ببەخشن بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی نیویۆرک. ئادەمز بە هەمان شێوە هەموو ئەو بەخشینە نایاساییانەی شاردەوە کە وەریگرتبوو. ئادەمز یاسای شکاند بە وەرگرتنی بەخشینەکان بە وردی لەو سەرچاوانەی کە یاسا قەدەغەی کردوون لە پێناو ئەوەی بۆ هەڵمەتەکانی سەرۆکایەتی شارەوانییەکەی سودیان لێ وەربگرێت."

"سەرۆکی شارەوانی هێڵی سووری بەزاندووە"

داواکاری گشتی ویلیامز ئاماژەی بەوەشکرد، دەیەوێت سێ شت لەسەر ئەو تۆمەتانە ڕوونبکاتەوە و دەڵێت "یەکەم ئەو ڕەفتارانەی کە لە تۆمەتی تۆمەتبارکردنەکەدا باسکراوە، پارەی بیانی، پارەی کۆمپانیاکان، بەرتیلوەرگرتن و بەرتیلدان، ساڵانێک شاردنەوە، پێشێلکارییەکی ڕژدە بۆ متمانەی گشتی. ئێمە دەڵێین کە سەرۆکی شارەوانی ئادەمز دەسەڵاتی خراپ بەکارهێناوە و یاساکانی شکاندووە." گوتیشی "ئەمانە هێڵی سوورن."

بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، کارمەندانی FBI چوونەتە ناو شوێنی نیشتەجێبوونی فەرمی سەرۆکی شارەوانی نیویۆرک ئێرک ئادەمز و دەستیان بەسەر مۆبایلەکەیدا گرت، چەند کاتژمێرێک پێش ئەوەی تۆمەتەکە ئاشکرا بکرێت.

جێگری بەڕێوەبەری ئێف بی ئای لە نیویۆرک، جەیمس دێنیهی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "ئەمڕۆ بە توندی ئەوە بیردەخەینەوە کە کەس لە سەرووی یاساوە نییە."

گوتیشی "تۆمەتبارکردنی ئەمڕۆ پەیامێکی بەهێز دەنێرێت بۆ هەموو بەرپرسێکی هەڵبژێردراوی ئەم وڵاتە. خزمەتکردنی گشتی بەرپرسیارێتییەکی قووڵە و پێویستە بەرپرسیارێتییەکی بەرز بێت. کاتێک بە تەماح و ناپاکی چەواشە دەکرێت، متمانەمان تێکدەدات. ئەمە ڕێککەوتنێکە لە نێوان سەرکردەکان و کۆمەڵگاکانیان کە لەسەر بنەمای متمانە و لێپرسینەوە و شەفافیەت بنیات نراوە. کاتێک ئەو ڕێککەوتنە تێکدەچێت، دەرئەنجامەکانی زۆر زیاتر لە ئۆفیسێک یان خولێکی هەڵبژاردنە. دەزانین هەموو سەرکردەکان گەندەڵ نین. ئێمە دەزانین کە بەرپرسانی گشتی بێشومار هەن کە هەموو ڕۆژێک بە مەبەستی ئەنجامدانی کارێکی دروست بۆ دەنگدەرەکانیان لە خەو هەڵدەستن."

سەرچاوە: ڕاپۆرتی جان کەمیلئۆغڵو- دەنگی ئەمەریکا، بەشێک لە زانیارییەکانیش لە ئاژانسی ئەی پی و ڕۆیتەرز وەرگیراوە.