سەرەڕای ناکۆکیە ناوخۆییەکان و داخستنی دەرگای گردەکە، ڕێکخەری گشتی گۆڕان گۆڕدرا

سەرەڕای ناکۆکی قوڵی ناوخۆیی بزووتنەوەکە و داخستنی دەرگای گردەکە بەڕووی گۆڕانخوازاندا، بەڵام ئەمڕۆ ڕێوڕەسمی ڕادەستکردنی دەسەڵاتەکانی ڕیکخەری گشتی گۆڕان ڕێکخراو دەسەڵاتەکانی ڕێکخەر لە عومەری سەید عەلیەوە درا بە دانای ئەحمەد مەجید.

وا بڕیاربوو ڕۆژی پێنج شەممە 26ی مانگی نۆ مەراسیمێک لە گردەکەی گۆڕان لە شاری سلێمانی ڕێکبخرێت و تێیدا وێڕای ڕێزگرتن لە عومەری سەید عەلی ئاڵوگۆڕی دڕێکخەری گشتیش ئەنجام بدرێت و دانای ئەحمەد مەجید بکرێتە ڕێکخەری بزووتنەوەکە، بەڵام ناکۆکی لە نێو بزووتنەوەکە دروست بوو، بەشێک لە ئەندامانی جڤاتی گشتی و کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا ڕێگربوون لە بەڕێوەچوونی مەراسیمەکە تا کار گەشتە ئەوەی دوێنێ 27ی مانگ دەرگای گردەکە بە ڕووی گۆڕانخوازاندا داخرا.

هەر دوێنێ لە دوو بڵاوکراوەی دوا بەدوای یەکیشدا بەناوی بەشێک لە ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی و کوڕەکانی نەوشیروان مستەفاوە، داخستنی گردەکەیان گەڕاندەوە بۆ "دروستنەبوونی گرژی و هێوربوونەوەی دۆخەکە."، وێرای ئەوەی بەشێک لە ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی ڕایانگەیاند،" گۆڕینی ڕێكخەر بە وەکالەت لە دەرەوەی پەیڕەوەی ناوخۆی حزبەکەیە و دەبێت بە ڕای زۆرینەی جڤات بێت."

بەڵام ئەمڕۆ 28ی مانگی نۆ ناڕازیەکانی داخستنی گردەکە و مەراسیمەکەیان لە دەرەوەی گردەکە و لە هۆڵیک لە پارکی ئازادی ڕێکخست و سوور بوون لەسەر گۆڕینی ڕیکخەری گشتی، لە مەراسیمەکەدا عومەری سەید عەلی دەسەڵاتەکانی خۆی ڕادەستی دانای ئەحمەد مەجید کرد.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیشدا وتەبێژی بزووتنەوەکە ڕایگەیان،" کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بەنوسراوی فەرمی ئەو دەرفەتەی بەبزوتنەوەی گۆڕاندا کە کەسی یەکەمی بزوتنەوەکە، عومەری سەید عەلی بەوەکالەتنامەیەک متمانە ببەخشێت بەکەسێکی جێگەی متمانە بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی ڕێکخەری گشتی، بۆ ئەوەی گۆڕان بتوانێت بەشداری هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکات."

سەبارەت بە داخستنی دەرگای گردەکە بە ڕووی ئەندام و لایەنگارنیشیاندا وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند،" گردەکە موڵکی گشتیە و هیچ کاتێک نابێتە موڵکی تایبەتی و موڵکی کەس، بۆیە هەر کەسێک هۆکاری داخستنی دەرگای مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان بێت بەڕوی هاوڕێکانی نەوشیروان مستەفا، بڕیارێکی هەڵەی داوە."

وتیشی،" ئەو گۆڕانکارییانەی کراون لە ناوخۆی حزبەکەدا بۆ بەهێزکردنەوەی بزوتنەوەی گۆڕانە و گۆڕان بەئایدۆلۆژیایەکی نوێوە دەگەڕێتەوە گۆڕەپانی سیاسی."

لە میانی کۆنگرەکەدا ئاماژەشی بەوەدا،"ڕاستە بزوتنەوەی گۆڕان هەڵەی‌ کردووە، بەڵام خیانەتی نەکردووە."