یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان خۆی بە ڕکابەری پارتی دیموکراتی کوردستان دەزانێت، لەکاتێکدا بەرپرسانی پارتی ڕەتیدەکەنەوە هیچ هێزێک بە ڕکابەری خۆیان بزانن.
لە هەڵبژاردنەکانی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان، یەکێتی زیاتر سەرقاڵی ململانێی بزووتنەوەی گۆڕان و دواتر نەوەی نوێ بوو، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا گوتاری سیاسی بۆ ڕکابەری پارتی گۆڕیووە.
دروشمی یەکێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان "کۆتایی پێ دەهێنین"ە، وەکو ئاماژەیەک بۆ گێڕانەوەی هاوسەنگی و ڕکابەری کردنی پارتی، ئەمەش وایکردووە ململانێی توند لە نێوان ئەو دوو حزبە دروست ببێت.
شێرکۆ میروەیس، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"یەکێتی لە ڕابردوودا بە هۆی کێشەی ناوخۆیی و دواتریش جیابوونەوەی بزووتنەوەی گۆڕان توشی جۆرێک لە سستمی بووبوو، ڕکابەرەکەمان ئەمەی وەکو دەرفەت قۆستبوویەوەو بووبووە هۆی دروستبوونی ناهاوسەنگی."
دەشڵێت،"لە دوای هەشتی تەمموز، یەکێتی پەرتەوازەیی تێپەڕاندووەو خاوەنی یەک بڕیارە لە زاخۆوە تا خانەقین، بۆیە ئێستا یەکێتی ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆی دەگێڕێت و هێزەکانی تری تێپەڕاندووەو دەیەوێت هاوسەنگی بۆ گۆڕەپانی سیاسی کوردستان بگێڕێتەوە."
لە هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، پارتی 45 کورسی و یەکێتی 22 کورسییان لە کۆی 111 کورسی پەرلەمانی کوردستان هەبوو، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا ژمارەی کورسییەکان بۆ 100 کورسی کەمکراوەتەوەو 5 کورسیشیان بۆ پێکهاتەکان دانراوە.
بەرپرسانی پارتی بانگەشەی بەدەستهێنانی نزیکەی چل کورسی لە کۆی 95 کورسی پەرلەمان دەکەن، لەکاتێکدا بەرپرسانی یەکێتی جەخت دەکەنەوە لەوەی ژمارەی کورسییەکانیان لە ژمارەی کورسییەکانی پارتی زۆر کەمتر نابێت.
وریا عەلی، کادیری پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"لە ڕابردوودا سەلماندوومانەو ئەمجارەش دەیسەلمێنین کە لیستی یەکەم و براوەی هەڵبژاردن دەبین. هیچ لایەنێک بە ڕکابەری خۆمان نازانین بەڵام بڕوامان بە فرە لیستی و فرە حزبی و پرۆسەی دیموکراسی هەیە."
هەروەها وتیشی،"هیچ حزبێک بە ڕکابەری خۆمان نازانین، بەڵام ڕێز لە ڕای لیست و قەوارەکەشیان دەگرین."
کێشمەکێشی نێوان یەکێتی و پارتی لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گەیشتووەتە ئاستی هێرشی چڕ بۆ سەر یەکتری، ئەمەش وایکردووە درزی نێوانیان قوڵتر ببێتەوە.
پێشبینی دەکرێت ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی بۆ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان درێژەی هەبێت، بەجۆرێک پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان ئەستەم و زەحمەت بکات،بەو پێیەی پارتی خواستی پارێزگاریکردنی لە دەسەڵاتەکانی و یەکێتیش خواستی وەرگرتنی دەسەڵاتی زیاتری هەیە.
چاودێرێکی سیاسی پێیوایە، سەرباری دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن و ئامادەکاری لایەنەکان بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی هەڵبژاردن، بەڵام هێشتا مەترسی ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن لە ئارادایە بەهۆی ئەگەری دروستبوونی ئاڵۆزییەوە.
عومەر محەمەد، چاودێریی سیاسی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"گەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا، پێناچێت جیاوازی نێوان یەکێتی و پارتی لەڕووی ژمارەی کورسییەوە زۆر بێت و ڕەنگە دە کورسییەک جیاوازی هەبێت، ئەمەش بە دەستوەردانی ئیقلیمی."
ئەو دەڵێت،"پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو زۆر قورس دەبێت، چونکە پارتی مەسرور بارزانی بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕادەسپێرێتەوەو یەکێتیش بە مەرجی سەرۆکی هەرێم یاخود پۆستی تری باڵا ئەمە قەبوڵ دەکات. بۆیە ڕۆڵی ئیقلیمی لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو زۆر دەبێت و پێکهێنانی قورس دەبێت."
دوای پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک و نەینەواو بەشداریکردنی یەکێتی بە بێ پارتی، ناکۆکی نێوان ئەو دوو حزبە گەیشتووەتە ئاستی ترازان، بە جۆرێک پێشبینی دەکرێت بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێم پارتی هەوڵی ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنی ترو جێهێشتنی پۆست بۆ یەکێتی و حساب بۆ نەکردنی بدات.
Your browser doesn’t support HTML5