لێکۆڵینەیەک: توندڕەوی ئاینی پەیوەندی بە تێکچوونی چەند تۆڕێکی مێشکەوە هەیە

لێکۆڵینەوەیەکی زانستی لە ئەمەریکا دەڵێت دەرکەوتووە تێکچوونی هەندێک لە تۆڕەکانی مێشک ڕاستەوخۆ پەیوەندی هەیە بە سەرهەڵدانی توندڕەوی ئاینی و بناژۆخوازی (فەندەمێنتاڵیزم) لە بیرکردنەوەدا.

لێکۆڵینەوەکە لە لایەن تیمێکی 14 کەسی، کە پێکهاتون لە شارەزای دەمارەخانە و مێشک و سایکۆلۆژیا و مێژوو لە چەند زانکۆیەیکی ئەمەریکا، ئەنجامدراوە.

دەڵێن دەرکەوتووە کە تێکچوونی تۆڕەکان بە تایبەت لە بەشی لای ڕاستی مێشک دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی بیری توندڕەوی ئاینی.

مایکڵ فێرگەسن، مامۆستای دەمارناسی لە سکوڵی پزیشکی زانکۆی هارڤارد و یەکێک لە ئەندامە سەرەکییەکانی لێکۆڵینەوەکە، دەڵێت، "سەرنجی سەرەکی من لەسەر ئەزموونی عیرفانییە. بەڵام لە کاتی پرۆسەی لێکۆڵینەوە لە زانستی دەمارناسی و پەیوەندی بە ئەزموونی عیرفانیییەوە، ڕووبەڕوو هاتم لەگەڵ پەیوەندی نێوان تۆڕەکانی مێشک و توندڕەوەی و بناژۆخوازی ئایینی."

لێکۆڵەران دەڵێن توندڕەوی ئاینی و بناژۆخوازی لە کەسەکاندا دەبێتە هۆی زیادکردنی مەیلی پاوانخوازی و کەمکردنەوەی توانستی گومانکردن و بیرکردنەوەی سەربەخۆی ئاڵۆز. لێکۆڵەران بۆ تێگەیشتن لە هۆکارەکانی ئەم توندڕەوییە لە ڕابردوودا پشتیانبەستووە بە هۆکارە کۆمەڵایەتی و ژینگەییەکانی وەکو خێزان و کلتور و کۆمەڵگە. بەڵام لە چەند ساڵی ڕابردوودا شارەزایان سەرنجی زیاتریان چووە بۆ سەر ڕۆڵی پاڵنەرە بایۆلۆژیەکانیش.

لە دوایین هەوڵدا تیمە 14 کەسییەکەی زانکۆی هارڤارد، زانکۆی ئایاوا، زانکۆی بەیلەر لە تەکساس، زانکۆی بۆستن و چەند زانکۆیەکی تر لێکۆڵینەوەیان کردووە لەسەر 106 کەس لە ڕەگەزی نێر کە بەهۆی شەڕی ئەمەریکا لە ڤیەتنام بەشێکی دەمارەکانی مێشکیان تێکچووە. هەروەها گروپێکی تری لێکۆڵینەوەکەیان پێکهاتووە لە 84 کەس لە ڕەگەزی نێر و مێ کە بە چەند هۆکارێکی وەکو جەڵدەی مێشک و نەشتەرگەری و پێکانی ڕاستەوخۆ مێشکیان ئازاری پێگەیشتووە.

بەشداربووانی لێکۆڵینەوەکە ڕووبەڕووی چەند پرسیارێک کراونەتەوە سەبارەت بە ئاین و بیروباوەڕ، وە لە کاتی وەڵامدانەوەدا لە ڕێگەی سی تی سکان و ئێم ئاڕ ئای چاودێری نەخشەسازی تۆڕەکانی مێشکیان بۆکراوە.

توێژەران دەڵێن لە ئەنجامدا بۆیان دەرکەوتووە ئەو بەشداربووانەی چەند تۆڕێکی مێشکیان توشی زیان هاتووە، بە تایبەت لە بەشی ڕاستی مێشک، بیروباوەڕی توندڕەوی ئاینییان زیاتر بوو. بە پێچەوانەوە، ئەو بەشداربووانەی تۆڕەکانی لای چەپی مێشکیان ڕووبەڕووی زیان بووەتەوە کەمتر توندڕەوی ئاینییان هەبووە.

ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە لە ژۆرناڵی بەڵگەنامەکانی ئەکادیمیای نیشتمانی زانستەکان لە ئەمەریکا بڵاوکراوەتەوە.