گەورە بەرپرسێکی جەهەپە : شەرمەزارییە بۆ تورکیا ڕێگە نەدرێت کورد بە زمانی دایک بخوێنێت

گەورە کاربەدەستێکی پارتی گەلی کۆماریی "جەهەپە" لە دانیشتنێکی داخراودا لە ئەمەریکا، بە ڕاشکاویی باسی لە هەڵوێست و سیاسەتی لایەنەکەی خۆی دەکرد ئەگەر هاتوو لە هەڵبژاردنی داهاتووی تورکیادا جەهەپە سەرکەوتن بە دەستبێنێت و ببێتە فەرمانڕەوای تورکیا.

ئەو بەرپرسەی کە ناوەکەی لای دەنگی ئەمەریکا پارێزراوە، باسی لە چارەسەرکردنی کێشەی کورد و پەیوەندییەکانی پارتەکەی لەگەل کورددا کرد.

جەهەپە و کورد

کێشەی کورد لە تورکیادا یەکێکە لە کێشە هەرە ئاڵۆزەکانی ئەو وڵاتە و ڕیشەی ئەو کێشەیە هەر تەنها لەگەڵ دەوڵەت و حکومەتی تورکیادا نییە، بەڵکو ڕۆچۆتە ناو کۆمەڵگەشەوە. جەهەپە وەک گەورە کاربەدەستەکەی باسی کرد "ئێمە لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەی کوردداین، جەهەپە پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ نوێنەرانی کورددا هەیە لە پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان، ناسراو بە پارتی دەم، جەهەپە داوای ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاشی کردووە، دژی لادانی شارەوانە کوردەکانە و داکۆکیشیان لێدەکەین، لەگەڵ مافی کوردداین و بەڕاستیش جێی شەرمەزارییە لە تورکیادا کورد مافی خوێندنی نەبێت بە زمانی دایک."

کورد لە تورکیادا یارمەتیدەرێکی گەورەی جەهەپە بوون بۆ سەرکەوتنەکانیان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا. بەلای جەهەپەوە "پارتی کرێکارانی کوردستان، ڕێکخراوێکی تێرۆریستە و لەودیو سنورەکانەوە بۆتە مەترسی بۆسەر ئاسایشی نیشتمانی تورکیا، پێموانییە ئەم ڕوانینەی جەهەپە بە زوویی بگۆڕدرێت."
ئەم گەورە کاربەدەستەی جەهەپە، باسی لە هیچ بەڵگەیەک نەکرد سەبارەت بەوەی پەکەکە، لەودیو سنورەوە، مەترسیی لەسەر ئاسایشی نیشتمانی تورکیا دروست کردووە و دەشڵێت "ئەگەر لە تورکیادا دەسەڵات بگرینە دەست، ئەوا ئەو هێزانەی تورکیا کە لە هەرێمی کوردستان و باکوری عێراقیشدان، دەگێڕینەوە بۆ ناو تورکیا، بوونی ئەو هێزانە لەو ناوچانەدا، زیانێکی زۆری لە ئابوری تورکیا داوە."

شاندێکی جەهەپە، وەک لەو دانیشتنە داخراوەدا ئاماژەی پێکرد، بە نیازە لە ئایندەیەکی نزیکدا سەردانی بەغدا بکات و یەکێک لە تەوەرەکانی وتووێژەکان لەگەڵ حکومەتی نێوەندیی عێراقدا دۆسێی "ئاسایشی سنور" دەبێت.

جەهەپە و سوریا

گەورە کاربەدەستەکەی جەهەپە لەسەر دۆسێی سوریا دەڵێت "ئەوەی حکومەتی ئێستای تورکیا دەیکات، هەڵەیە و ئێمە پێویستمان بە ناردنی هێزی سەربازیی نییە بۆ سوریا، هێزە سەربازییەکانی تورکیا لە چواردەوری شاری ئیدلب بارگەیان داناوە، ئەمەش لای ئێمە وەک ئەوەیە پارێزگاریی لە توندڕەوانی جەبهەتولنوسرە بکەن و ئەو ڕێکخراوەش تورکیا بەکاردەهێنێت بۆ پارێزراوی خۆی."

ئاوارە سوریاییەکانی لە تورکیان، بووەتە بابەتێکی هەستیار لەناو کۆمەڵگەی تورکیادا و ڕۆژانەش کێشە لە نێوان هاوڵاتیانی تورکیایی و ئەو ئاوارانەدا دروست دەبێت. گەورە کاربەدەستەکەی جەهەپە دەڵێت "ئەو هەموو ئاوارەیەی سوریا لە تورکیادان، هەروا بە سادەیی ناکرێت پاش دە ساڵ لە نیشتەجێبوونیان پێیان بگوترێت بگەڕێنەوە، هەندێکیان کاردارییان هەن، هەندێکیان ژیانی هاوسەرییان پێکهێناوە، ئاسان نییە پێیان بگوترێت دەی دەبێت بڕۆنەوە."
سەبارەت بە ئەزمونی کورد لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریادا، کاربەدەستە باڵاکەی جەهەپە دەڵێت "ناتوانم بە ڕاشکاوانە لەسەر پەیەدە قسە بکەم، لەبەر هەندێک هەلومەرجی ناوخۆیی تورکیا و زاڵبوونی هەستی نەتەوەیی لەناو کۆمەڵگەدا، بەڵام بە ڕاشکاوانە دەڵێم، جەهەپە لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکادا نییە لە سوریادا و مانەوەی ئەو هێزانە بۆ ئایندە گرنگە، چونکە سوریا لە ئێستادا وڵاتێکی لاوازە."

ئەگەرچی لێدوانەکان بۆ بڵاوکردنەوە نەبوون، بەڵام داوام لە ڕێکخەرانی ئەو دانیشتنە یەک کاتژمێرییە کرد، ئەگەر ڕێگەپێدراو بێت، دەمەوێت بەبێ ناوهێنان، بەشێک لەو زانیاریانەی باسکران، لە ڕاپۆرتێکی نوسراودا ئاماژەیان پێبکەم؛ داواکەیان پەسەند کرد.

جەهەپە و یەکێتی ئەوروپا

ئەم کاربەدەستە باڵایەی جەهەپە، دەخوازێت وڵاتەکەی کاری زیاتر بکات لەسەر دۆسێی ئەندامێتی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپادا و ئاگاهیش دەدات "ئەگەر تورکیا نەبێتە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپادا، ئەوا زۆرێک لە ئەکادیمیست و پسپۆڕان و شارەزایان و خوێندەواران و گەنجانی تورکیا وڵات جێدەهێڵن و ڕوو لە یەکێک لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەکەن، چونکە تورکیا بە وڵاتێکی باش نازانن بۆ ژیانکردن و پەروەردەی منداڵیش."

جەختیش دەکاتەوە لەوەی دەبێت تورکیا هەنگاوی ئەرێنی بنێت بۆ چاکسازیکردن لە هەموو بوارەکاندا بەپێی یاسا و ڕێساکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ مسۆگەرکردنی ئەو ئەندامێتییەی دەمێک ساڵە ئانکەرە داوای دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی ئەو ڕێکخراوە نێونەتەوەییانەی داکۆکی لە مافەکان و ئازادییە سیڤیلییەکان دەکەن، لەوانە ڕێکخراوی نێونەتەوەیی مافەکانی مرۆڤ، لێبوردنی نێونەتەوەیی، کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان و چەندانی تریش، وەها ئاماژە بە تورکیا دەکەن کە وڵاتێکە بۆ زیندانیکردنی دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکان و پێشێلکردنێکی بەرچاوی مافەکانی مرۆڤیشی تیادا دەکرێت. ئەمانە لە ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاشدا ئاماژەیان پێکراوە. پاراستنی شکۆی مرۆڤ و ئازادییەکان بابەتگەلێکی چەسپاون و بە یەکێک لە پرەنسیپە سەرەکییەکانیش دادەنرێت لە یەکێتی ئەوروپادا.

جەهەپە و سیاسەتی دەرەوەیی:

گەورە کاربەدەستەکەی جەهەپە دەڵێت "سیاسەتی دەرەوەیی جەهەپە تا ئێستا لەسەر 3 بنەما دادەڕێژین، ئەوروپا و سوریا و هەڵوەشاندنەوەیەکی تەواوەتی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا و سەرلە نوێ دامەزراندنەوەی ئەو وەزارەتە لەسەر بنەمای ئەو سیاسەتە دەرەوەییەی وڵاتێکی گەورە و گرنگی وەک تورکیا پێویستییەتی. ئەوەی تا ئێستا لە سیاسەتی دەرەوەیی تورکیادا کراوە بێجگە لە کێشە و ئاڵۆزیی هیچ بەرەنجامێکی ئەرێنی نەبووە بۆ تورکیا."

وەک ئاماژەیەک بە خواستی ڕەجەب تەیب ئەرۆغان، کە دەگوترێت دەیەوێت تورکیا بکاتەوە بە ئیمپراتۆریەتی عوسمانلی، ئەم گەورە کاربەدەستەی جەهەپە جەخت دەکاتەوە لەوەی وەک دەڵێت "ئێمە هەرگیز نامانەوێت و ئێمە ناگەڕێینەوە بۆ سەروەختی ئەو ئیمپراتۆریەتە، چونکە جەهەپە سەپاندنی هەژموونی ناوێت، تورکیا وڵاتێکی پیشەسازییە، خاوەنی هێزێکی گەورەیە و بە هەشتەمین دادەنرێت لە ڕیزبەندیی وڵاتانی جیهاندا، لە زۆر ڕووەوە تورکیا دەتوانێت یارمەتیدەر و هاوکار بێت بۆ وڵاتانی تر لە ناوچەکەدا و لە جیهانیشدا، نەک وڵاتێکی خۆ سەپێن بێت. ئەردۆغان، بەهێزیی تورکیا بەکاردەهێنێت لە سیاسەتەکانیدا، نەک پێداویستییەکانی تورکیا؛ جێی داخە ئەو هێزەی تورکیا بەکارنەهێنراوە بۆ بە دامەزراوەیی کردنی پەیوەندییەکان."

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا پەیوەندی هەیە لەگەڵ ڕوسیای ڤلادمیر پوتندا و تەنانەت سیستەمی بەرگری موشەکیی لە مۆسکۆ کڕیوە و ئەو سزایانەش کە سەپێندراونەتە سەر ڕوسیا، جێبەجێیان ناکات.
گەورە کاربەدەستەکەی جەهەپە، دەڵێت پەیوەندی لەگەڵ ڕوسیادا بەو شێوەیە نابێت کە ئەردۆغان دەیکات "ڕوسیا وڵاتێکی گرنگە بۆ تورکیا، جا پوتن لە کرملن بێت یان نەبێت، هیچ شتێک لە گرنگیی ڕوسیا کەم و زیاد ناکات وەک وڵاتێکی دراوسێی تورکیا، بەڵام زۆر گرنگە هەموو پەیوەندییەکان لەگەڵ مۆسکۆدا بە دامەزراوەیی بکرێن و بەرژەوەندی هاوبەش ڕەچاو بکرێت، نەک ئەوەی پەیوەندییەک بێت لەسەر بنچینەی دەسەڵاتدار و بێدەسەڵات. تورکیا ئەندامی ناتۆیە و دەبێت وەک ئەندامی ناتۆ هەڵسوکەوت بکەین و هەڵوێستیشمان ناتۆییانە بێت، بەڵام ئەندامێکی ناتۆ دوو جار کۆبوونەوە بکات لەگەڵ ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی ڕوسیادا، هەر بەڕاستی زۆر زۆرە."
لە ساڵی 2014 و هەروەهاش لە ساڵی 2022دا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئێستای تورکیا لەگەڵ پوتندا کۆبۆتەوە.

سەبارەت بە دەستێوەردانەکانی تورکیا لە کاروباری وڵاتاندا، بەرپرسە باڵاکەی جەهەپە دەڵێت "ئەو دەستێوەردانانەی حکومەتەکەی پارتی داد و گەشەپێدان دەیانکات هیچ شتێکی بۆ تورکیا دەستەبەر نەکردووە، بە پێچەوانەوە زیانیان لە ناوبانگ و ئابوری تورکیا داوە."

جەهەپە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیادا توانی سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستبێنێت، سەرکەوتنەکە بە ئەندازەیەک گەورە بوو کە دەکرێت بگوترێت زۆربەی هەرە زۆری شارەوانەکان لە شار و شارۆچکە و ناوچەکانی تورکیادا کەوتنە دەست نوێنەرانی جەهەپە و ئەمەش وەک گورزێکی بەهێز بوو لە پارتی داد و گەشەپێدان "ئاکەپە" کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکایەتی دەکات.

بەپێی ئەنجامەکانی ڕا وەرگرتنە گشتییەکانیش، هێشتا جەهەپە لە پێشەنگدایە.