بەهۆی ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە گەشتە ئاسمانییەکان بۆ لوبنان، ئیسرائیل و ئێران ڕادەگیرێن

هێڵە ئاسمانییە باڵاکانی ئەوروپا، لوفتانزا، کەی ئێڵ ئێم و سویس ڕۆژی سێشەممە ڕایانگەیاند کە ماوەی ڕاگرتنی گەشتەکانیان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست درێژ دەکەنەوە، لە کاتێکدا گرژییەکان لە سەرانسەری ناوچەکەدا پەرەی سەندووە.

ئەم هەنگاوانە لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر بەیروت دەستپێدەکات و بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپیش هۆشداری داوە کە ئێران ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی هێرشی مووشەکی بالیستی دژی ئیسرائیل.

ئێلڤیرا ڤان دێر ڤیس، وتەبێژی کۆمپانیای KLM بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، " بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ناوچەکە" تا کۆتایی ئەمساڵ ڕاگرتنی گەشتەکانی بۆ تەلئەڤیڤ درێژکردووەتەوە، کە ڕۆژی جارێک ئەو گەشتە هەبووە.

ئەو هێڵە ئاسماییە هۆڵەندییە پێشتر لە مانگی هەشتدا ڕایگەیاندبوو کە گەشتەکانی بۆ ئیسرائیل تا 26ی ئۆکتۆبەر ڕادەگیرێن.

سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشممە، گروپی هێڵی ئاسمانی ئەڵمانی لوفتانزا ڕایگەیاند، گەشتەکانی بۆ بەیروت تا 30 مانگی 11 ڕادەگیرێت.

گەشتەکانی هێڵی لوفتانزا بۆ تەلئەڤیڤ هەتا 31ی ئۆکتۆبەر ڕاگیراوە و گەشتەکانی بۆ تارانیش هەتا 14ی ئۆکتۆبەر.

ئەو هێڵە دەڵێت "دڵگرانین بەو ناڕەحەتیەی بەسەر سەرنشینەکانماندا هاتووە".

گروپی لوفتانزا، کە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی بریتین لە هێڵی ئاسمانی نێودەوڵەتی سویسرا، هێڵی ئاسمانی نەمسا و هێڵی ئاسمانی برۆکسل، لە چەند مانگی ڕابردوودا چەندین جار دەستکاری خشتەی گەشتەکانی کردووە بەهۆی بەرزبوونەوەی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها هێڵە ئاسمانییەکانی دیکەش.

ئەمەش لە کاتێکدایە، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێرشێکی زەمینییان بۆ سەر لوبنان دەستپێکردووە، ئەمەش دوای هەفتەیەک لە هێرشە ئاسمانییە چڕەکان کە سەدان کەسی کوشتووە، ململانێکان زیاتر پەرەی سەندووە.

لەلایەکی دیکەوە بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، ئەمەریکا زانیاری هەیە کە ئێران ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی هێرشی مووشەکی دژی ئیسرائیل " لە کاتێکی نزیکدا."

ئەو بەرپرسە وتیشی، ئێمە بە شێوەیەکی چالاکانە پاڵپشتی ئامادەکارییە بەرگرییەکان دەکەین بۆ بەرگریکردن لە ئیسرائیل لە بەرامبەر ئەم هێرشە، هۆشداریشیدا لەوەی کە کردەوەیەکی لەو شێوەیە "دەرئەنجامی سەخت بۆ ئێران بەدوای خۆیدا دەهێنێت".

سەرچاوە: فرانس پرێس