پۆلیسی دانیمارک و سوید ڕۆژی چوارشەممە ڕایانگەیاند کە لێکۆڵینەوە لە تەقینەوە و تەقەکردن لە دەوروبەری باڵیۆزخانەکانی ئیسرائیل لە پایتەختەکانیان دەکەن لە کاتێکدا گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرەی سەندووە.
لە دانیمارک، پۆلیس ڕایگەیاند، سێ هاووڵاتی سویدی دەستگیرکراون، دوای ئەوەی سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممەدا دوو تەقینەوە " زۆر لە نزیک" باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە کۆپنهاگن ڕاگەیەندرا.
سویدیش ڕایگەیاند کە باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە ستۆکۆڵم کەمێک پێش کاتژمێر شەشی ئێوارە بە کاتی ناوخۆیی ڕۆژی سێشەممە، لە تەقەکردنێکدا کراوەتە ئامانج.
لە ڕووداوەکاندا هیچ زیانێکی گیانی نەبووە بەڵام هەردووکیان لە کاتێکدا بوون کە ترسی نێودەوڵەتی زیاتر بووە، کاتێک ئێران مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد و ئیسرائیلیش بەڵێنی داوە تۆڵە بکاتەوە.
جێنس جێسپێرسن بەرپرسی پۆلیسی کۆپنهاگن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "کاتژمێر 3:20 خولەکی بەرەبەیان دوو تەقینەوە لە نزیک باڵیۆزخانەی ئیسرائیل ڕوویانداوە، بە پێی هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکانمان بەهۆی دوو نارنجۆکی دەستکردەوە بووە".
ئاماژەی بەوەشکرد، سێ سویدی کە تەمەنیان لە نێوان 15 بۆ 20 ساڵدایە دەستگیرکراون.
ئەو ئەفسەرە پۆلیسە ڕوونیشیکردەوە، دوای ماوەیەکی کەم لە ڕووداوەکە، تۆمەتبارێک دەستگیرکراوە، لە نزیک شوێنی تاوانەکە، دوو تۆمەتبارەکەی دیکەش دواتر دەستگیرکراون.
پۆلیس لە بەیاننامەیەکی پێشوودا ڕایگەیاندبوو، دوو تۆمەتبار لەناو شەمەندەفەرێکدا لە وێستگەی ناوەندی کۆپنهاگن دەستگیرکراون.
جەیکەب هانسن، وتەبێژی پۆلیسی دانیمارک سەبارەت بە ڕووداوەکانی کۆپنهاگن وتی " هێشتا زووە بڵێین ئایا پەیوەندییەک لە نێوان تەقینەوەکان و باڵیۆزخانەی ئیسرائیلدا هەیە یان نا؟"
پەیامنێری ئاژانسی فرانس پرێس ئاماژەی بەوەشکردووە، تا نیوەی ڕۆژی چوارشەممە ناوچەکە لە کۆپنهاگن گەمارۆدراوە و پۆلیس لە شوێنی ڕووداوەکە کاردەکات.
دەزگای هەواڵگری دانیمارک، PET، ڕایگەیاندووە، "لە نزیکەوە" چاودێری ڕووداوەکان دەکەن و هاوکاری لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس دەکەن.
لە بەیاننامەیەکدا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس ڕایگەیاندووە، "ئێمە لە گفتوگۆداین لەگەڵ باڵیۆزخانەی ئیسرائیلیش سەبارەت بە ئاسایش، و بەردەوام هەڵسەنگاندن بۆ قەبارەی ئەو ڕێوشوێنە ئەمنییانە دەکەین کە پێشتر جێبەجێکراون لە پێوەندی لەگەڵ ژمارەیەک شوێنی جووەکاندا."
دەیڤید ئاکۆڤ، باڵیۆزی ئیسرائیل لە دانیمارک لە تۆڕی ئێکس، ڕایگەیاندووە، "بەهۆی ڕووداوە ترسناکەکەی چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر لە نزیک باڵیۆزخانەکە تووشی شۆک بووە."
لە سویدیش پۆلیس لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن بینای باڵیۆزخانەی ئیسرائیل ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە تەقەی لێ کراوە.
ڕێبێکا لاندبێرگ، ئەفسەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی ستۆکۆڵم بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە "ئێمە ئەو زانیاریانەمان بەدەستکەوتووە کە ئاماژەن بۆ تەقەکردن لە باڵیۆزخانەی ئیسرائیل، بەڵام نامانەوێت لەئێستادا کە لێکۆڵینەوەکان هێشتا بەردەوامن هیچ زانیارییەک ئاشکرا بکەین."
لاندبێرگ ئاماژەی بەوەشکرد، لێکۆڵینەوە لەسەر تاوانی چەکی قورس و مەترسی خستنە سەر کەسانی دیکە و هەڕەشەی نایاسایی کراوەتەوە.
پۆلیس هیچ کەسێکی دەستگیر نەکردووە، بەڵام لاندبێرگ وتی پۆلیس چالاکانە زانیارییەکان و ڤیدیۆکانی کامێرای چاودێری زۆر لە ناوچەکە کۆدەکاتەوە و شیکاری دەکات.
سەرچاوە: فرانس پرێس