ئەمەریکا لە پرۆسەیەکی دیپلۆماسی ئاڵۆزدا ژنێکی ئێزیدی لە غەززە ڕزگاردەکات

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ ڕایگەیاند بە سەرکەوتوویی ژنێکی ئێزیدی لە کەرتی غەززە ڕزگارکردووە کە قوربانییەکی دەستی داعشە و خەڵکی شنگالە.

دەنگی ئەمەریکا نزیکەی مانگێکە چاودێری پرۆسەی دەربازکردنی ئەو ژنە دەکات کە بەهۆی نەبوونی پەیوەندی دیپلۆماسی لە نێوان حکومەتی ئیسرائیل و عێراقەوە کێشەی تێکەوتبوو. سەرەنجام وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە سەرپەرشتی ئەرکی گواستنەوەکەیان لە نێوان حکومەتی ئیسرائیل و ئوردن و عێراق و بە هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.

وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە نەیویست ناوی بهێندرێت بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "لە بەرواری 1ی دەی 2024، ئەمریکا هاوکار بوو بۆ گواستنەوەی ژنێکی گەنجی ئێزیدی بە سەلامەتی لە غەززەوە بۆ ئەوەی بە خێزانەکەی لە عێراق شادببێتەوە."

وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەروەها وتی، "چیرۆکی ئەم ژنە زۆر دڵتەزێنە و خۆشحاڵین کە بە خێزانەکەی لە عێراق شاد دەبێتەوە...داواکارین خەڵک ڕێز لە ژیانی تایبەتی ژنەکە بگرن بۆ سەلامەتی خۆی لەکاتێکدا لەگەڵ خۆشەویستانی یەکدەگرێتەوە و دەگەڕێتەوە ماڵەوە."

دیمەنی گریانی دایکێکی ئێزیدی لە یادی 10 ساڵەی جینۆسایدی کەسوکارەکەی لە شنگال.

چیرۆکی ڕفاندنی ژنەکە

فەوزییە ئەمین سەیدیۆ تەمەنی 10 ساڵ بوو ئەو کاتەی دەعش لە مانگی 8ی ساڵی 2014 هێرشی کردە سەر شنگال و وەکو کۆیلەی سێکسی مامەڵەی لەگەڵ کرد.

فەوزییە لەکاتی هێرشەکەدا لەگەڵ برایەکی 7 ساڵی و برایەکی 10 ساڵان سەردانی ماڵی مامیان کردبوو لە شەنگال. هەرسێکیان لەگەڵ هەزاران ئێزیدی تر بەهۆی ئێزیدیبوونیان کران بە کۆیلە.

دوای چەند مانگێک براکانی فەوزییە توانیان لە دەست داعش ڕابکەن، بەڵام داعش فەوزییەی برد بۆ شاری ڕەقە لە سوریا و لە زیندانیكدا ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و دەستدرێژی جەستەیی کردەوە.

دواتر چەکردارانی داعش بەزۆر کردیان بە "هاوسەری" داعشێکی فەڵەستینی کە ئەوکات تەمەنی 24 ساڵ بوو.

وێنەیەکی منداڵی فەوزییە سەیدۆ

"پیاوەکە وتی دەبێت لەگەڵی بخەوم. لە ڕۆژی سێیەمدا، چوو بۆ دەرمانخانەیەک و دەرمانێکی هێنا کە بەشێک لە جەستەی بێهۆش کردم. ئەو مادەی هۆشبەری پێدام و منیش گریام،" فەوزییە کە ئێستا تەمەنی 21 ساڵە بەم شێوەیە چیرۆکی دەستدرێژیکردنی لەلایەن چەکدارە فەڵەستینییەکەوە گێڕایەوە.

لەپاش تێپەڕبوونی نزیکەی ساڵێک، ژیانی فەوزییە وەرچەرخانێکی دیکەی بەخۆیەوە بینی دوای ئەوەی بوو بە خاوەنی کوڕێک. کاتێک منداڵەکەی تەمەنی نزیکەی دوو مانگ بوو، ئەو دووبارە دووگیان بووەوە، ئەمجارەیان بە کچێکەوە.

لەم کاتەوە فەوزییە بڕیاریدا ژیانی خۆی بۆ دوو منداڵەکانی تەرخان بکات، سەرەڕای توندوتیژی بەردەوامی چەکدارە فەڵەستینییەکەی داعش، بەتایبەت دوای ئەوەی پیاوەکە هاوسەرگیری لەگەڵ ژنێکی عەرەبیشدا کرد.

لە کۆتایی ساڵی 2018 کاتێک هێزەکانی هەسەدە کۆتاییان بە باڵادەستی داعش هێنا لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا، فەوزییە کە ئەوکات تەمەنی 15 ساڵ بوو، پەیوەندی لەگەڵ چەکدارە فەڵەستینییەکە پچڕا. دواتر زانی کە چەکدارەکە چووە بۆ پارێزگای ئیدلیب لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا.

لە سەرەتای ساڵی 2019 ، لە کاتێکدا فەوزییە لەگەڵ چوار پیاو و ژنێک بەڕێگاوە بوون بۆ ئیدلب، لە ناو ئۆتۆمبێل منداڵی دووەمی لەدایکبوو. دوای گەیشتنی بە ئیدلیب بە ماوەیەکی کەم، هەواڵی کوژرانی چەکدارە فەڵەستینییەکەی پێگەیشت و ئیتر خەمی فەوزییە بوو بە دەربازکردنی منداڵەکانی لەشەڕ.

فەوزییە لە ترسی ئەوەی کە بنەماڵەکەی لە شنگال منداڵەکانی قبوڵنەکەن، بڕیاریدا بەرەو غەززە کۆچ بکات. دوای مانەوەی لە تورکیا بۆ ماوەی 8 مانگ، سەرەنجام لە ساڵی 2020 لە ڕێگەی میسرەوە خۆی لەگەڵ منداڵەکان گەیاندە کەسوکاری چەکدارە فەڵەستینییەکە لە غەززە.

گیرخواردنی لە غەززە

چالاکوانانی مافی مرۆڤ کە کاریان لەسەر ئەو دۆسیەیە کردووە بە دەنگی ئەمەریکایان ڕاگەیاند، فەوزییە ئەو ماوەیەی کە لە غەززە بوو بەردەوام لەگەڵ دوو بژاردەی قورسدا دەجەنگا: یەکەم، ئایا لەگەڵ منداڵەکانیدا بمێنێتەوە و بەرگەی ژیانی لەگەڵ ئەو خێزانە فەلەستینییە بگرێت کە توندوتیژی زۆریان بەرامبەری دەکرد؛ یان دووەم بژاردە بگرێتە بەر کە بریتی بوو لە دەستبەرداری منداڵە ئازیزەکانی بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ لای کەسوکارەکەی لە شنگال.

لە مانگی 10ی ساڵی ڕابردوو، ئەو کاتەی شەڕێکی خوێناوی لە غەززە سەریهەڵدا دوای هێرشە خوێناوییەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، فەوزییە بڕیاری دا بگەڕێتەوە بۆ ناو کەسوکاری.

دیمەنێکی کاولکارییەکانی کەرتی غەززە بە هۆی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل.

ستیڤ مامان کە بازرگانێکی جوولەکەی کەنەدییە و چەندین ساڵە هەوڵی ڕزگارکردنی کچانی مەسیحی و ئێزیدی لە دەستی داعش دەدات، کەوتە هەوڵ لەگەڵ چەند چالاکوانێکی شنگال و هەرێمی کوردستان بۆ ڕزگارکردنی فەوزییە.

ستیڤ مامان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " هەتا ئێستا ئەمە ئاڵۆزترین حاڵەت بووە کە کارم لەسەر کردبێت."

پرۆسەی فشارخستنە سەر بەرپرسانی عێراق و ئەمەریکا و ئیسرائیل کارێکی ئاڵۆز بوو بۆ چالاکوانان و چەند مانگێکی خایاند.

چالاکوانان لە کاتێکدا چاوەڕوانی بڕیاری کۆتایی ئیسرائیل بوون بۆ ئەوەی ڕێگە بە پەڕینەوەی فەوزییە بدات لە غەززەوە، لە هەمانکاتدا هەوڵی ڕزگارکردنی فەوزییەیان دەدا لەدەستی خێزانە فەڵەستینییەکە.

نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر، فەوزییە بە یارمەتی چالاکوانەکان توانی لە ماڵی کەسوکاری چەکدارە فەلەستینییەکە ڕابکات و لە خانوویەکدا خۆی حەشار بدات لە دەروازەی کەرەم شەڵۆم کە تەنها نزیکەی 2 کیلۆمەتر لە سوپای ئیسرائیلەوە دووربوو.

چالاکوانان دەڵێن پڕۆسەی پەڕاندنەوەی فەوزییە ئەرکێکی لە پێشینە نەبوو بەلای حکومەتی ئیسرائیلەوە، بە تایبەت بەهۆی ئەوەی سوپاکەی لە شەرێکی فراواندایە لەگەڵ حەماس و گرووپەکانی تری سەر بە ئێران. لە هەمانکاتدا، هاوکارییەکانی حکومەتی عێراق سنورداربوون بەهۆی ئەوەی پەرلەمانی عێراق هەر جۆرە پەیوەندیکردنێکی لەگەڵ ئیسرائیل قەدەغە کردووە.

چالاکوانێک کە نەیویست ناوی بهێندرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "تێناگەم بۆچی هەموو لایەنەکان لە پرسی ڕزگارکردنی ئەو ژنە دوودڵ بوون. ئێستا کە ڕزگاری بووە دەتوانم بە ئارامی بخەوم."

سوفیان واحید حەمۆ، چالاکوانێکی تری ئێزیدی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بەرپرسانی عێراق لە ئامادەکردنی بەڵگەنامەکانی سەفەرکردنی ژنەکە زۆر هاوکاربوون بەڵام لەڕووی دیپلۆماسییەوە سنورداربوون بەهۆی یاساکانی عێراقەوە."

مانگی پێنجی ساڵی 2022 پەرلەمانی عێراق یاساکانی قەدەغەی بەستنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل فراوانتر کرد

بە گوتەی ستیڤ مامان، ئەوەی دواجار بووە هۆی بڕیاری کۆتایی و بەپەلەی بەرپرسانی ئەمەریکا بۆ ڕزگارکردنی فەوزییە بریتی بوو لە "ڕووداوێکی قووڵی نیگەرانکەر" لە هەفتەی ڕابردوودا. ستیڤ مامان ڕایگەیاند، "فەوزییە لە دەرەوەی خانوەکە بە تەنیا پیاسەی دەکرد، لەوکاتەدا کۆمەڵێک پیاو ئازاریان داوە."

ڕزگارکردنی فەوزییە

لە بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە، تیمێک لە ڕێگەی ئەمبولانسێکی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە فەوزییەیان لە

غەززەوە گواستووەتەوە و لە ڕێگەی خاڵی کەرەم شەڵۆمەوە بردیان بۆ ناو ئیسرائیل. بە گوتەی ئەو چالاکوانانە، لە هەمان ڕۆژدا ژنەکە گواستراوەتەوە بۆ باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئۆرشەلیم و دواتر لە ڕێگەی دەروازەی پردی ئالنبی بەڕێکراوە بۆ ئوردن.

هەستی دژ بە ئیسرائیل لە دوای کوژرانی حەسەن نەسروڵا سەرۆکی حزبوڵای لوبنان لە عێراق فراوانتر بووە. وێنەکە کۆمەڵێک خۆپیشاندەری شیعەی عێراق دەردەخات دژی کوژرانی حەسەن نەسروڵا.

سەلوان شنگالی، بەرپرسی ڕاسپێردراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ دۆسییەکە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، لەکاتی پرۆسەی ڕزگارکردنەکەدا حکومەتی عێراق هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ ئیسرائیلدا نەبەستووە.

سەلوان شنگالی وتی، "باڵیۆزخانەکەمان لە عەممان پێشوازی لێکرد و بەڵگەنامەی گەشتی بۆ ئامادەکرد و فڕۆکەیەکی بەکرێ گرت بۆ ئەوەی لەگەڵ یەکێک لە کارمەندە ژنەکانی باڵیۆزخانەکەمان بگوازرێتەوە بۆ بەغدا."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەموو پەیوەندییەکانمان لە کاتی پرۆسەکەدا لەگەڵ باڵیۆزخانەی ئەمەریکا و وەزارەتی دەرەوەی ئوردن و نەتەوە یەکگرتووەکان بووە. ئێمە هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ ئیسرائیل نەکردووە."

بەرپرسێکی نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کە ئەرکی چاودێریکردنی لە دۆسیەکەدا پێسپێردرابوو، داواکاری دەنگی دەنگی ئەمریکای بۆ لێدوان ڕەتکردەوە.

بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، فەوزییە لە ڕێگەی فڕۆکەیەکەوە گەیشتە بەغدا و پاشان لەلایەن تیمێکی هەواڵگری عێراقییەوە بەرەو موسڵ بەڕێکرا و لەوێوە ڕاستەوخۆ گەڕایەوە بۆ زێدی خۆی لە شنگال.

بارزان برای فەوزییە لە ئەڵمانیاوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، دایکی و خوشکی و دوو براکانی بەپەرۆشن بۆ بینینەوەی فەوزییە دوای 10 ساڵ دابڕان. بەڵام بەداخەوە دوو مانگ لەمەوبەر باوکی "بەهۆی ئازاری جیابوونەوەی لە کچەکەی" لە ڕێگەی جەڵتەی دڵەوە کۆچی دوایی کرد .

داهاتووی فەوزییە

بارزان بە دەنگی ئەمەریکای وت، "بەخێرهاتنەوەی دەکەین سەرسەرمان و پشتگیری لە بڕیارەکەی دەکەین بۆ گەڕانەوە. ئەو هیچ گوناهێکی نییە."

ئاماژەی بەوەشکرد، "لە قوڵایی دڵمەوە سوپاسی هەر مرۆڤێک دەکەم کە یارمەتی ڕزگارکردنی خوشکەکەمی داوە."

بە گوتەی چالاکوانان، کردارەکانی داعش و دوورکەوتنەوە لە کەسوکار بوونەتە زەبرێکی توندی دەروونی بۆ فەوزییە.

ئێستا کە بە کەسوکاری شادبووەتەوە لە شنگال، دەبێت لەگەڵ ئازاری دابڕان لە منداڵەکانی مامەڵە بکات.

کوڕ و کچەکەی فەوزییە تەمەنیان لە نێوان هەشت بۆ شەش ساڵدایە.

چالاکوانێکی نزیک لە کەیسەکە بە مەرجی بڵاونەکردنەوەی ناوی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، مەرجی وەرگرتنەوەی فەوزییە لەلاین کەسوکارەکەی بریتی بوو لە دەستبەرداربوونی لە منداڵەکانی. سەرچاوەکە وتی، "هیچ دایکێک ئامادەنییە منداڵەکانی جێبهێڵێت. ئەو دوو منداڵە لە ڕەحمی ئەوەوە هاتوونەتە ژیانەوە."

دەستەڵاتی ئاینی ئێزیدییەکان ساڵی 2019 بڕیاری دا ئەو منداڵانەی کە لە ئەنجامی دەستدرێژی پیاوانی داعشەوە لەدایکبوون قبوڵنەکراون.

بە وتەی چالاکوانی ئێزیدی میرزا دینەیی، بەلایەنی کەمەوە دوو هەزار و 745 ئێزیدی هەتا ئێستا بێسەروشوێنن.

دیمەنێکی کۆبوونەوەی دەیان کەس لە مەراسیمی ناشتنی کۆمەڵێک قوربانی گۆڕی بەکۆمەڵی ئێزیدییەکان. مەراسیمەکە مانگی 2ی ساڵی 2021 لە شنگاڵ ڕێکخرا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “نازانین ئەو کەسە ونبووانە لە ژیاندا ماوون یان نا. ئەگەر لە ژیاندا بن، پێدەچێت لە شوێنە جیاوازەکانی سوریا وەک لە کەمپی هۆڵ یان لەو ناوچانەی کە لەلایەن تیرۆریستانەوە کۆنترۆڵکراون لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا گیریان خواردبێت. حاڵەتی دەگمەنیش هەیە کە لە تورکیا دۆزراونەتەوە و هەندێک ڕاپۆرتی پشتڕاستنەکراوەش هەن سەبارەت بەوەی هەندێک کەس براونەتە میسر، وەکو چۆن لە سەردەمی سەدام هەندێک کوردیان برد بۆ میسر."

وتیشی، لە ئەنجامی کۆمەڵکوژییەکەی داعش نزیکەی پێنج هەزار ئێزیدی کوژراون و لانیکەم 100 هەزار ئێزیدیش عێراق و هەرێمی کوردستانیان جێهێشتووە.

بە بڕوای ستیڤ مامان و هاوڕێ چالاکوانەکانی، ڕزگارکردنی فەوزییە هەنگاوێکە بە مەبەستی گێڕانەوەی ژیان و کەرامەت بۆ کۆمەڵگەی ئێزیدی، هەروەها پەیامێکی باشی هیوایەشە لە کاتێکدا کە شەڕی ئیسرائیل و ئێران دەچێتە قۆناغێکی نوێوە.

ستیڤ مامان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "من جووێکم کە پەیڕەوی ئاینەکەم دەکەم؛ ئامادەبووم ژیانم بخەمە لایەک بۆ ئەوەی یارمەتی کچێکی ئێزیدی بدەم بۆ ڕزگاربوون. ناچاربووم پەیوەندییەکانم بەکاربهێنم و شەڕیان لەگەڵ بکەم چونکە گواستنەوەی فەوزییە کارێکی ئاسان نەبوو. بەڵام ئەنجامەکەی ئەوەیە لە کۆتاییدا ژیانێک ڕزگارکرا. ڕەنگە لەڕێگەی فەوزییەوە مرۆڤگەلێکی تەواو نوێ سەرهەڵبدەن کە ئەمەش گرنگترین شتە."

دەخیل شەمۆ لە واشنتنەوە هاوکاری ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە بووە.