سیستمی دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران لەدرێژەی دەرکردنی سزا قورسەکانی بۆ سەر خەڵکی مەدەنی و چالاکوانان، سزای لەسێدارەدان بۆ هاووڵاتییەکی دیکەی کوردی خەڵکی چاڵدێران بە تۆمەتی هاوکاریکردنی پەکەکە دەردەکات.
بە پێی هەواڵی ڕێکخراوی تۆری مافی مرۆڤی کوردستان و هەنگاو، حەمید حسێن نەژاد حەیدەرانلوو، زیندانی سیاسی کوردی خەڵکی چاڵدێرانی سەر بە پارێزگای ورمێ، لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە تۆمەتی 'بەغی' سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکراوە.
بەغی تۆمەتێکی ئاسایشی و ئەمنییە و بە پێی یاسای سزادانی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەر جۆرە چالاکییەکی چەکداری دژ بە حکومەت و بنەماکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ژێر ناوی 'بەغی' وەک تاوان پێناسەی بۆ دەکرێت کە بە پێی ماددەی 287 و 288 سزای ئیسلامی کۆماری ئیسلامی ئێران، سزاکەی یان لە سێدارەدان دەبێت یان سزای زیندانیکردنی درێژخایەن دەگرێتەوە.
حەمید حسێن نەژاد حەیدەرانلوو مانگی چواری ساڵی ڕابردوو لە لایەن پاسەوانانی سنوورەوە لەگەڵ چەند کەسێکی دیکەی ئەفغانی لە سنووری چاڵدێران دەستبەسەر کراوە و لەژێر فشاری وەزارەتی ئیتلاعات و ئاسایش، گواستراوەتەوە بۆ بنکەیەکی ئەو وەزارەتە لە شاری ورمێ.
بە گوێرەی هەواڵەکەی تۆڕی مافی مرۆڤ کوردستان، ئەو زیندانییە سیاسییە کە ماوەی ساڵێکە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات ڕاگیراوە، لە ژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و دەروونیدا، ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێی و قەبووڵکردنی بانگەشەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بووە.
وەزارەتی ئیتلاعات بانگەشەی ئەوە دەکات کە لە پێکدادانێکی هێزەکانی پەکەکە و هێزە سنوورییەکانی ئێران،8 ئەندامی پاسەوانی سنووری ئێران کوژراون و دەڵێت حەمید حسێن نەژادیش لەو پێکدادانەدا، یارمەتی هێزەکانی پەکەکەی داوە.
ڕێبین ڕەحمانی ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە وردەکاری دۆسیەی ئەو زیندانییە سیاسی دەڵێت "حەمید حسێن نەژاد حەیدەرانلوو لەگەڵ ئەوەدا کە خوێندەواری پێویست و پاڕێزەری نەبووە، لەژێر ئەشکەنجەی قورسدا ناچار کراوە کۆمەڵێک وەرەقە واژو بکات کە پێشوەختە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە بۆی ئامادە کراوە. دواتر لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەو زیندانییە لە یەکەم دانیشتنی دادگا هەموو تۆمەتەکانی ڕەتکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە لەژێر ئەشکەنجەدا ناچاربووە ئەو وەرەقانە واژو بکات، بەڵام دادگا بەبێ گوێدان بە قسەکانی ئەو زیندانییە و لەسەر بنەمای ئەو دانپێدانە زۆرەملێیە، سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکردووە."
حەمید حسێن نەژاد حەیدەرانلوو تەنانەت لەدادگا بە بەڵگەوە ئەوەی خستووەتەڕوو کە لەو کاتەی پێکدادانەکەی هێزەکانی پەکەکە و پاسەوانی سنوور ڕوویداوە، ئەو لەگەڵ خێزانەکەی گەشتی تورکیایان کردووە، بەڵام دادگا قسەکانی نابراوی پشتگوێ خستووە و لەژێر گوشاری ئیتلاعاتدا، سزای قورسی مەرگی بۆ دەرکردووە.
کەسانی نزیک و ئاشنا بە دۆسیەی حەمید حسێن نەژاد حەیدەرانلوو، بە تۆڕی مافی مروڤی کوردستانیان ڕاگەیاندووە کە وەزارەتی ئیتلاعات بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بخاتەڕوو بۆ تۆمەتەکانی سەر ئەو زیندانییە، ڕایگەیاندووە بە هۆی ئەوەی برایەکی هاوسەری حەمید چەند ساڵ پێش ئێستا لەکاتی کۆڵبەریدا بە تەقەی هێزە سنورییەکانی ئێران کوژراوە، بۆیە حەمید ڕق و کینەی لەو هێزانە هەڵگرتووە و هاوکاری هێزەکانی پەکەکەی کردووە لە دژی ئەو هێزانە.
ڕێبین ڕەحمانی بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت "وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران تەنانەت خێزانی ئەو هەشت ئەندامەی هێزەکانی پاسەوانی هانداوە بۆ ئەوە لە دانیشتنی دادگا لە دژی حەمید ئامادە بن."
ئەو زیندانییە سیاسییە کە لە ئێستادا لە زیندانی ناوەندیی ورمێ دەستبەسەرە، ناڕەزایەتیی بەرامبەر بە سزاکەی دەربڕیوە و دۆسیەکەی ڕەوانەی دادگای باڵای ئێران کراوە.
حەمید حسێن نەژاد حەیدەرانلوو لەدایکبووی ساڵی 1985و باوکی 3 منداڵە و خەڵکی گوندی "سێگریک"ی سەر بە چاڵدێرانی سەر بە پارێزگای ورمێیە و پێش دەستگیرکردنی لە سنووری ئەو ناوچەیە، سەرقاڵی بازەرگانیکردن و کڕین و فرۆشتنی کاڵا بووە.