ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕۆژی هەینی چەند کاتژمێرێک پاش هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت کە پێدەچێت جێنشینی سکرتێری گشتی کوژراوی حیزبوڵای کردبێتە ئامانج، بەرگری لە هێرشە مووشەکییەکانی سەر ئیسرائیل کرد و بە کارێکی "یاسایی و ڕەوا" ناوی برد و ڕایگەیاند کە ئەگەر پێویست بکات ئەو کارە لە داهاتوودا "دووبارە دەبێتەوە".
عەلی خامنەیی ئەم قسانەی لە هەلومەرجێکدا ڕادەگەیەنێت کە هێرشە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆسەر ئیسرائیل، ڕەخنەی بەربڵاوی لە جیهاندا لێکەوتەوە و تەنانەت سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش سەرکۆنەی کرد.
کۆماری ئیسلامیی ئێران باس لەوە دەکات کە هێرشەکەی بۆ سەر ئیسرائیل لە "تۆڵەسەندنەوە"ی کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا سکرتێری گشتی حیزبوڵا لە لوبنان، عەباس نیلفروشان فەرماندەی سوپای قودسی سوپای پاسداران لە لوبنان و سوریا و ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی پێشووی نووسینگەی سیاسی گرووپی حەماس، ئەنجامداوە.
ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرەتای قسەکانی ئەمڕۆیدا ڕایگەیاند و گوتی"ئەمڕۆ زۆرتر لەگەڵ برا لوبنانی و فەلەستینییەکان قسە دەکەم. یاساکانی بەرگری ئیسلام ئەرکی ئێمەی دیاری کردووە. بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە ناڕەزایەتی دەرببڕێت دژی حزبوڵای لوبنان کە بۆچی بەرگری لە خەڵکی غەززە دەکات."
خامنەیی هەروەها داکۆکی لە هێرشەکەی ساڵی ڕابردووی گرووپی توندڕەوی حەماس بۆ سەر خاکی ئیسرائیل کرد و بە "هەنگاوێکی یاسایی و نێودەوڵەتی" ناوی برد و وتی کە "فەلەستینییەکان لەم کارەدا مافی خۆیان بووە هێرش بکەن."
ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە درێژەی گوتارەکەی رۆژی هەیندا گوتی "نەک هەر هیچ دادگا و ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی مافی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە نەتەوەی فەلەستین بۆ بەرگری لە وڵاتەکەیان نییە، بەڵکوو وڵاتان و گرووپەکانی وەک حیزبوڵای لوبنان کە یارمەتی فەلەستینییەکان دەدەن، ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن و یارمەتییەکانیان شەرعی و ڕەوایە."
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند وەڵامی ئیسرائیل بەرامبەر بە هێرشەکەی ئێران، دەتوانێت لێدانی دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران لەخۆ بگرێت.
هاوکات دانیشتووانی بەیروت و سەرچاوە ئەمنییەکان ڕایانگەیاندووە زاحیەی باشووری بەیروت کە قەڵای حزبوڵای سەر بە ئێرانە، لە نزیک نیوەی شەوی پێنجشەممە لەلایەن ئیسرائیلەوە هێرشی کراوەتە سەر.
باراک ڕەڤید، پەیامنێری ئەکسیۆس لە کەناڵی ئێکس بە پشتبەستن بە سێ بەرپرسی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە هێرشە ئاسمانییەکان ئیسرائیل، هاشم سەفیەدین، بەرپرسی حزبوڵای لوبنان، کە دەنگۆی ئەوە هەبوو ببێتە جێنشینی حەسەن نەسروڵڵا، لە بنکەرێکی ژێرزەمینیدا کراوەتە ئامانج.
سوپای ئیسرائیل ئامادەنەبووە هیچ لێدوانێک سەبارەت بەوە بدات و حزبوڵاش هیچ لێدوانێکی لەسەر چارەنووسی سەفیەدین نەداوە. سەید عەبدوڵڵا سەفیەدینی برای کە نوێنەری حیزبوڵایە لە ئێران، بەشداری وتارەکەی خامنەیی لە تاران کردووە.
حەماس لە لیستی تیرۆریستی ئەمەریکا و یەکێتی ئەورووپادایە. هەروەها ئەمەریکا حزبوڵای لوبنان بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەزانێت، بەڵام یەکێتی ئەورووپا تەنها باڵی سەربازی حزبوڵای خستۆتە لیستی ڕەش و باڵە سیاسییەکەی بە تیرۆریست نازانێت. هەروەها لقی سیاسی حیزبوڵا نوێنەری لە پەرلەمانی لوبناندا هەیە.