تاکە بەربژێرەکەی بزوتنەوەی بابیلون کە ڕەیان کلدانی سەرۆکایەتی دەکات لە بازنەی هەولێر دەڵێت،" ئاسایشی عەینکاوە دووجار هەڕەشەیان لێکردووم و داوای پاراستنی ژیانم دەکەم." ئاسایشی هەولێریش ڕەتیدەکاتەوە کە هەڕەشە لەو بەربژێرە کرابێت و داوا دەکا سکاڵا تۆماربکات.
ڕامسی حیکمەت حنا، تاکە بەربژێری بزوتنەوەی بابلیون لە بازنەی هەولێر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" من تاکە کاندیدی بزوتنەوەی بابلیونم لە بازنەی هەولێر، شەوی 5ی ئەم مانگە وەجبەی دووەمی پۆستەرمان هێنا تا لە عەینکاوە دایبنێن بەتایبەت لە شوێنە قەرەباڵغەکان داماننا وێنەی خۆم و ڕەیان کلدانی سەرۆکی بزوتنەوەکە، بۆ ڕۆژی 6ی مانگ بەیانیەکەی پەیوەندیەکم بۆ هات و کەسێک وتی من بەڕێوەبەری ئاسایشی عەینکاوەم، وتم فەرموو وتی تۆ ڕامسی حیکمەت حەنای وتم بەڵێ وتی تۆ ئاگاداری ئەو وێنانەی کە دانراوە، ڕەیان کلدانی چۆن دادەنەێیت تۆ چۆن وێنەی شیعەیەک دادەنێت و چۆن جورئەت دەکەیت ئیتر جوێنی ناشرینی دا و تی جارێکی تر نەیبینەمەوە و لایەبە، گەر لاینەبەی هەرچی خراپە پێت دەکەم و تەلەفونەکەی داخست."
وتیشی،" من خۆم بۆ جاری دووەم تەلەفونم بۆی کردەوە تاوەکو بەڵگەیەک لەلام بێت، بەڵام جاری دووەم ڕەتیکردەوە کە بەڕێوەبەری ئاسایش بێت و وتی لە ئاسایشەوە پەیوەندیمان بەتۆوە کردووە، دیسانەوە هەڕەشەی لێکردمەوە و وتی وێنەکان لانەبەیت چی خراپ بێت پێت دەکەم، بۆیە ئێستا ژیانم لە مەترسیدایە."
ئەو بەربژێرە سەرسوڕمانی خۆشی نیشاندا لەوەی لە کۆی حەوت کاندیدی کۆتاکان لە سنوری بازنەی هەولێر، تەنها ڕێگری لەو کراوە و نایشارێتەوە کە کونسوڵخانە و یەئێن و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقی لە ڕووداوەکە ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام سکاڵای تۆمارنەکردووە بەهۆی ئەوەی کە لەلایەن هێزی ئەمنیەوە هەڕەشەی لێکراوە، هێزی ئەمنیش چۆن دەتوانێت پارێزگاری لێبکات.
وتەبێژی ئاسایشی هەولێر ڕەتیدەکاتەوە،" ئاسایشی عەینکاوە هەڕەشەی لەو بەربژێرەی بزوتنەوەی بابیلۆن کردبێت لە سنوری هەولێر."
عەقید ئەردەڵان وتیشی،" قسەی ئەو بەربژێرە هیچ بنەمایەکی نیە و پەیوەندی بە ئاسایشەوە نیە، بەتایبەت چۆن دەزگای ئێمە هەڕەشە لە خەڵک دەکات بەتایبەت لە کەمە نەتەوەکانیش بێت و هەموو کەس دەتوانێت تەلەفون بکات و خۆی بەناوی کەسێکی دیکەوە بناسێنێت، بەڵام ئەمە دوورە لە ڕاستیەوە، ئێمە چاوەڕوانی ئەوەین سەردانمان بکات و سکاڵا تۆماربکات بۆئەوەی بەدواداچوونی بۆ بکەین."
دەنگی ئەمەریکا لەسەر ئەوەی تا چەند تاکە بەربژێرەکەی بزوتنەوەی بابلیون کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەولێری لەڕووداوەکە ئاگادارکردووەتەوە، سەرباری ئەوەی هەولێکی زۆریدا بەڵام پەیوەندیەکان بێ ئەنجامبوون.
بزوتنەوەی بابیلون یەکەمجارە بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکا، ئەوەش دوای ئەوە دێت کە دادگای فیدراڵی سیستەمی کۆتای نەهێشت و ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمانی هەرێمی لە 111 کورسیەوە کەمکردەوە بۆ 100 کورسی، بەڵام دوای چەند مانگێک بڕیاردرا بەوەی لە کۆی ئەو 100 کورسیە 5 کورسی بۆ کۆتاکان بێت و ئەو 5 کورسیەش دابەشکرا بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردن و بزوتنەوەی بابیلون چاوی لە یەکێک لە کورسیەکانە.
ڕامسی حیکمەت حنا، تاکە بەربژێرەکەی بزوتنەوەی بابلیون لە بازنەی هەولێر ئەوەشی بە دەنگی ئەمەریکا وت،" من سەرم سوڕماوە چۆن دەبێت هێزی ئاسایش بە قسەی حیزبێک پۆستەری کاندیدێک لێبکاتەوە، چۆن دەبێت هەڕەشە بکات، ئەوە ئاسایشی پایتەختە، بەداخەوە کاری ئاسایش دیارە پاراستنی ئاسایش و سەروەریڕی یاسایە، بۆیە دەبێت دامەزراوەکانی هەرێم شکۆیان بۆ بگێڕدرێتەوە، دەبێت دامەزراوە نیشتیمانییەکان لەحزبایەتی دابماڵرێن و نابێت هیچ دامەزراوەیەک لە سەرووی دامەزراوە نیشتمانییەکانەوە بن."
بۆ ههڵبژاردنی خولی شهشهمی پهرلهمانی كوردستان، ههزار و 191، بهربژێر خۆیان ئاماده كردووه و كێبڕكێ لهسهر بهدهستهێنانی 100 كورسی پهرلهمانی دهكەن، لەو ژمارەیەش 395 بەربژێریان دەکەونە سنوری پارێزگای هەولێرەوە.
وا بڕیاره، له 18ی ئهم مانگه دهنگدانی تایبهت و له 20ی ئهم مانگه دهنگدانی گشتی بۆ ههڵبژاردنی خولی شهشهمی پهرلهمانی كوردستان بهڕێوهبچێت، پڕوپاگهنده و بانگهشهی لایهنهكان دهستی پێكردووه و بهپێی ڕێنماییهكانی كۆمیسیۆنییش له 15ی ئهم مانگهدا دهبێت كۆتایی به بانگهشهی ههڵبژاردنی خولی شهشهمی پهرلهمانی كوردستان بهێندرێت.