سەرئەنجامی شەڕی حەماس و ئیسرائیل لە پاش ساڵێک

هەر پاش هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7 ی مانگی دەی ساڵی ڕابردوو، زۆری نەبرد ئیسرائیل دەستیکرد بە هەڵمەتێکی لەشکری فراوان لە دژی حەماس لە غەززە کە هەتا ئێستاش بەردەوامە. سەرئەنجامی ئەم شەڕەی حەماس هەڵیگرساند کە بە کوشتنی سەدان ئیسرائیلی دەستیپێکرد، بەڵام گەیشت بەوەی بەشی گەورەی غەززە و ێرانبوو و هەزاران فەلەستنیی کوژران، لەوانە ژمارەیەک ڕێبەر و فەرماندەکانی حەماس و لەسەروو هەموویانەوە ئیسماعیل هەنییەی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی گروپەکە. لەگەڵ ئەو ئەنجامەشدا هەتا ئەمڕۆ هیچ سەرکردەیەکی حەماس پەشیمانی خۆی دەرنەبڕیوە لەو هێرشەی کردیانە سەر ئیسرائیل.

دەپرسین:

حەماس لەو هێرشەی کردیە سەر ئیسرائیل، چی بۆخۆی یان بۆ فەلەستینییەکان بەدەستهێنا؟

کاریگەری ئەو هێرشە و ڕووداوەکانی بە دوایدا هاتوون، چۆن دەبن لەسەر پرسی فەلەستینییەکان کە داوای دەوڵەتێکی سەربەخۆ دەکەن؟

بۆچی حزبوڵڵای لوبنان، وانەی لە شەڕی غەززە وەرنەگرت و خۆی خستە ناو شەڕەکەوە؟

ڕۆڵی میدیا لەم شەڕەدا چۆن بوو؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری:

دکتۆر حەسەن ئەحمەد، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان.

ئیلان ئیسڕائیلی، چاودێری کوردی ئیسرائیل لە تەلئەڤیڤ.

لیوا محەمەد سابیر شارەزای سەربازی.

دکتۆر عەبدول لەتیف ئەحمەد، ڕێبەری سەلەفییەکان لە هەرێمی کوردستان.

Your browser doesn’t support HTML5

سەرئەنجامی شەڕی حەماس و ئیسرائیل لە پاش ساڵێک

دکتۆر ئەحمەد حەسەن

7ی ئۆکتۆبەر گەورەترین مەترسی بوو لەسەر قەوارە یان کیانی سەهیۆنیەت و جووەکان کە لە دوای هۆلۆکۆست جووەکان ڕووبەڕووی بونەوە، بە چەند هۆکارێک، یەکەم، ئیسڕائیل خۆی کێشەی دانیشتووان و خاک و ئاسمانی بۆ مانۆڕ هەیە، دووەم، لە ژینگەیەکدایە کە جگە لە دەریای سپی، هەرچواردەورەکەی بە دوژمنی مێژوویی ئایدۆلۆژیکی دەورەدراوە، بۆیە ئەم هەڕێشەیە هەڕێشەیەکی یەکلایی کەرەوە بوو بۆ سەر ئیسڕائیل، بەڵام ئیسڕائیل توانی بە جۆرێک بەر لەو هەڕێشانە بگرێت و تۆڵە لە دەوروبەر بکەنەوە کە جارێکی تر بە ئاسانی بیر لەوە نەکەنەوە پەلاماری ئیسڕائیل بدەن، ئەوەی لە 7ی ئۆکتۆبەر ڕوویدا هی ئەو ڕۆژە یان ساڵی پێشتر نەبوو بەڵکو لە ساڵی 1979وە کە کۆماری ئیسلامی ئێران هاتۆتە سەر حوکم تیۆری ناردنە دەرەوەی شۆڕش لە بەندەر عەباسەوە بۆ دەریای سور و دەریای سپی پەیڕەو دەکات لەوکاتەوە ئەو ڕووداوە یان ئەو هەڕەشەیە لە ڕێگەیە و لە 7ی ئۆکتۆبەر لەوکاتەی ئێران دەیەوێت دەتەقێتەوە.

ئەم شەڕە هەتا 50کم ئیسڕائیل و حزبوڵا لە سنورەکانی باشوری لوبنان و باکوری ئیسڕائیل دورنەخاتەوە وە چەکەکانی حزبوڵا هاوەن و هەر چەکێک لە شوێنی نیشتەجێبوونی ئیسڕائیلییەکان دوور نەخاتەوە هێز نییە ئەو شەڕە ڕابگرێت بە ئەمەریکاشەوە، ڕوسەکان و چینییەکانیش باش لەم پەیامە تێگەیشتوون، بۆیە لەکاتی پێویستیدا یارمەتی ئێران زۆر نادەن.

ئامانجی دووەمی ئیسڕائیل لەم شەڕە لەناوبردنی چەکی ئەتۆمی ئێرانە، ئەوەی سەرنج ڕاکێشە هەستی پێدەکەم ئێرانییەکان دەترسێنرێن، لەژێر فشاری ئەم دەقە نا ئەو دەقە هێرش دەکرێتە سەرتان دەهێڵنەوە تا ئیسڕائیل بتوانێت باشوری لوبنان بە تەواوی بەدەست بهێنێت، خۆ ئەگەر ئێران ڕێگری بکات ئەوا ئیسڕائیل هێرش دەکاتە سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، بەڵام ئەوەی هەیە ئیسڕائیل باشوری لوبنان بەدەست بهێنێ یا نا، پاشەکشە بە حزبوڵا بکات یاخود نا، ئیسڕائیل و ناتانیاهۆ ئەمجارە گورز لە چەکە ئەتۆمییەکەی ئێران دەوەشێنێت کە زۆر نەماوە دەستی پێی بگات، ئیسڕائیل بۆیە ئێستا لە کۆماری ئیسلامی ئێران نادات تا ئەوەندەی لەخەم و چاوەڕوانی لێدانی خۆی بێت هێندە سەر نەپرژێتە سەر بەرگریکردن لە حزبوڵا.

سەرەڕای لێدان لە ڕیزی پێشەوەی بەرەی مقاومە، ئێستا شەڕ گەیشتۆتە بەردەم شورەی ئێران بۆ لێدان لە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گۆڕانێکی جیۆسیاسی ئێجگار گەورەدا تێدەپەڕێت،نە عێراق، نە هەرێمی کوردستان، نە ئێران، نە سورییای جاران دەمێنن، بۆیە ئاسان نیە ئەم جەنگە بوەستێت هەتا نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جارێکی تر لەجێیەکی تر خۆی دەبینێتەوە.

لیوا محەمەد سابیر

هێرشەکەی حەماس بۆسەر ئیسڕائیل دەسکەوتی مەعنەوی هەبوو، بەڵام سەرکەوتووانە نەبوو بەڵکو نەیانتوانی بمێننەوە و پارێزگاری لێبکەن بە پێچەوانەوە ئیسڕائیل هێرشی کردە سەرییان و ژمارەیەکی زۆرییان بونە قوربانی تەنانەت ئەوەتا ئیسڕائیل چۆتە ناو کەرتی غەززە زیانێکی زۆری لە خەڵکی فەلەستین دا، هێزی حەماسی تێکشکاند.

دەرکەوت کە هێزەکانی حەماس ناتوانن بەرپەرچی هێزی ئیسڕائیل بدەنەوە بەڵکو تێکشکێنران و جێگاکانیان تێکدرا.

حزبوڵا بەناچاری خزایە ناو شەڕەکە، هەم وەک ئەوەی سەرچاوەی هاوکاری حەماس و حزبوڵا یەک چاوگە کە ئێرانە، هەمیش وەک ئەوەی لەبەر ڕای جیهانی، بۆیە کە بە ناچاری داخلی شەڕەک بوو وە خزێنرایە ئەو شەڕە نەیدەزانی چۆن لێی دەربچێت، ئیسڕائیلیش پێی خۆشبوو حزبوڵا داخلی شەڕەکە کرا چونکە سنوری ئیسڕائیل لەگەڵ باشوری لوبنانە دەیەوێت سنورەکانی خۆی لەو چەکدارانە پاکبکاتەوە.

ئیسڕائیل خاوەنی پێشکەوتوترین چەکی تەکنەلۆژیایە، بەدڵنیایی براوە دەبێت، هەرچەندە پێشتر بەشێک لەمیدیای وڵاتە ئیسلامییەکان و هەندێک کەس دەیانوت تەکنەلۆژیا مەرج نیە بەڵکو ئیرادە و خاوەن حەق گرنگە، بەڵام ئەوەتا قسەکەی من ڕاست دەرچوو ئیسڕائیل براوەی ئەو جەنگەیە، بەتایبەت لە ٧ی ئۆکتۆبەردا کە ڕەخنەیان لە ئیسڕائیل دەگرت چۆن چەکدارانی حەماس توانیان خاڵی پشکنینەکانی ئیسڕائیل ببڕن؟ئیتر ئەمە ئاسانە دووبارە بێتەوە لەهەرکاتدا بەڵام دەبینین ئیسڕائیل توانای تەکنەلۆژیای خۆی پیشاندا، بەڕادەیەک بەرەو لوبنان چووە هەرچەندە ئامانجی داگیرکردنی ئەو وڵاتە نیە بەڵکو دوورخستنەوەی حزبوڵایە لە سنورەکانی و لاوازکردنیەتی هەروەک چۆن بەرامبەر حەماس کردی لە غەززە.

دکتۆر عەبدول لەتیف ئەحمەد

سەبارەت بە دەسکەوتی حەماس لە هێرشەکەی بۆ سەر ئیسڕائیل لە 7ی ئۆکتۆبەری ساڵ ڕابردوو وەڵا من هیچ دەسکەوتێک نابینم جگە لە وەی هەتائێستا 42هەزار فەلەستینی موسڵمان لە ژن و منداڵ و گەنج و هەموو توێژەکان کوژراون، وە نزیکەی 97هەزار کەسیش بریندارن ئەمە تەنها زیانی مرۆیی، جگە لە زیانی ماددی و مەعنەوی و ئەو کارەساتەی بەسەر فەلەستین و غەززەدا هات، بەڕاستی لە ڕوانگەی شەرع و لە ڕوانگەی عەقڵ کارێکی هەڵەبوو کە کرا، بەوەش نەوەستاوە دۆخەکە بەرەو لوبنانیش ڕۆیشت، واتە ئاگرێکی هەڵگیرساند.

بەڵێ ئیسڕائیل ستەمکارە، خوێنڕێژە ، دڕندەیە، هەموو سیفەتەکانی تێدایە، بەڵام کاتێک کە دوژمنەکەت دڕندە و ستەمکار و خوێنڕێژ و نادادپەروە دەبێت، پێویستە موسڵمانی لاواز حسابی ئەوە بکات و خۆی لە شەڕی بپارێزێت وە بە کەمترین زیان خۆی لێ دەرباز بکات، نەک ڕوبەڕووبونەوەیەکی لەگەڵ دروست بکات کە دەرئەنجامەکەی ئەوەبێت کەئێستا دەیبینین، دوای تێپەڕبوونی ساڵێک دەبینین چ زیانێکی گەورە لە موسڵمانان و فەلەستین و غەززە کەوتووە، بۆیە بەڕاستی لە ڕوانگەی شەرع و لە ڕوانگەی عەقڵ کارێکی هەڵەبوو کە کرا، بەڵام کە دەڵێیین کارەکە هەڵەبوو ئەوە پاساو نیە بۆ ئیسڕائیل کە ئەو هێرشە دڕندانەیەی کردوویەتی ئەو هەموو ژمارە خەڵکەی بە منداڵ و ژنەوە لەناو بردووە.

ئیلان ئیسڕائیلی

دەسکەوتی ئەو جەنگەی ئێستا هەیە بۆ ئێمەی ئیسڕائیلی ئەوەیە کە ئێستا ئاسایش پارێزراوترە، هەست بە ئەمنیەت زیاتر دەکەین، بۆ نمونە لە سنوری غەززە پێشتر هەموو کات ترسی ئەوە هەبوو کە ڕووداوی هاوشێوەی ٧ی ئۆکتۆبەر ڕووبدات چونکە حەماس لەوێ بوون، یاخود لە باشوری لوبنانەوە هەمووکات ئەوە چاوەڕوانکراوبوو کە حزبوڵا موشەکبارانی ئیسڕائیل بکات بەڵام ئێستا ئەو ترسانە نەماوە، لەپێشتردا ئیسڕائیل بەس بەرگری کردووە دژی ئەو هێرشانەی کراونەتە سەری، بەڵام لەم دوو هەفتەیەدا ئیسڕائیل هێرشی فراوانی دەستپێکردووە کە لەمێژووی ئیسڕائیلدا بەوجۆرە نەبووە ئەمەش تەنها بۆ دوورخستنەوەی مەترسییە لە سنورەکانی.

ئێمەی ئیسڕائیلی و هەموو وڵاتەکەش چاوەڕێیی ئەوەین کە ئیسڕائیل بە توندترین شێوە وەڵامی ئێران بداتەوە بەتایبەت هێرش بکاتە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە، چونکە ئێمە توانای هێزی وڵاتەکەمان دەزانین، کە هەر بەدانپێدانانی بەرپرسانی ئیسڕائیل خۆیان هەتائێستا ئیسڕائیل لە 10%ی توانا سەربازییەکانی بەکارهێناوە و دەبینین هەتاکوێ ڕۆیشتووە.