زریانی بەهێزی میڵتن بە خێراییەکی زۆر بە ڕێگاوەیە بەرەو فلۆریدا

ویلایەتی فلۆریدا لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە لە میانەی هۆشدارییەکان سەبارەت بە بارانبارینی بەخوڕ و بای بەهێز و هاتنی زریانێکی مەترسیدار خۆی بۆ هاتنی زریانی بەهێزی میڵتۆن ئامادە دەکات.

پێشبینی دەکرێت زریانەکە درەنگانی چوارشەممە یان سەرەتای پێنجشەممە بەدرێژایی کەنارەکانی ناوەڕاستی ڕۆژئاوای فلۆریدا بگاتە وشکانی. ئەو ناوچەیە خەلیجی تامپا لەخۆدەگرێت، شارێک کە 3.3 ملیۆن دانیشتووی هەیە و لە ساڵی 1921ەوە زریانێکی ڕاستەوخۆی بەخۆیەوە نەبینیوە.


سەنتەری نیشتمانی زریانەکانی ئەمەریکا دەڵێت"میڵتۆن توانای ئەوەی هەیە ببێتە یەکێک لە وێرانکەرترین زریانەکانی ڕۆژئاوای ناوەڕاستی فلۆریدا کە تاکو ئێستا تۆمارکراوە."

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە بەهۆی زیادبوونی مەترسی زریانەکە، گەشتەکانی خۆی بۆ ئەڵمانیا و ئەفریقا هەڵوەشاندەوە و گوتی "بەڕاستی پێموانییە بتوانم لەم کاتەیەدا وڵاتەکە بەجێبهێڵم".

شارەزایان دەڵێن هۆکارە جۆراوجۆرەکانی کەشوهەوا دەبێتە هۆی ئەوەی زریانەکە بەبێ ئاگادارکردنەوە، بجوڵێت یان ڕێڕەوی خۆی بگۆڕێت و دەڵێن ئەم تایبەتمەندییانە دەتوانن لێکەوتەی گەورەیان هەبێت، چونکە ئەو شوێنانەی پێشتر وا بیردەکرانەوە کە پارێزراون، ڕەنگە ڕووبەڕووی مەترسیی گەورە دەبنەوە.

سەنتەری پێشبینی زریانەکان هۆشداری داوە کە شەپۆلەکانی ئەم زریانە لە بەشێک لە کەنارەکانی باکوور و باشووری خەلیجی تامپا دەگاتە 3 بۆ 4.5 مەتر و پێدەچێت ناوچە نزمەکان ژێرئاو بخات. هەروەها پێشبینی دەکرێت کە چڕی بارانبارین لە ناوەڕاستی فلۆریدا لە نێوان 127 بۆ 254 ملم بێت، ئەمەش مەترسی لافاوێکی خێرا زیاد دەکات.

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن زریانەکە لەگەڵ نزیکبوونەوەی لە ویلایەتەکە، با و هێزەکەی لە 145 میل لە کاتژمێرێکدا بۆ 130 میل لە کاتژمێرێکدا دابەزیوە و پێدەچێت زریانەکە لە پلەی 4دا بمێنێتەوە، بەڵام قەبارەکەی گەشەی کردووە و ئەمەش وادەکات زیانەکانی بەربڵاوتر بن.
پێنج پلەی گشتی بۆ زریانەکان دەستنیشان کراوە، پلەی پێنج واتە بای بەردەوام بە خێرایی زیاتر لە 251 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.

شارەزایان دەڵێن بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بێ وێنەی ئاستی دەریا و هەروەها ئەگەری گۆڕانکاری لە شێوازی کەشوهەوای ناوچەکە هۆکاری بارانبارینی بەخوڕی ئەمساڵن. پێشبینی دەکرێت نزیکەی 15 ملیۆن کەس لە ویلایەتی فلۆریدا بەهۆی ئەم زریانەوە زیانیان بەرکەوێت.