عێراق 706 کەسی لە کەمپی هۆلی سوریاوە  گەڕاندووەتەوە بۆ وڵاتەکە

سەرچاوەیەکی ئاسایشی ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، عێراق 706 کەسی لە کەمپی هۆل لە سوریاوە گەڕاندووەتەوە بۆ وڵاتەکەی.

کەمپی هۆڵ دەیان هەزار کەسی تێدایە کە بەشێکیان ئەندامانی خێزانی جیهادییەکانی داعشن.

زیاتر لە 43 هەزار هاووڵاتی سوریایی و عێراقی و بیانییەکانی دیکە کە لە لانیکەم 45 وڵاتەوە هاتوون، لەو کەمپە قەرەباڵغەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریادان کە لە ژێر دەسەڵاتی کوردەکاندایە.

ئەو سەرچاوە ئاسیشییەی کە داوای کردووە ناوەکەی ئاشکرا نەکرێت، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، "706 کەس، واتە 181 خێزان لە کەمپی هۆلەوە گەڕاونەتەوە عێراق و گواستراونەتەوە بۆ کەمپی ئەلجەدا، لە نزیک باکووری موسڵ.

بەگوێرەی ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بنکەکەی لە بەریتانیایە، ئەمە چوارهەم گرووپی عێراقییە کە لە ماوەی ساڵێکدا لە هۆلەوە براونەتەوە بۆ عێراق.

گەڕاندنەوەی ئەندامانی خێزانی گومانلێکراوانی داعش، مشتومڕی لە عێراق وروژاندووە، کە پێشتر ئەو گرووپە دەستی بەسەر بەشێکی زۆری ناوچەکەدا گرتبوو بەر لەوەی لە ساڵی 2017دا شکستیان پێبهێنرێت.

بە مەبەستی کەمکردنەوەی گرژییەکان، لە کاتی گەیشتنیان بە عێراق، دەسەڵاتداران زۆربەی جار ئەو کەسانەی لە هۆلەوە دەگەڕێندرێنەوە بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک یان تەنانەت چەند مانگێک لە شوێنێک دەهێڵنەوە کە بەرپرسان بە "چاکسازی دەروونی" لە کەمپی ئەلجەدا وەسفی دەکەن، لەوێش پێش گەڕانەوەیان بۆ ماڵەوە پشکنینی ئاسایشییان بۆ دەکرێت.

سەرچاوە: فرانس پرێس