عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە لە دۆحە چاوی بە هاوشانە قەتەرییەکەی کەوت، دوای هۆشدارییەکەی ئیسرائیل بۆ تۆڵەسەندنەوەی هێرشە مووشەکییەکەی هەفتەی ڕابردووی وڵاتەکەی.
قەتەر ڕۆڵێکی سەرەکی گێڕاوە لە هەوڵەکان بۆ دەستەبەرکردنی ئاگربەست لە غەززە و داوای ئاگربەستی لە لوبنانیش کردووە، لە کاتێکدا ئیسرائیل لە مانگی ڕابردووەوە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر حزبوڵای لوبنان،کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، چڕکردووەتەوە.
ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە تۆڕی ئێکس (تویتەر) ڕایگەیاندووە شەڕەکان بابەتی " ڕاوێژکردنی گرنگ" بوون لە نێوان عێراقچی و شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، هاوتای.
بەقایی دوای وتووێژەکان ڕایگەیاند " هەموو وڵاتانی ناوچەکە بەرپرسیارێتییان هەیە ئەوەی لە توانایاندایە بیکەن بۆ پاراستنی ناوچەکە لەو کارەساتی سەپێندراو، بە هەوڵدان بۆ ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە کۆتایی هێنان بە دەستدرێژییەکانی ڕژێم بۆ سەر لوبنان."
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ڕایگەیاند هەردوو وەزیری دەرەوە " تاوتوێی دواین پێشهاتەکانی ناوچەکەیان کردووە، بە تایبەتی کەرتی غەززە و لوبنان."
ئاماژەی بەوەشکردووە، شێخ محەمەد، کە سەرۆک وەزیرانی قەتەریشە، "ئامادەیی تەواوی وڵاتەکەی بۆ ئەنجامدانی هەموو هەوڵێک بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایش و سەقامگیری لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی" ڕاگەیاندووە.
سەردانەکەی عێراقچی دوای ئەوە هات کە ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە بەڵێنی دا تۆڵەی تۆڵەی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بکاتەوە کە لە هەفتەی ڕابردوودا کردییە سەر ئیسرائیل، ئەمەش ترسی شەڕێکی فراوانتری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیاتر کردووە.
یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل هۆشداریدا لەوەی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل لە دژی ئێران "کوشندە، ورد و سەرسوڕهێنەر دەبێت".
لە پەیوەندییەکی نێوان جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە، هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر مانەوە لە "پەیوەندی نزیک" لە کاتێکدا ئیسرائیل وەڵامدانەوەی خۆی بۆ ئێران لەبەرچاو دەگرێت.
سەرۆک جۆ بایدن ڕۆژی چوارشەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نزیکەی 30 خولەکی لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکەی بنیامین نەتانیاهۆ ئەنجامدا، کە یەکەم گفتوگۆیان بوو لە ماوەی نزیکەی دوو مانگدا.
کارین جان پیێر، وتەبێژی کۆشکی سپی دوای گفتوگۆکە ڕایگەیاند ،کۆمەڵێک پرسیان تاوتوێ کرد، "وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆ هێرشەکانی ئێران."