ئەمەریکا هەرهەوڵێک بۆ بە ئامانجگرتنی ئایەتوڵا سیستانی ڕەتدەکاتەوە

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا ڕەتیدەکاتەوە هیچ پلانێک هەبێت بۆ کوشتنی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عێراق.

ئەلینا ڕۆمانۆسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە بەغدا لە تویتێکدا ڕایگەیاند، ئایەتوڵا سیستانی " کەسایەتییەکی ئایینی دیارە و لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە ڕێزی لێدەگیرێت. دەنگێکی گرنگ و کاریگەرە لە بەرەوپێشبردنی ئارامی ناوچەکەدا."

لە تویتەکەی ڕۆژی پێنجشەممەیدا ڕۆمانسۆکی کە بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزی بڵاوی کردووەتەوە دەشڵێت ئەمەریکا هەر جۆرە بە ئامانجگرتنی سیستانی ڕەتدەکاتەوە "بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی هەوڵەکان بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی ئاشتی لە ناوچەکەدا."

ڕۆژی چوارشەممە کەناڵی 14ی ئیسرائیل وێنەیەکی سیستانی بڵاو کردەوە و گوتی لە لیستی ئامانجەکانی ئیسرائیلدایە.

باسم ئەلعەوادی وتەبێی حکومەتی عێڕاق لە بەیاننامەیەکدا بە توندی سەرکۆنەی هەر پێشێلکارییەکی پێگەی دەسەڵاتی ئایینی باڵای وڵاتەکەی کرد.

ئاماژەی بەوەشکرد، "حکومەت هەر هەوڵێک بۆ لێدانی ئەو پیاوە ئایینییە بەڕێزە ڕەتدەکاتەوە، کە نەک تەنها لەنێو عێراقییەکان بەڵکو لەناو کۆمەڵگە عەرەبی و ئیسلامی و نێودەوڵەتییەکاندا پێگەیەکی ڕێزی هەیە."

ئەلعەوادی هەروەها داوای لە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەزگا نێودەوڵەتییەکانیش کرد کە ئەم کارە ئیدانە بکەن.