مامۆستایانی وانەبێژ: لە بەرامبەر پێنەدانی شایستە داراییەکانمان لە مافەکانی خۆمان خۆشنابین

نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ دەڵێت بڕیاربوو ئەم هەفتەیە، مامۆستایانی وانەبێژ شایستە داراییەکانیان وەربگرن، بەڵام بە بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیران ڕاگیراوە، وتەبێژی وەزارەتی داراییش دەڵێت هێشتا موچەی مانگی نۆی هیچ لە مامۆستایان ڕانەگەیەندراوە نەک تەنها ئەوان.

عەلی ڕەئوف نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ئێمە لە مانگی شەشەوە کرێی وانەبێژیمان وەرنەگرتووە تا مانگی حەوت و هەشتیش."

ئەو گوتیشی " سەبارەت بە مانگی نۆ کە بوینە گرێبەست، کە نیوە مافەکەیان داوین و وابڕیارە لەگەڵ وەزارەرتی پەروەردە مووچەی گرێبەستبوونمان وەربگرین، بەڵام پێش نۆ پارساڵی خوێندنمان بۆ سەرف نەکراوە کە دەڵێن هی مووچەخۆرانیش نەدراوە خۆ هی ئێمە مووچە نییە و لەسەر داهاتی ناوخۆیە."

دەشڵێت بڕیار بوو " ئەم هەفتەیە وەریبگرین بەڵام بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ڕاگیراوە" سوریشە لەسەر ئەوەی کە لە مافی خۆیان خۆشنابن و پێی وابوو " ئەمە یاریکردنە بە هەستی مامۆستایانی وانەبێژ."

دەنگی ئەمەریکا لەسەر ئەم پرسە چەند جارێک پەیوەندی کرد بە وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەڵام پەیوەندییەکە بەردەست نەبوو.

وتەبێژی وەزارەتی دارایی، هونەر جەمال بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردە کە خودی نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ ڕایانگەیاند لە مانگی نۆوە مووچەی گرێبەستیان بۆ سەرف دەکرێت، ئێستا هێشتا مووچەی مانگی نۆمان ڕانەگەیاندووە تا ئەوان وەری نەگرن."

دەشڵێت " ئەگەر ئەوان دوو مانگ لە دواوەن، فەرمانبەرانی تر ساڵی ڕابردوو سێ سێ مووچەیان وەرنەگرتووە، ئەگەر مووچەی مانگی نۆ ڕاگەیەندرا و وەزارەتی پەروەردە وەریگرت و ئەوان وەریان نەگرت ئەوکاتە دەکرێت بڵێی کێشە بۆ مووچەکانیان دروست بووە، بەڵام هێشتا هەر ئیعلان نەکراوە."

لە مانگی هەشتدا پاش کۆبونەوەی ژمارەیەک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە داوای دامەزراندنیان کرد، حکومەت ڕایگەیاند بڕیاری داوە 38 هەزار وانەبێژ لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستاندا بکات بە گرێبەست.

بە گرێبەستکردنی 38000 مامۆستا پێویستی بە نزیکەی 18 ملیار دینار هەیە و بە هەمیشەیی کردنیشیان 25 ملیاری پێویستە، داهاتی ناوخۆش مانگانە نزیکەی 300 ملیارە و لەو ژمارەیەش 80 ملیاری دەگەڕێتەوە بۆ بەغداد وەک داهاتی ئیتیحادی، جگە لە مامۆستایانی گرێبەستیش ژمارەیەکی تر لە فەرمانبەران و مووچەخۆرانی حکومەت مووچە لە داهاتی ناوخۆ وەردەگرن.