زریانی مێڵتن، ڕەشەبایەکی بەهێز و گێژەڵوکەی توندی لەگەڵ خۆیدا هێناوە بۆ ستانی فلۆریدا و زیانێکی گەورەی گیانی و ماڵیشی داوە لە ستانەکە.
هەڵۆ زەندی، دانیشتوویەکی ستانی فلۆریدایە و دەڵێت "تا ئێستا بەپێی دامەزراوە فەرمییەکانی ستانی فلۆریدا، وەهایان مەزەندە کردووە، زیانی ماڵیی زریانی مێڵتن نزیکەی 175 ملیار دۆلاربێت و بەپێی سەرچاوەکانیش تا ئێستا نزیکەی 10 کەس گیانیان لەدەستداوە و زۆربەیشیان بەهۆی ئەو گێژەڵوکانەوە گیانیان لەدەستداوە کە بەهۆی زریانەکەوە دروست بوون. ڕاستە ئەم جۆرە زریانانە زۆر زۆربەهێزن، بەڵام ئەو گێژەڵوکانەی لە بەرەنجامی ئەو زریانانە دروست دەبن لە هەندێک باردا بەهێزتر دەبن لە زریانەکە. هاوکاتی ئەم زریانەی مێڵتن، نزیکەی 15 گێژەڵوکەش دروستبووە."
جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا ئەم زریانەی مێڵتن بە "زریانی سەدە" ناودێر دەکات.
لەگەڵ ئەوەشدا باس لەوە دەکرا کە هێزی زریانەکە لە پلە پێنجدا دەبێت کاتێک دەیدات بە زەویدا، بەڵام وەک بەڕێز زەندی، ئاماژەی پێدەکات، ئەم زریانەی مێڵتن کە دەیدات بە زەویدا پلەکەی دەبێتە 3 و دەڵێت " وێڕای هەموو ئەو زیانانەی زریانەکە داویەتی، خۆشبەختانە کە داویەتی بە زەویدا لە پلەی سێهەمیدا بوو؛ زریانەکان 5 پلەیان هەیە و پلە پێنجەکەی لە هەموویان بەهێزترە و پلە یەکیش لە هەمووی لاوازترە. یەکەم جار زریانەکە لە ناوچەی تامپا بەیی ستانی فلۆریدای داوە و پلەکەی 3 بوو بەڵام دواتر هێزەکەی کەمتر بووەوە و بوو پلە 2 و خێرایی و هێزی بایەکەکەی لە 96 بۆ 100 میل بوو لە یەک کاتژمێردا، ئەم هێزی بایەش بەهۆی بوونی دار و درەخت و باڵەخانەکانەوە، هێدی هێدی هێزەکەی کەمتر دەبێتەوە. زریانەکە یەکەم جار کە دای بە زەویدا پلە 3 بوو لە ناوچەی تامپا بەی، ستانی فلۆریدا و هێز و خێرایی بایەکەی 111 بۆ 130 میل بوو. وەهاش چاوەڕوان دەکرا، هێزی زریانەکە زیاتر بێت بەهۆی ئەوەی کاتێک ئەم زریانانە بەسەر ئاوی گەرمدا ڕەت دەبن وەک ئەوەیە بەنزین بکرێت بەسەر ئاگردا، نیگەرانییەکانیش لەوەوە سەرچاوەیان گرتبوو کە پلەی گەرمیی ئاوی کەنداوی مەکسیک لە پلەی گەرمای بایەکە بەرزتر بوو، و هەتا پلەی گەرمیی ئاوەکە زیاتر بێت ئەوا هێزی زریانەکە زیاتر دەبێت."
زریانی مێڵتن، بووە هۆی ئەوەی بە ملیۆنان دانیشتووی ستانی فلۆریدا، وزەی ئەلیکتریکیان نەمێنێت.
بەڕێز زەندی دەڵێت"هیچ ئاماژە یان دەنگێک نییە سەبارەت بەوەی کەی وزەی ئەلیکتریک دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەکان بەهۆی ئەوەی ئەم زریانە زیانێکی زۆری داوە لە تۆڕەکانی وزەی ئەلیکتریک، دەستکراوە بە چاکردنەوە بەڵام بەپێی ئەو ئەزموونانەی هەمە لەگەڵ ئەم جۆرە زریانانەدا، لەوانەیە هەتا 7 ڕۆژی تر، ئەوجا بەتەواوەتی ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت. تا ئێستا کە قسەی تیادا دەکەین 2 ملیۆن و 800 هەزار کەس بێ وزەی ئەلیکتریکن."
حکومەتی فێدراڵیی ئەمەریکا و حکومەتەکانی بەشێکیش لە ستانەکانی ئەمەریکا، تیمەکانی فریاگوزاری و یارمەتییان دابین کردووە بۆ ستانی فلۆریدا.
بەڕێز زەندی دەڵێت "48 کاتژمێر بەر لەوەی زریانەکە بگات، حکومەتی فێدراڵ وەک بەشێک لە پلانەکان بۆ کارەساتە سروشتییەکان یارمەتی و کۆمەک تەرخان دەکات؛ لە ستانەکانیشەوە، ژمارەیەکی زۆری ئامبۆلانسیان ناردووە وەک ستانەکانی لویزیانا و جۆرجیا و تەکساس و هەروەهاش ژمارەیەکی بەرچاوی کارمەندانی چاککردنەوەی تۆڕەکانی وزەی ئەلیکتریک نێردراون."
هەمیشە لە کاتی زریانەکاندا، ئەو ناوچانەی زریانەکان لێیان دەدەن، ڕووبەڕووی کێشەی کەمیی خواردەمەنی و خواردنەوە دەبنەوە.
بەڕێز زەندی، لە لێدوانەکەیدا بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت ئەمجارە ڕەوشەکە باشترە لە ستانی فلۆریدا بە بەراورد بە جارانی تر "ئێستا خەڵک فێربووە و چەند ڕۆژێک بەر لە گەیشتنی زریانەکە، خەڵك ڕوودەکەنە بازاڕەکان و خواردن و خواردنەوەی پێویست دەکڕن، بەڵام زۆر جاریش پێش نزیکەی 24 کاتژمێر لە گەیشتنی زریانەکە، ئەو پێداویستییە ڕۆژانانە لە بازاڕەکاندا زۆرم کەم دەبنەوە یان هەر نامێنن، چونکە خەڵک بە هەڵپە دەیانەوێت پێداویستییەکانیان دابین بکەن."
بەردەوام لە پێش و لە کاتی زریانەکاندا، ڕێنومایی نوێ بڵاودەکرێنەوە بە مەبەستی کارئاسانیکردن بۆ دەستڕاگەیشتن بە نێوەند و بنکە تەندروستییەکاندا.
هەڵۆ زەندی، دەڵێت "ئەمجارە شتێکی زۆر سەیر ڕوویدا، هەر زوو حکومەت ڕایگەیاند، ئەو جێگەیانەی کە نزیکن لە کەناراوەکانەوە و بە بەشی ئەی و بی و سی، دادەنرێن، هەتا زوو چۆڵ بکرێن، چونکە بە هیچ جۆرێک ناتوانرێت یارمەتییە تەندروستییەکان و تەنانەت ڕزگارکردنیش بتانگەنێ و ئەو داوایەشیان زۆر بە ڕاشکاوی کرد، کە ئەوەی ماڵەکانیان نزیکە لە کەناراوەکان دەبێت ماڵ چۆڵبکەن و بڕۆن بەرەو جێگەیەکی تر؛ هەربۆیە دوو ڕۆژ بەر لە گەیشتنی زریانەکە، ڕێگەیەک هەیە ناوی ئای 4ە و بەرەو ڕۆژهەڵاتی فلۆریدا دەڕوات، هەر پێنج هێڵی ئەو ڕێگەیە کرابوونەوە، لە باری ئاساییدا نزیکەی 2 کاتژمێر پێویستە بۆ گەیشتن بە شوێنێک کە بڵێیت دور بێت لەوشوێنانەی زریانەکە لێیان دەدات، بەڵام کاتێک ئەو ناوچانە چۆڵکران، خەڵک هەبووە بە 10 کاتژمێر خۆی گەیاندۆتە ناوچەیەکی پارێزراو."
هەڵۆ زەندی، هەڵسەنگاندنێکیش دەکات بۆ هەوڵە فریاگوزارییەکان و بە هاناوەچوونی خەڵک و ڕزگارکردنیان لە زیانەکانی ئەم زریانەی مێڵتن و دەڵێت "ئەم هەوڵانە، تەنها بە کارمەندە خۆجێیەکان ناکرێن، وەها باشترە ئەو ئەرکانە لە ئەستۆی {ناشناڵ گارد} پاسەوانانی نیشتمانی بنرێن. لەبیرمان نەچێت، تەواوی کارمەندە خۆجێیەکانیش، خاوەنی خێزان و کەسوکارن و بە دڵنیاییەوە کاتێک زریانێک لە ناوچەیەک دەدات، قورسە خەڵکی ناوچەکە بتوانن یارمەتی خۆیان بدەن، بۆیەشە یارمەتی لە دەرەوەی ناوچەکەوە، پێویست دەبێت. لەوبڕوایەدام لە ئاوەها ڕەوشێکدا پێویست بە ناشناڵ گارد دەبێت بۆ ئاسان کردنی کاروبارەکان."
بەڕێز زەندی، کە لە ناوچەی کلێر واتەر دەژی لە ستانی فلۆریدا، دەشڵێت "ئەو شەقامەی بەردەوم ماڵەکەم، بەتەواوەتی داخرابوو، ناچار خەڵکت گەڕەک، خۆمان کەوتینە خاوێنکردنەوەی و بڕینەوەی درەختەکان و گسک و خاکەنازیان پێبوو، شەقامەکانیان خاوێن دەکردەوە. ئەم زریانەی مێڵتن نزیکەی دوای 12 یان 13 ڕۆژ بوو دوای زریانی هێلین، هێشتاش پاشماوە و خاشاکەکانی دوی هێلین لەسەر شەقامەکان مابوونەوە و هەر تەنها چەند ڕۆژێک بەر لە گەیشتنی زریانی مێڵتن دەستکرا بە خاوێنکردنەوەی شەقامەکان، ئیتر کە ئەم زریانەش هات، هێندەی تر ئەرکەکانی قورستر کردون."