ئێران سزای زیندانی 2 ڕۆژنامەوانی چالاک لە ڕووماڵی ناڕەزایەتییەکانی ژن ژیان ئازادیدا کەمدەکاتەوە

دادگای ئێران بڕیاری دا بە کەمکردنەوەی ماوەی زیندانیکردن بۆ دوو ڕۆژنامەنووسی دیاری ئێران کە ڕۆڵێکی گرنگیان بینیوە لە ڕووماڵکردنی ناڕەزایەتییەکان دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی و کۆماری ئیسلامی بە هاوکاریکردن لەگەڵ ئەمەریکا تۆمەتباری کردوون.

دادگای تێهەڵچوونەوەی ئێران تۆمەتی هاوکاری هەردوو ڕۆژنامەنووسەکەی لەگەڵ ئەمەریکا ڕەتکردووەتەوە.

ساڵی ڕابردوو حکومەتی ئێران سزای 13 ساڵ زیندانی بەسەر نەیلوفەر حەمەدی و 12 ساڵ زیندانی بەسەر ئیلاهە موحمەمەدی سەپاند.

دەستەڵاتدارانی ئێران هەردوو ڕۆژنامەنووسە ژنەکەیان بە هاوکاریکردنی ئەمەریکا تۆمەتبار کردبوو، هەرچەندە ئەوان ئەو تۆمەتانەیان ڕەتکردووەتەوە و چالاکوانانی ئێران دەڵێن حکومەت بەهۆی کاریگەری ڕووماڵی خۆپیشاندانە فراوانەکانی ساڵی 2022 ئەو تۆمەتەی خستونەتە پاڵ.

ئەسغەر جەهانگیر، وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری ئێران، ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سزای زیندانی بۆ هەریەک لە دوو ڕۆژنامەوانەکە کەمکراوەتەوە بۆ 5 ساڵ.

وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری وتی، "ئەوان لە تۆمەتی هاوکاریکردن لەگەڵ ئەمەریکا لە دادگای تێهەڵچوونەوە بێتاوان دەرچوون."

ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ شەممە میدیا ناوخۆییەکانی ئێران بڵاویان کردەوە، دادگای باڵای ئێران سزای لەسێدارەدانی چالاکوانی مافی کرێکاران شەریفە محەمەدی هەڵوەشاندەوە کە تۆمەتبارکرابوو بە کارکردن لەگەڵ حزبی کۆمەڵە.

ئەمیر ڕەئیسیان، پارێزەری چالاکوان شەریفە محەمەدی، دوێنێ بە ڕۆژنامەی شرغی ڕیفۆرمخوازی ڕاگەیاند، "دادگای باڵا ... بڕیاری دژی بریکارەکەم خاتوو شەریفە محەمەدی هەڵوەشاندەوە".

پارێزەرەکەی ئاماژەی بەوەشکرد، دۆسیەکە ڕەوانەی دادگا کراوەتەوە.

شەریفە محەمەدی تەمەن 45 ساڵ چالاکوانێکی پرسی کرێکارانە کە مانگی دوازەی 2023 لەلایەن پاسدارانەوە دەستگیرکرا. سەرەتای مانگی حەوت بە تۆمەتی یاخی بوون و ئەندامێتی لە حزبی کۆمەڵە سزای مەرگی بەسەردا سەپێندرا.