پەنتاگۆن دەڵێت ئەمەریکا سیستەمی پێشکەوتووی دژە مووشەکی بۆ ئیسرائیل دەنێرێت

ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند سیستەمێکی پێشکەوتووی دژە مووشەکی و هێزی سەربازی خۆی بۆ کارپێکردنی سیستەمە مووشەکییەکە ڕەوانەی ئیسرائیل دەکات لە پێناو بەهێزکردنی بەرگرییە ئاسمانییەکانی وڵاتەکە لە دوای هێرشە موشەکییەکانی ئێران.

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەو سیستەمە "بۆ بەرگریکردن لە ئیسرائیل" دەنێرێت.

پات ڕایدەر وتەبێژی پەنتاگۆن ڕایگەیاند، جێگیرکردنی سیستمی بەرگری لە بەرزاییەکان دەبێتە هۆی بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل.

ڕیدەر لە بەیاننامەیەکدا گوتی: ئەمە بەشێکە لەو دەستپێشخەریە بەرفراوانانەی کە سوپای ئەمەریکا لە چەند مانگی ڕابردوودا کردوویەتی بۆ پشتیوانیکردن لە ئیسرائیل و پاراستنی ئەمەریکاییەکان لە هێرشەکانی ئێران و میلیشیاکانی هاوپەیمانی ئێران.

عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران پێشتر ڕۆژی یەکشەممە هۆشداری دابوو کە ئەمەریکا "بە جێگیرکردنی هێزی سەربازی خۆی بۆ کارپێکردنی سیستەمی مووشەکی ئەمەریکایی لە ئیسرائیل، سەربازەکانی دەخاتە مەترسییەوە".

سەرچاوە: ڕۆیتەرز