ئەردۆغان لە ژێر مەترسی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ کورد دەهێنێتەوە بەر باس

تورکیا دوای 10 ساڵ لە پشتگوێخستنی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ کورد، جارێکی تر خۆی بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی پرۆسەکە ئامادەدەکات، لە هەوڵێکدا کە دەوترێت پەیوەندی بە ترسی دەستەڵاتدارانی تورکیاوە هەیە لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران.

مستەفا ئۆزچەلیک، سەرۆکی پارتی وڵاتپارێزی کوردستان، لەمبارەوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە کە چی پڕۆژە و پلانێک لە گیرفانی دەوڵەتی تورکیادا هەیە... ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دۆخێکی زۆر ئاڵۆز و شەڕێکی فراوان هەیە. لە کەشێکی وەهادا ئەگەری ئەوە هەیە تورکیا بترسێت کە ئەم شەڕەی ئێستا کاریگەری لەسەر کوردەکانی باکور هەبێت. بەهۆی ئەمەوە ڕەنگە بیەوێت بە پاڵپشتی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان، بەتایبەتی ئەوانەی دەنگی کورد بەدەست دەهێنن، وەک پارتی دەم و هوداپار، مانۆڕێک بکات."

مستەفا ئۆزچەلیک هۆشداریی دا لایەنە کوردییەکان کە "دەبێت لەم ڕووەوە وریا بین" و جەختی کردەوە کە پرسی کورد لە تورکیا بەڕووی هەموو چارەسەرێکدا کراوەیە، بەڵام پێویستە بۆچوونی "هەموو کورد" وەربگیرێت.

پێنجشەممەی ڕابردوو ماڵپەڕی مۆنیتەری ئینگلیزی لە ڕاپۆرتێکدا، بە پشتبەستن بە دوو سەرچاوەی ئاگادار، ئەوەی گواستووەتەوە کە حکومەتی تورکیا لەم ماوەیەدا ڕێگەی بە ئۆجەلان داوە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە سەرکردایەتی پەکەکەوە بکات لە قەندیل بۆ تاوتوێکردنی پرسی چەکدانانی پەکەکە.

ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوە کردووە گوایە ئۆجەلان داوای لە بەرپرسانی پەکەکە لە قەندیل کردووە بگەڕێنەوە نێو دانوستانەکان بۆ دانانی چەک بەڵام لەسەر پرسی چارەنوسی چەکدارەکانی پەکەکە گفتوگۆی توند لە نێوان ئوجەلان و سەرکردەکانی پەکەکە دروستبووە.

دیمەنی پۆلێک لە چەکدارانی پەکەکە لە باکوری رۆژهەڵاتی دهۆک ساڵی 2013 گیراوە.

هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، دەنگی ئەمەریکا هەڵوێستی فەرمی پەکەکەی لەسەر ئەنجامدانی ئەو پەیوەندییە دەستنەکەوتووە.

دوێنێ ئەردۆغان دوای گەڕانەوەی لە ئەلبانیا و سڕبیا، هەنگاوەکانی ئەم دواییەی نزیکبوونەوە لە پارتی دەم بە ئەرێنی وەسفکرد.

ئەردۆغان ڕایگەیاند، "لە جوگرافیایەکدا کە بە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دەورە دراوە، لە قۆناغێکی گرژی لە عێراق و شەڕی ناوخۆ لە سوریا و دڕندەیی ئیسرائیل، گرنگە ئاشتی لە ناوخۆدا بەرقەرار بکرێت."

چاودێرانی سیاسەتی تورکیا دەڵێن ئەگەری هەیە ئەردۆغان بیەوێت لەم ڕێگەیەوە پشتگیری پارتی دەم بۆ گۆڕینی دەستوری وڵات بەدەست بهێنێت.

ئەردۆغان دوێنێ بە ڕۆژنامەنووسانی وت، "هەمیشە ئامادەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوازی ناتیرۆریستی. چونکە ئێمە سیاسەت دەکەین بۆ بەهێزکردنی ئارامی و یەکڕیزی وڵاتەکەمان و پێشکەشکردنی ئەو خزمەتگوزارییە کوالیتییانەی کە شایەنی میللەتەکەمانن. هەر لەبەر ئەمەشە داوای دەستوورێکی نوێ دەکەین."

وەک ئاماژەیەک بۆ هەڵوێستەکە چاوەڕواننەکراوەکەی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە بەرامبەر بە پەرلەمانتارانی دەم پارتی، ئەردۆغان ڕاشیگەیاند، "هیوادارین ئەو دەستەی کە درێژمان کردووە بێتە گرتن."

لە ڕۆژی 1ی مانگی 10ی 2024 دەوڵەت باخچەلی لە هۆڵی پەرلەمان تەوقەی لەگەڵ پەرلەمانتارانی پارتی دەم کرد و ئاماژەی کرد بە "سەردەمێکی نوێ" و گرنگی دەستەبەرکردنی ئاشتی ناوخۆیی لە تورکیادا.

دەم پارتی هەتا ئێستا هەڵوێستێکی ڕوونی لەسەر ئەم لێدوانانەی دوایی ئەردۆغان و باخچەلی دەرنەبڕیوە، بەڵام پەرلەمانتارانی حزبەکە دەڵێن بە گومانەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە نوێیە دەکەن.

سینان چیفتورەک، پەرلەمانتاری پارتی دەم لە وان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "باخچەلی و ئەردۆغان دەڵێن، 'ئێمە دەمانەوێت ئاشتی لە ناوەوە و دەرەوە بەدیبهێنین.' مەبەستیان لە ناوەوە ئاشتی لەگەڵ کورد و سیاسەتیان بەرامبەر بە کوردە. گرنگ ئەوەیە ئایا بەڕاستی دەیانەوێت کورد قبوڵ بکەن و کێشەی کورد چارەسەر بکەن؟ ئەمڕۆ پرسی دانانی دەستورێکی نوێ هەیە و لە ئەگەری هەبوونی خواست بۆ شتێکی وەها، پێویستە ناسنامەی کورد لەم دەستوورەدا بە ڕوونی قبوڵبکرێت."

سەرۆکی هاک پار، دوزگون کاپلان، چەسپاندنی ناسنامەی کورد لە دەستوری تورکیادا بە گرنگترین داواکاری دادەنێت.

دوزگون کاپلان بە دەنگی ئەمەریکای وت، ئەوان چارەسەری کێشەی کورد بە "ڕەش و سپی" نابینن بەڵکو ئامادەی گفتوگۆن و ڕاگەیاند، "ئێستا باسی ئاشتی دەکرێت. سەرەتا، گەورەترین کێشە کورد و کوردستانە. ئەگەر دەوڵەت چارەسەری ئاشتیانە و دیموکراسیانە بکات ئێمە لەوە دوورنین. وەکو هاک پار دەڵێین ئەگەر چارەسەرێک خوازرا، پێویستە هەموو حزب و دامەزراوە کوردییەکان بەشداربن. لەم ڕۆژانەدا باس لە دەستورێکی نوێ دەکرێت، پێویستە شوناسی کورد لەم دەستورەدا جێگیربکرێت. ئەگەر ئەوە ڕوونەدات، هیچ پێشکەوتنێک ڕوونادات".