دوای تێپەڕبوونی 21 ڕۆژ بەسەر بانگەشەی هەڵبژاردنی لایەنە سیاسیە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستاندا، ئەمڕۆ 15ی مانگی 10 کۆتایی بە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان هات، وێڕای ئەوەی لایەنەکان زمانێکی زبریان دژی یەکتر لە بانگەشە بەکارهێنا، بەڵام چاودێرێکی سیاسی دەڵێت،" زمانی بانگەشەی سەرجەم لایەنە سیاسیەکان دوور بوون لە ویست و خواست خەڵکی هەرێم."
بە پێی ڕێنماییەکانی کۆسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ کاتژمێر 12ی شەو وادەی کۆتایی بانگەشەی هەڵبژاردنە بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، کە پێویستە لایەنەکان بانگەشەکانیان بوەستێنن. سەرکردەی لایەنە سیاسیەکان لە پارێزگا جیاوازەکان دوا هەڵمەتی باگەشەی حزبەکانیان ئەنجامدا.
مەسعود عەبدوخالق، چاودێری سیاسی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئێمە تێبینیمان کرد زۆربەی حزبە کوردستانیەکان و کاندیدەکانیش دروشمەکانیان هاوتا نەبوو لەگەڵ ناخی دەنگدەر، یاخود سایکۆلۆژیەتی دەنگدەر، خەڵک بە گشتی چاوەڕێی گۆڕانکاریە، بۆیەگوێیان لەئەو دروشمانەی لایەنەکان نەگرت، خەڵک دەیەوێت قەناعەت بکەن کێ دەیەوێت دەسەڵاتەکە بگۆڕن، تا ڕاددەیەک یەکێتی باشتر بوو لە گوتاردا، بەڵام متمانە بە یەکێتی لە هەرێم زۆر نییە، لە ساڵی نەوەدەکان وێنە و بانگەشە و سەردان و قسە کاریگەری هەبوو، بەڵام ئێستا نییەتی چونکە دابەشبوونی چینایەتی هەیە کە بە گوێرەی ئەوە دەنگدەر دەنگ دەدات، واتە پێشتر بڕیاری داوە."
وتیشی،" دەسەڵات باوەڕی بە پەرلەمان و دادگا و سەروەری یاسا نییە، سێ هۆکار هەیە کە وادەکات ئارامی لە پەرلەمانی داهاتوو نەبێت، ئەوانیش دابەش بوونی چینایەتی، دووەم دابەش بوونی سیاسی سەخت، سێیەمیش مەرجەعیەت بەدەست هەرێم نەما بە دەست عێرا ق و وڵاتانی داروسێ یە، بۆیە پێدەچێت سیناریۆی دورستبوونی حکومەت زۆر درێژە بکێشێ و ڕووبەڕووی گرفتی زۆر ببین."
ئەمڕۆ 15ی مانگی دە هەریەک لە پارتی و یەکێتی لە شاری هەولێر و بەرەی گەل و نەوەی نوێش لە شاری سلێمانی دوا هەڵمەتی خۆیان ئەنجامدا. لەماوەی 21 ڕۆژی بانگەشەدا لایەنەکان زمانی زبر و تەشهیریان بەرامبەر یەکتر بەکارهێنا و لە دروشمەکانی زۆرینەی لایەنەکانیشدا بانگەشەی وەرگرتنەوەی دەسەڵات و باشتر کردنی دۆخی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکرا.
لە بانگەشەی حزبەکەی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لە هەولێر وتی،" پارتی هەر لە سەرەتای هەڵبژاردنە جیاوازەکانی پەرلەمانەوە یەکەم بووە و یەکەم دەبێت، سەرەڕای سنورشکێنی هەندێک کەس و لایەن و بەکارهێنانی زمانی زبر و نەشیاو، بەڵم ئێمە تەحەمولمان کرد، وە سوپاسی دام و دەزگاکانی پارتی دەکەین کە خۆیان دانەبەزاندە ئاستی نزمی زمانی هەندێک لایەن."
قسەکانی مەسعود بارزانی وەک وەڵامێک بوو بۆ هێرشە بەردەوامەکانی سەرۆکی یەکێتی بۆسەر پارتی لە میانی چەند ڕۆژی بانگەشەدا، بە تایبەت لە بانگەشەی ئەمڕۆی هەولێردا بافڵ تاڵەبانی کە وتی،" من دووژمنی ئەو تاکڕەویەم کە خەریکە کوردستان کاول دەکات لەلایەن چینێکی کەمی ناو پارتیەوە، فێرتان دەکەین کە ئێوە بەشەرن نەک فیر عەون، و کۆتایی بەو دەسەڵاتە دەهێنین کە هەرێمی بەرەو سیستەمی پۆلیسی بردووە و سوێند بە خوا کاک مەسرور دەتوەستێنم."