نەتانیاهۆ بە ترامپی ڕاگەیاندووە ئیسرائیل لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی خۆی بڕیار دەدات

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە 20ی مانگی دە ڕایگەیاند کە بنیامین ناتانیاهۆ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دانۆڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا و کاندیدی پارتی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2024، ڕایگەیاندووە ئیسرائیل قسەی حکومەتی ئەمەریکا لەبەرچاو دەگرێت، بەڵام لە کۆتاییدا بڕیارەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان دەدات.

دوو ڕۆژ لەمەوبەر جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، لە کات و چۆنییەتی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆ هێرشە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئاگادار کراوەتەوە.

بایدن لە کۆتایی سەردانەکەیدا بۆ بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا لە نێو کۆمەڵێک ڕۆژنامەواندا جەختی لە بوونی دەرفەتێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ئیسرائیل و کۆتاییهاتنی ئەگەری ململانێکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد "دەرفەتێک هاتوەتە ئاراوە کە پێدەچێت بتوانین پرسی ئێران و ئیسرائیل بە شێوەیەک چارەسەر بکەین کە ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ماوەیەک کۆتایی پێبێت".

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە بەم شێوەیە "ناکۆکییەکان کۆتاییان دێت و بە واتایەکی دیکە کاردانەوەی هاوبەش کۆتایی دێت".

حکومەتی ئێران یەکی مانگی دە زیاتر لە 180 مووشەکی بالیستیکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد لە کاردانەوە بە کوشتنی سەرکردەکانی حەماس و حزبوڵا و فەرماندەیەکی باڵای سوپای قودسی سوپای پاسداران لەلایەن ئیسرائیلەوە.

سەرچاوە/رۆیتەرز