وەزیری ناوخۆی تورکیا: لە تەقینەوەکەی ئانکەرە کوژراو و بریندار هەیە

تورکیا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە هێرشێکی کوشندە لە بارەگای پیشەسازیی فڕۆکەوانی تورکیا (توساس) لە نزیک ئانکەرە ئەنجامدراوە، هاوکات دەزگاکانی ڕاگەیاندن تەقینەوەیەکی بەهێزیان لەو شوێنە ڕاگەیاندووە و گرتە ڤیدیۆیی شەڕە تەقەیان بڵاو کردووەتەوە.

عەلی یەرلیکایە، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، "هێرشێکی تیرۆریستی دژی دامەزراوەکانی توساس لە ناوچەی قەهرەمانکازان لە ئانکەرە ئەنجامدرا، بەداخەوە شەهید و بریندارمان هەیە".

تا ئێستا هۆکاری تەقینەوەکە و تەقەی دواتر ڕوون نەبووەتەوە و هەندێک لە میدیاکان باس لەوە دەکەن کە هێرشێکی خۆکوژی ڕوویداوە. ئاژانسی ئانادۆڵوی سەر بە دەوڵەت ڕایگەیاند، تیمەکانی بەهاناچوون گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە.

کۆمپانیای TUSAS یەکێکە لە گرنگترین کۆمپانیاکانی بەرگری و فڕۆکەوانی تورکیا. کۆمپانیاکە KAAN بەرهەم دەهێنێت کە یەکەم فڕۆکەی شەڕکەری نیشتمانییە لە وڵاتەکەدا، و چەندین پرۆژەی دیکەش.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز