پارتی دەم هێرشەکەی تورکیا شەرمەزار دەکات

پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم)، ڕۆژی چوارشەممە لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا هێرشەکەی ئانکەرەی شەرمەزار کرد.

لە بەیاننامەکەی پارتی دمدا هاتووە " ئیدانەی ئەو هێرشە دەکەین کە لە شارۆچکەی قەهرەمانکازان لە نزیک ئانکەرە ڕوویداوە."

ئاماژە بەوەش دەکات هێرشەکە لە کاتێکدایە کە لەم ڕۆژانە بابەتی ئاشتی لە تورکیا هاتووەتە بەرباس.

دەشڵێت "ئێمە بە قووڵی دڵتەنگین بەم هێرشە و هاوبەشی ئەو ئازارانەی کە ئەزموونمان کردووە."

جەختیش لەوە دەکاتەوە "پێویستە لە هەموو کاتێک زیاتر ئاشتی بپارێزین بۆ ئەوەی ئەم ڕووداوە ئازاربەخشانە دووبارە نەبنەوە."

وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند لە هێرشەکەی ئەمڕۆی ئانکەرەدا سێ کەس کوژراون و نزیکەی 14 کەسی دیکەش بریندار بوون.

عەلی یەرلیکایا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس دەڵیت "سێ شەهید و 14 بریندارمان هەیە لە هێرشەکەدا"، هەروەها دەشڵێت"دوو تیرۆریست کوژراون" لە ڕووداوەکەی بارەگای پیشەسازیی فڕۆکەوانیی تورکی کە سەر بە دەوڵەتی تورکیایە ڕوویداوە. پێشتریش هێرشەکەی بە "هێرشێکی تیرۆرستی" ڕاگەیاند.

میدیا ناوخۆییەکان گرتەیەکی ڤیدیۆیییان بڵاوکردەوە کە دوکەڵ و ئاگرێکی گەورە لە شارۆچکەی قەهرەمانکازانی نزیک ئانکەرە بەرزبووەتەوە.

تەلەفزیۆنی خەبەر تورک ڕایگەیاندووە "بارمتە گیراون" و دۆخەکە بەردەوامە بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو، لە کاتێکدا تەلەفزیۆنی تایبەتی ئێن تی ڤی باسی شەڕە تەقەی کردووە دوای تەقینەوەکە، کە لە دەوروبەری کاتژمێر 4:00ی پاشنیوەڕۆ بەکاتی ناوخۆ ڕوویداوە.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ کەس و لایەنیک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی نەگرتووەتە ئەستۆ، بەڵام وەزیری داد وتی لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە.