پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، بە ڕوونی جیاوازی لە نێوان سیستەمی فرە بازنەیی ئەم جارە و یەک بازنەیی هەڵبژاردنەکانی پێشوو بەدی دەکرێت. ئەم سیستەمی فرە بازنەیییە لایەن بەشێک لە پارت و لایەنەکان پێیان باشترە لە یەک بازنەیی و بە پێچەوانەوە بەشێکیش لەگەڵ هەڵبژاردنی یەک بازنەیین.
دەپرسین:
ئەرێنی و نەرێنی هەردوو سیستەمەکە چین؟
لەم هەڵبژاردنە بە قازانجی چ پارت و لایەنێک بوو و هەروەها زەرەرمەند کێ بوو؟
ئایە بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە سیستەمی فرە بازنەیی بەڕێوەدەچن یان شیانی هەیە بکرێنەوە بە یەک بازنەیی؟
لەبابەتی ڕۆژی بەشی کوردی تاوتوێی ئەم پرسە دەکەین بەمیوانداری بەڕێزان:
دکتۆر یوسف محەمەد، سەرۆکی خولی چوارەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان
هەندرێن محەمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێم
مامۆستا دەریا محەمەد، شارەزایی یاسایی و مامۆستای زانکۆی کۆیە
Your browser doesn’t support HTML5
د.یوسف محەمەد
دیارە لە هەموو جیهاندا هیچ سیستمێک نیە هەموو لایەنەکانی باش بێ و بێ خاڵی نەرێنی بێت، بەڵام ئەم سیستمی فرە بازنەیی ڕێژەییەی ئەمجارە پەیڕەوکرا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان پێموایە دادپەروەری زۆرتری تێدایە وەک لە سیستمی یەک بازنەیی کە دەنگ و قورسایی هێزە سیاسییەکان لە پارێزگایەکەوە کاریگەری لەسەر پارێزگایەکی تر بەجێبهێڵێت، بۆ نمونە ئێمە لە خولەکانی پێشووی پەرلەمان ئێمە هەستمان کرد فراکسیۆنی پارتی ئەو زۆرینەیەی هەیەتی پەیوەستبوو بەدەنگەکانی لە دهۆک زۆرینەی ئەندامەکانی لە دهۆکەوە دەهاتن، کە ئەمە کاریگەری لەسەر کۆی پڕۆسەی سیاسی و بەرکەوتەی کورسی و هێزە سیاسییەکانیش بەجێدەهێشت، کێشەکە لە کوردستان ئەوەیە پڕۆسەی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان ئازاد نیە ئەگەرنا سیستمی فرەبازنەیی بۆ خودی حزبەکانیش دادپەروەری تێدایە، بۆ نمونە ئەوکاتەی من سەرۆکی پەرلەمان بووم پارتی هیچ نوێنەرێکی پارێزگای هەڵەبجەی نەبوو بەڵام ئەوەتا ئێستا کورسییەکی لەو پارێزگایە هەیە، یەکێتی و هەڵوێستیش لەدهۆک بەهەمان شێوە کورسییان هێناوە، واتە حزبەکان نوێنەرییان دەبێت لەهەموو پارێزگاکانەوە بۆ پەرلەمان، کە دەوترێ ئەم سیستمە لە بەرژەوەندی حزبە جوکەکان نیە، ئاخر سیستمەکە چی بکات حزبەکان کێشەی ناوخۆۆیان هەیە و دەبنە دووبەش ،بێگومان ئەوە کاریگەری لەسەر دەنگەکانیشییان دەبێت.سیستمی فرەبازنەیی هانی حزبەکان دەدات هاوپەیمانی دروست بکەن و نەبنە دووکانی سیاسی.
لە هەرێمی کوردستان کە گومان لەسەر دەسەڵاتەکان و سەربەخۆییان هەیە بێگومان شتی ئەلیکترۆنی زیاتر گومانی لەسەرە، ئەوەتا لە ئەمەریکا ترەمپ متمانەی بەسیستمی ئەلیکترۆنی نیە چ جای لای خۆمان، بۆیە پێویستە ئەمجارە لایەنەکانی ناڕازین لە ئەنجامەکان وەکو ساڵی 2018نەکەن ئەگەر بەڵگەیان هەیە پێشکەشی بکەن.
ئەم سیستمی فرەبازنەییە هاوسەنگی هێزی هێناوەتە ئاراوە جاران لە یەک بازنەیی پارتی بە٤٥کورسی+پێکهاتەکان و چەند لایەنێکی نزیکی ٥٠+١ی هەبوو، ئێستا ڕاستە پارتی یەکەمە ئیتر نازانم دەنگی خەڵکە یا ساختەکاری بەڵام لە پلەی یەکەمدایە لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانێت بە تەنها حکومەت پێکبهێنێت و ٥٠+١ی نیە ئەمجارە بەهۆی ئەم سیستمەوە.
ئەوەی بەردەوام وڵاتانی دەرەوە و نەتەوەیەکگرتووەکان داوامان لێدەکەن هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانەیە، بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان هەڵبژاردن ئازاد نیە، بەڵام سیستمی فرەبازنەیی تاڕادەیەک دادپەروەرانەیە کە ئەمجارە پەیڕەوکرا، هەتا کۆنترۆڵی هێزە چەکدارەکان و موچە و قوتی خەڵک لەدەست ئەو دوو حزبە بێت پێموانیە هەڵبژاردن لە کوردستان ئازاد بێت.
لەم هەڵبژاردنە هەندێک لایەن چەندین بەڵێنیان دا یەکێک لە بەڵێنەکان بنەجێگیرکردنی موچەی فەرمانبەران(تەوتین)بوو باچاودێری بکەین بزانین ئەو بەڵێنانە جێبەجێدەکەن.
ئەگەر سیستمی فرەبازنەیی بە(سانتلیگۆ)ی هەموارکراو لەم هەڵبژاردنە جێبەجێکرایە ئەوا حزبە بچوکەکان زیاتر زیانیان دەکرد، ئەمەی هەبوو سانتلیگۆ نەبوو، بەڵکو ڕێژەیی بوو.
هەندرێن محەمەد
دیارە هیچ سیستمێکی هەڵبژاردن لە ١٠٠%باش و دادپەروەرانە نیە، ئەوەی پەیوەستە بە باشییەکانی سیستمی فرەبازنەیی بوونی نوێنەرایەتی هەموو بازنە و شارەکانە لەناو پەرلەمانی داهاتوو، سەبارەت بە لایەنە ناباشەکانی ئەو سیستمەش، (فرە بازنەیی) کە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی هەرێمی پێ ئەنجامدرا، بریتیە لەوەی بۆشایی نێوان شارەکان زیادە دەکات و کەسایەتیەکی بە توانایی نیشتمانی سەرنەکەوێت، بەڵکو شارچێتی لەم سیستمەدا زیاتر زەق دەبێتەوە لەکاتێکدا پەرلەمان کار و ئەرکی جیاوازترە لە ئەنجومەنی پارێزگاکان، ئەوەی دۆخی عێراقی والێکرد ئەو سیستمی فرەبازنەییە بوو، کەوایکردووە، کورد تەنها دەنگ بە کورد بدات، سونە تەنها بە سوننە، شیعە بەشیعە،هەروەها یەکێکی تر لە ڕەخنەکان لەم سیستمە بەفیڕۆچوونی ژمارەیەکی زۆری دەنگی حزبە بچوکەکانە، بەدیهێنانی دادپەروەری دەنگدان پەیوەستە بەو یاسا و سیستمەی کە شێوەی دەنگدانەکە دیاریدەکات، بەدڵنیایی ئەو حزبە بچوکانە بە ناشارەزایی وەک پەرچە کردارێک بەرامبەر پارتی داوای سیستمی فرە بازنەییان دەکرد بۆ هەڵبژاردن، ئەگەرنا ئەگەر شارەزا بوونایە لە سیستمەکە و شێوازی دەنگدان و دابەشکردنی کورسییەکان لە فرەبازنەیی ئەو داوایەیان نەدەکرد، ئێستا کە ئەنجامی بەرایی دەرچووە دەبینن چەندە دەنگییان بەفیڕۆ چووە بەراوردی دەکەن لەگەڵ یەک بازنە دەبینن چەندە زیانیان کردووە، جیاوازییەکە دەبینن بەداخەوە لای ئێمە شت بە پەرچەکردارە تەنانەت یاساکان نەک لەسەر بنەمای داتا و هەڵسەنگاندن، ساڵی پار کۆبونەوەیەکمان هەبوو لەگەڵ لایەنەکان من بەلایەنەکانم وت، حزبە بچوکەکان زیانمەندی یەکەمی سیستمی فرە بازنەیین چونکە هەڵبژاردن تەنها یاسا نیە بەڵکو ئاماریشە، کەچی یەکێک لە نوێنەری ئەو حزبانە بەمنی وت، ئێمە زیان دەکەین نەک ئێوە، ئێوە حەقتان چیە بافرە بازنە بێت.
پەرلەمان بریتیە لە ڕەنگدانەوەی دەنگی دەنگدەر نەک دەستاودەستکردنی دەسەڵات و پڕۆسەیەکیدیموکراسی، دەنگدەرێک کەبەشداری هەڵبژاردن دەکات.
لە شێوازی فرە بازنەیی بێگومان حزبە بچوکەکان زیانمەندی یەکەم بوون و دەنگی زۆریان بەفیڕۆ چوو، بێگومان پارتی و یەکێتیش دەنگیان بەفیڕۆ چوو بەڵام بەوجۆرەی حزبە بچوکەکان نەبوو، بۆیە بەبۆچونی من باشترین شت ئەوەیە سیستمێکی تێکەڵ لەنێوان فرە بازنەیی و یەک بازنەیی تێکەڵ بکرێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، واتە، ئێستا کەکورسییەکانی پەرلەمان سەد کورسییە دەکرێت پەنجا کورسی دابەشبکرێت بەیەک بازنە، پەنجاکەی تر لەسەر ئاستی پارێزگاکان دابەشبکرێت ئەمەش وادەکات هەمووان بەشداربن و دەنگ کەمتر بەفیڕۆ بڕوات.
مامۆستا دەریا محەمەد
سیستمی یەک بازنەیی سیستمێکی ئێکسپایەر و کۆنە، نادادپەروەری زۆری تێدایە، بەگشتی لە وڵاتانی دیموکراتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ئێستا ئەو سیستمە جێبەجێناکرێت، جگە لە ئیسڕائیل ئەویش لەبەر چەند هۆکارێک هەتائێستاش سیستمی یەک بازنەیی لە هەڵبژاردنەکانی جێبەجێدەکات، ئەگەرنا ئێستا سیستمی فرەبازنەیی پەیڕێودەکرێت، چونکە ئەم سیستمە، دادپەروەری زیاتری تێدایە، ئەم سیستمی فرە بازنەییەی جێبەجێکرا لە زیانی پارتی دیموکراتی کوردستان و حزبە زۆر بچوکەکان بوو، ئەگەرنا لایەنەکانی تر پێموانیە گرفتیان هەبێ و پشتیوانی دەکەن، باسی ساختەکاری ناکەم، بەڵام خۆی سیستمی فرەبازنەیی ئەمجارە دادپەروەری زیاتری تێدایە، لیستی وەک هەڵوێست ئەگەر یەک بازنەیی وەکجاران بووایە سێ کورسی دەبرد بەپێی ئەو ئەنجامە بەراییانە، بەڵام چونکە فرەبازنەییە توانیوێتی چوار کورسی ببات.
ئەو حزبە زۆر بچوکانەی کە نەیانتوانیووە بەهۆی سیستمی فرەبازنەییەوە کورسی پەرلەمان بەدەست بهێنن، زیاتر ئەو حزبانەن کە بەبۆچونی خۆم بونەتە بار بەسەر خەڵکەوە لە حکومەت و حزبە فەرمانڕەواکان پارە وەردەگرن، هەتا بەدانپێدانانی خۆیان لە وڵاتانی هەرێمی و دەرەوە پارەیان وەرگرتووە کە ئەمە بەڕاستی کفری سیاسییە، بۆیە یەکێک لەلایەنە خراپەکانی سیستمی یەک بازنەیی دروستبوونی ئەو حزبانەیە، وە یەکێک لەلایەنە باشەکانی سیستمی فرەبازنەیی هەڵبژاردن توانەوەی ئەو حزبە بچوکانەیە کە بوونەتە بار بەسەر خەڵکەوە و بەدانپێدانانی خۆیان پارەیان لە دەسەڵات و وڵاتانی دەرەوە وەرگرتووە، چونکە لە فرە بازنەیی بەتایبەت ئەگەر بازنەکان زیاتر فراوان بکرێن و ژمارەیان زیادبکرێ ئەم حزبانە ناتوانن کورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنن و دەتوێنەوە، بەداخەوە ئەو حزبە بچوکانە هەتائێستاش نەیانتوانیووە دوای دەیان ساڵ لەدروستبونیان بگەنە دەسەڵات، لەکاتێکدا ئەرک و مەهامی هەر حزبێک کەدروست دەبێت کارکردنە تا بگاتە دەسەڵات وە دروستکردنی ڕای گشتیە، ئادەی لای ئێمە کام لەو حزبە بچوکانە توانیویانە بگەنە دەسەڵات! یا ڕۆژێک لە ڕۆژان بۆ نمونە لەسەر کێشەی نەبونی موچە و کارەبا ڕای گشتی دروست بکەن و پێشڕەوی خەڵک بکەن لەخۆپیشاندان، ئەمەیە ئەو هەڵە تێگەیشتنەی لای ئێمە هەیە بۆ مەهامی حزبی سیاسی.