لە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی پۆلیۆ یان ئیفلیجی منداڵان، بەرپرسانی تەندروستی قۆناغی سێهەمی هەڵمەتێکی گرنگی کوتانیان دژ بە ئیفلیجی منداڵان لە باکووری غەززە، دواخست کە بڕیار بوو لە 23ی ئەم مانگە دەستپێبکات. دواخستنی هەڵمەتەکە بەهۆی پەرەسەندنی توندوتیژی و ئاوارەبوونی بەکۆمەڵ و سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە پێداویستییە مرۆییەکانە.
ئەم هەڵمەتە بە سەرۆکایەتی لیژنەی تەکنیکی ئیفلیجی منداڵان بۆ غەززە- کە لە وەزارەتی تەندروستی فەلەستین، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، یونیسێف و UNRWA پێکهاتووە- ئامانجی کوتانی 119 هەزار و 279 منداڵ بوو.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ئەم هەڵمەتە بەشێک بوو لە هەوڵە بەردەوامەکان بۆ ڕاگرتنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئیفلیجی منداڵان لە غەززە. قۆناغی یەکەم لە 1 بۆ 12ی مانگی نۆی 2024 بە سەرکەوتوویی ئەنجامدرا و لە 14ی ئۆکتۆبەرەوە خولێکی دیکە دەستیپێکرد.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت بۆ ڕێگریکردن لە گواستنەوەی ڤایرۆسەکە پێویستە بەلایەنی کەم %90ی هەموو منداڵەکان لە هەموو کۆمەڵگەکانی و گەڕەکەکاندا بکوترێن.
نەتەوە یەکگرتووەکان جەختیش لەوە دەکاتەوە وەستانی شەڕەکە لە غەززە زۆر گرنگە بۆ ئەوەی ڕێگە بدرێت کارمەندانی تەندروستی ڤاکسینەکان بگەیەنن و هاوکاری خێزانەکان بکەن تا بە پارێزراوی بتوانن بگەن بە شوێنەکانی کوتانی منداڵەکان و ڕێگەش خۆشبکرێت تیمە گەڕۆکەکان بە سەلامەتی بگەنە کۆمەڵگەکان.
لە ئەنجامی دواخستنی هەڵمەتی سێهەمدا، منداڵان لە باکووری غەززە ئێستا ڕووبەڕووی دواکەوتن دەبنەوە لە وەرگرتنی دووەم ژەمی ڤاکسینی دژ بە ئیفلیجی منداڵان کە بە قەترە وەری دەگرن. بەرپرسانی تەندروستی جەخت لەوە دەکەنەوە کە کوتان لە کاتی خۆیدا زۆر گرنگە بۆ ڕێگریکردن لە گواستنەوەی ڤایرۆسی ئیفلیجی منداڵان و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتر.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و یونیسێف بانگەوازەکانیان بۆ دەستڕاگەیشتن بە هاوکاری مرۆیی نوێکردەوە و داوایان لە هەموو لایەنەکانی بەشدار لە ململانێکان کردووە کە خەڵکی مەدەنی و کارمەندانی تەندروستی و ژێرخانی سەرەکی بپارێزن. هۆشداری دەدەن لەوەی بەبێ کوتانی خێرا، منداڵانی زیاتر مەترسی ئیفلیجییان لەسەرە و ئەگەری هەیە ڤایرۆسەکە زیاتر لەناو غەززە و ناوچەکانی دراوسێدا بڵاوبێتەوە.
سەرچاوە: نەتەوە یەکگرتووەکان