لێکۆڵەرێکی نێودەوڵەتی: تورکیا نایەوێت عەبدوڵا ئۆجەلان لە بەندیخانەدا بمرێت

هاوکاتی هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی گفتووگۆ و دانوستان لە نێوان حکومەتی تورکیا و کورد لەسەر پرسی ئاشتی، بەڵام ئەنجامدانی هێرشێکی چەکداری بۆ سەر دامەزراوەی فڕۆکەوانی پیشەسازی تورکیا دۆخەکەی گۆڕی، ئەمەش گومانی لای چاودێران دروستکردووە.

هەرچەندە هێشتا پەکەکە بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشی سەر دامەزراوە تورکییەکە ڕانەگەیاندووە، بەڵام شەوی ڕابردوو تورکیا ژمارەیەکی زۆر هێرشی ئاسمانی کردە سەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان و کوردستانی سوریا.

کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"شەوی ڕابردوو تورکیا 19 هێرشی لە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی و نەینەوا ئەنجامداوە، بەهۆی ئەو هێرشانەوە هاوڵاتییەک لە شەنگال بە سەختی برینداربووە."

بە پێی زانیارییەکان بەهۆی هێرشەکانی شەوی ڕابردووی تورکیاوە لە شەنگال، چوار چەکداری هێزەکانی یەپەژەش گیانیان لە دەستداوە، بەڵام هێرشەکان لە سنوری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان زیانی گیانییان بەدواوە نەبووە.

کامەران عوسمان دەڵێت،"تورکیا سەرجەم هێرشەکانی شەوی ڕابردووی لە ماوەی نیو کاتژمێردا ئەنجامدا، لە کاتژمێر 11,45 خولەکی شەو هێرشەکانی دەستپێکردو لەکاتژمێر 12,15 خولەک کۆتایی بە هێرشەکان هێنا."

هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەو وڵاتە هێرشی چڕیشیان بۆ سەر ژمارەیەک شوێنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریاش ئەنجام دا. لە ئاکامی ئەو هێرشانە لانیکەم 12 کەس گیانیان لەدەستداوە.

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لە بارەی هێرشەکانی تورکیاوە ڕایگەیاند،"تورکیا بەشێوەیەکی هەڕەمەکی و بە بێ پاساو ناوچەکانمان بۆردومان دەکات، ناوەندە خزمەتگوزاری و تەندروستییەکان دەکاتە ئامانج، ئەمە تاوانی جەنگە."

وەزارەتی بەرگری تورکیا، لەبارەی هێرشەکانەوە ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند،"ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی فراوانیان بۆ سەر بنکەو بارەگاکانی پەکەکە لە عێراق و سوریا ئەنجامداوە، 32 ئامانج تێکشکێنراون و ژمارەیەک چەکداریان کردووەتە ئامانج."

هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژئاوای سوریا و ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دوای هێرشی دوو چەکدار هات بۆ سەر دامەزراوەی فڕۆکەوانی پیشەسازی لە ئانکەرە، ئەوەش لەکاتێکدایە هەوڵ لە ئارادابوو بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لەنێوان کوردو تورکیا.

وەزیری ناوخۆی تورکیا عەلی یەرلیکایا دەستبەجێ گوتی هێرشەکە " هێرشێکی تیرۆرستی بووە" و گوتیشی هێرشبەرەکان پیاوێک و ژنێک بوون. یاشار گولەر وەزیری بەرگریش پەکەکەی تۆمەتبار کرد.

بەڕای چاودێران، هێرشی دوو چەکدارەکە بۆ سەر دامەزراوەی فڕۆکەوانی پیشەسازی تورکیا هێرشێکی کوت و پڕ نەبووە، بەڵکو هێرشێکی دیراسەکراو بووە و پێشوەخت زەمینە سازی بۆ کراوە، بە تایبەت گەر "ئاسانکاری نەکرابێت بۆ دوو چەکدارەکە ئەستەمە دەستیان بگات بە ناوچەیەکی وا هەستیار."

چاودێران پێیانوایە جیاواز لە گومانی تورکیا لە پەکەکە بەوەی لە پشت هێرشەکەوە بێت، چەندین گروپی تر لە ناوخۆی تورکیا هەن کە چاوەڕێی ئەنجامدانی کردەوەی سەربازی هاوشێوەیان لێدەکرێت بە تایبەت چەپە توندڕەوەکان و داعش.

هەرچەندە گومانەکان بۆ ئەوەدەچن ئامانجی تێکدانی پرۆسەی ئاشتی لە نێوان کورد و تورکیا لە پشت هێرشەکەی ئانکەرەوە بێت، بەڵام بەدوور دەزانرێت ئەو هێرشەو هێرشەکانی شەوی ڕابردووی تورکیا پرۆسەی ئاشتی تێکبدات، بەو پێیەی تورکیاو خودی ئەردۆغان لەمکاتەدا پێویستییان بە نزیکبوونەوەیە لە کورد.

رەجەب تەیب ئەردۆغان هەوڵ بۆ گۆڕینی دەستورو مانەوە لە دەسەڵات لە ساڵی 2028 دەدات، بۆ ئەمەش پێویستی بە پشتگیری و پاڵپشتی کوردەکانی تورکیایە. ئەمە جگە لەوەی هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکەو ترسی ئەو وڵاتە لە گۆڕانکارییەکان بەهۆی شەڕی نێوان ئیسرائیل و هێزە نزیکەکان لە ئێران وا دەخوازێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ کورد ئاسایی بکاتەوە.

تورکیا دەیەوێت ڕێ لەو مەترسییانە بگرێت بەهۆی فراوانبوونی شەڕی نێوان ئیسرائیل و هێزە نزیکەکان لە ئێران ناوچەکە دەگرێتەوە، بەتایبەت تورکیا ترسی لە نزیکبوونەوەی جەنگ لە وڵاتەکەی و گۆڕانکاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، بۆ ئەمەش دەیەوێت پێشوەخت ئامادەکاری بکات و پەیوەندییەکانی لەگەڵ کورد ڕێکبخاتەوە.

لێکۆڵەرێکی سیاسی نێودەوڵەتی پێیوایە، لە تورکیا دوو بەرەی دژ بە یەک بوونی هەیە، بەرەیەک دەیەوێت لە ڕێگەی هێزەوە مامەڵە لەگەڵ کورد بکات و بەرەکەی تریش جاروبار لەگەڵ زیندووکردنەوەی پرسی ئاشتییە لەگەڵ کورد.

دکتۆر سەردار عەزیز، لێکۆڵەری سیاسی نێودەوڵەتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هێرشەکەی ئانکەرە لەمکاتەدا کە سەرەتای پرۆسەی ئاشتییە جێی گومانە، هەرچەندە ڕەنگە هێندە کاریگەری لەسەر دەستپێکی پرۆسەی ئاشتی نەبێت."

ئەو دەڵێت،"ئەردۆغان دەیەوێت بۆ مەسەلەی دەستور دەنگی کورد بەلای خۆیدا ڕابکێشێت و ناشیەوێت جەهەپەی ڕکابەری ببێتە خاوەنی زیندووکردنەوەی پرسی ئاشتی لەگەڵ کورد. گۆڕانکاری لە ناوچەکە لە ئارادایە بە تایبەت گۆڕانکاری گرێدراو بە ئێران و سوریا، هەموو ئەمانە پاڵنەرن بۆ دەستپێکردنەوەی پرسی ئاشتی."

جەختیشیکردەوە،"تورکیا نایەوێت ئۆجەلان لە بەندیخانەدا بمرێت و ئەردۆغان ڕاکێشانی دەنگی کوردی بەلای خۆیدا پێ گرنگە."

دوای ئەوەی ڕۆژی چوارشەممە، عومەر ئۆجەلان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان کۆبوویەوە، پەیامێکی ئۆجەلانی بە ڕای گشتی گەیاند. عەبدوڵا ئۆجەلان لە پەیامەکەدا ڕایگەیاندووە،"دەتوانێت کۆتایی بە پێکدادان و توندوتیژی بهێنێت."

دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان ی ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، عومەر ئۆجەلان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند،"لە دیدارەکەدا ئۆجەلان تاوتوێی پێشهاتە سیاسییەکانی کردو داوایکرد ئەم پەیامە بگەیەنمە ڕای گشتی، گەر هەل و مەرج بڕەخسێت، هێزی تیۆری و پراکتیکی ئەوەم هەیە ئەم دۆخە لە زەمینەی پێکدادان و توندوتیژییەوە بگۆڕم بۆ زەمینەیەکی یاسایی و سیاسی."