بەپێی ڕاپۆرتەکانی لە ئێرانەوە دێن، دەنگی چەندین تەقینەوەی گەورە لە تارانی پایتەختی ئێران و شاری کەرەج لە ڕۆژئاوای تاران بیستراون.
ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەویش دەڵێت هاوکات لە دیمەشقی پایتەختی سوریا و شاری حومس دەنگی تەقینەوە بیستراون.
ئاژانسی سانای حکومەتی سوریا ڕایگەیاند ئیسرائیل هێرشی موشەکی کردووەتە سەر چەند شوێنێکی لەشکری وڵاتەکەی لە ناوەڕاست و باشوری سوریا.
ئەڤیخای ئەدرعی وتەبێژی لەشکری ئیسرائیل ڕایگەیاند ئامانجی لەشکری لە ئێران کردووەتە ئامانج، ئەمەش لە بەرامبەر هێرشە بەردەوامەکانی ڕژێمی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بە درێژایی ئەم چەند مانگەی ڕابردوو.
دەشڵێت لەشکری ئیسرائیل لە ئەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ هێرش و بەرگریکردن و ئێستا چاودێری ئێران و گروپەکانی سەر بە ئێران دەکەین.
شان ساڤێت وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاند، ئەمەریکا لەوە تێدەگات ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر ئامانجی لەشکری وەک بەشێک لە بەرگریکردن لە خۆی و هەروەها بۆ وەڵامدانەوەی هێرشە موشەکییەکانی ئێران کە لە 1 ی مانگی دە کردیە سەر ئیسرائیل.
کاربەدەستێکی ئیسرائیل کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بە کەناڵی NBC وتووە ئیسرائیل هێرش ناکاتە سەر دەزگا ناوکییەکان و کێڵگە نەوتییەکانی ئێران و تەنیا بۆردومانی شوێنە لەشکرییەکان دەکات.
ئاژانسی فارسی نیمچە فەرمی ئێران ڕایگەیاند چەند بنکەیەکی لەشکری لە نزیک تاران بۆردومانکراون.
ژەنەڕاڵ هێرزی حەلێڤی، سەرۆکی ئەرکانی هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل، خۆی سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنەکان دەکات لە بارەگای هێزی ئاسمانی ئیسرائیل. دەڵێن سیستەمی بەرگری ئێران شکستی تەواوی هێناوە لە بەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیل.
میدیاکانی ئیسرائیل دەڵێن لە قۆناغی یەکەمی هێرشەکان بۆ سەر ئێران 100 فڕۆکەی جەنگی ئیسرائیلی بەشداربوون و بە وردی لە ئامانجەکانیان داوە.
عێراق ڕایگەیاند هەتا کاتێکی دیاری نەکراو، هەموو گەشتە ئاسمانییەکانی ڕاگرتووە.