حکومەتی عێراق دژی بەزاندنی ئاسمانی وڵاتەکەی لەلایەن ئیسرائیلەوە سکاڵا لای نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات

حکومەتی عێراق ئەمڕۆ ڕایگەیاند سکاڵایەکی پێشکەش بە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە دژی بەکارهێنانی ئاسمانی وڵاتەکەی لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران.

باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، "عێراق بەشێوەیەکی فەرمی یاداشتێکی ناڕەزایی پێشکەش بە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد، بە ئیدانەکردنی ئەو پێشێلکارییە ئاشکرایەی کە قەوارەی زایۆنی ئەنجامی دا لە ڕێگەی فڕۆکەکانی بۆ بەزاندنی ئاسمان و سەروەری عێراق، وە بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕۆژی 26ی مانگی دە."

وتەبێژی حکومەتی عێراق لە بڵاوکراوەکەیدا دەشڵێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق وەزیری دەرەوەی ڕاسپاردووە بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ ئەمەریکا سەبارەت "بەم پێشێلکارییە، بەگوێرەی مادەکانی ڕێککەوتنی چوارچێوە ستراتیژی دووقۆڵی و پابەندبوونی ئەمریکا بەرامبەر بە ئاسایش و سەروەری عێراق."

حکومەتی عێراق جەخت لەسەر پاراستنی سەروەری خاکەکەی دەکاتەوە و دەڵێت دژی بەکارهێنانی وڵاتەکەیەتی بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی تر "بەتایبەت ئەو وڵاتە دراوسێیانەی کە عێراق پەیوەندی ڕێز و بەرژەوەندی هاوبەشی لەگەڵیان هەیە."