تێڕوانینی جیاواز لە بەرامبەر هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران

ئەوەی چاوەڕوان دەکرا، ڕوویدا و ئیسرائیل هێرشەکەی کردە سەر ئێران، بەڵام زۆرێک پێیان وایە ئەوەی پێشبینییان دەکرد کاردانەوەکەی ئیسرائیل زۆر توند بێت، وەها نەبوو. لە لایەکی دیکەوە چاودێر هەن دەڵێن ئیسرائیل ئەگەر لەو هێرشەدا زیانێکی زۆریشی لە ئێران نەدابێت، سەلماندی بۆ ئێرانییەکان کە ئاسمانی ئێران بە ئاسانی دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیل لە هەر کاتێکدا بیەوێت، ئەمەش بەو پێـیەی بۆ ماوەی زیاتر لە 4 کاتژمێر دەیان فڕۆکەی جەنگی ئیسرائیل بەسەر ئاسمانی ئێرانەوە بوون بەبێ بوونی بەرگرییەکی ئاسمانی ئەوتۆ لەلایەن ئێرانییەکانەوە.

دەپرسین:

بۆچی ئیسرائیل لە بری بەکارهێنانی موشەکی بالیستی بە فڕۆکەی جەنگی هێرشەکەی ئەنجام دا؟

ئایە ئەم هێرشەی ئیسرائیل تەنیا بۆ پیشاندانی تواناکانی ئیسرائیل بووە؟

بۆچی ئیسرائیل شوێنی گرنگی وەک سەرچاوەکانی وزە و دەزگا ناوکییەکانی ئێرانی نەکردە ئامانج؟

بۆچی ئێران دەڵێت لە ئەنجامی هێرشەکەی ئیسرائیل زیانێکی ئەوتۆیان پێنەگەیشتووە؟ ئایە بۆ ئەوەیە کاردانەوەی نەبێت؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری:

پرۆفیسۆر دکتۆر عوسمان عەلی، سەرۆکی سەنتەری تاسک بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی لە هەولێر.

مامۆستا عەبدولکەریم ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی.

مامۆستا حسێن ڕابی، مامۆستای زانکۆ و شیکەرەوەی سیاسی.

Your browser doesn’t support HTML5

تێڕوانینی جیاواز لە بەرامبەر هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران

پڕۆفیسۆر دکتۆر عوسمان عەلی

هەرچەندە دوای هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل هەریەکە لە سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل و وەزیری بەرگریش ڕایانگەیاند، ئیسڕائیل بەجۆرێک وەڵامی ئەم هێرشەی ئێران دەداتەوە کە هەموو ڕژێمی ئێران بخاتە مەترسییەوە، بەڵام وەک ئەوەی دوای هێرشەکە چاودێرانیش باسیان کرد، ئەو هێرشەی ئیسڕائیل بەوجۆرە نەبوو بەڵکو هێرشێکی ڕواڵەتی بوو، هەتا ئیسڕائیل بڵێ ئەوەتا من هەم، هێرشم کرایە سەر و ئەوەتا وەڵامم دایەوە.

ئەوەی کە خەڵکێک پی وایە ئەمە یارییەکە لەپشتەوە دەکرێت لەنێوان ئیسڕائیل و ئەمەریکا و ئێران، ئەمە بەڕاستی بیردۆزی پیلانگێڕییە (نەزەریەی موئامەرە)، بەڵام بەبۆچوبی من ئەمە یاری نیە، بەڵکو ئیسڕائیل لەبەرچەند هۆکارێک ئەمەی کرد لەمکاتەدا، یەکەم، نزیکی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکایە، هەروەها سەرۆک کۆماری ئێران دوو هۆشداری دا هەم سەبارت بە ئەگەری ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی وڵاتەکەی کەبەهەمان شێوە نەوتی وڵاتانی تریش ڕادەگیرێت لەگەڵ ئەوەی کە وتی، هەر لێدانێک لەمکاتەدا ئێران دەکاتە چەند پارچەوە، دیارە ئەمە لەبەرژەوەندی وڵاتان و ئیسڕائیلیش نیە بۆیە دەکرێ بوترێ یەکەمجارە ناتانیاهۆ گوێ لە هۆشدارییەکانی ئەمەریکا بگرێ، جگەلەوەش ئیسڕائیل نایەتە بەرەی سێییەمی شەڕ لەمکاتەدا.

ڕەنگە ئیسڕائیل بەڵێنی لە ئەمەریکا وەرگرتبێ سەبارەت بەوەی سوپای پاسداران بخاتە لیستی تیرۆرەوە کە لەمێژە ئیسڕائیل کاری بۆ دەکات، جگەلەوەی ئەم هێرشەی ئیسڕائیل بۆسەر ئێران هێرشێکی ڕواڵەتی بوو، زەمینەخۆشکردنە بۆ لێدانی ئێران، چونکە ناتانیاهۆ چاوەڕێی هاتنی ترامپ دەکات بۆ ئەوەی بەتەواوەتی لەئێران بدات.

ئیسڕائیل ناتوانێت بێ هاوکاری ئەمەریکا هیچ بگۆڕێت لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەریکاش لەمکاتەدا نایەوێ دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوەزیاتر تێکبچێت و هاوسەنگی هێز تێکبچێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەیەوێت لەڕێگای ئابڵوقەی ئابوری یان ڕێگای تر ئێران تەوق بدات.

ئیسڕائیل بەرنامەی ئەتۆمی ئێران زۆر بەمەترسی بۆسەر خۆی دەزانێت، هەتا ڕۆژێک دوای هێرشەکە لەڕۆژنامەکانی ئیسڕائیلەوە ڕەخنەی زۆر لەئیسڕائیل گیرا کەدەرفەتی هێرشکردنە سەر بنکەئەتۆمییەکانی لەدەستداوە، بەڵام هۆکاری هێرشنەکردنەکە بەبڕوای من، یا بایدن بەڵێنی بەئیسڕائیل داوە لەدواڕۆژدا شتێک لەوبارەوە بکات، یا ناتانیاهۆ گرەو لەسەر هاتنی ترامپ دەکات ،کەئەوکات بەدڵنیایی ئەمەریکا هەموو هاوکارییەکی ئیسڕائیل دەکات بۆ هێرشکردنە سەر ئێران و بنکە ئەتۆمییەکانی.

سەبارەت بەعێراقیش ناوی زۆرێک لەسەرکردەی گروپە چەکدارییەکان لەلیستەکەدان لەئایندەیەکی نزیکدا لێییان دەدرێت، هەرچەندە چوارچێوەی هەماهەنگی کۆمێڵێک سەرکردەی هەن زیرەکانی مامەڵە دەکەن وەک(مالکی، حەکیم، عامری)دەڵێن عێراق بەشێک نیە لەبەرەی مقاومە تا عێراق دوربخرێتەوە، بەڵام من وای نابینم بۆ ئیسڕائیل جیاوازی هەبێت ئەگەری زۆرە لەئایندەیەکی نزیکدا ئیسڕائیل هێرش بکاتە سەر حەشدی شەعبی بێ جیاوازی ئەوەی گروپە چەکدارەکان لەگەڵ ئەوەی سەر بەسیستانیە و لەژێر دەستی سودانیدایە.

مامۆستا عەبدولکەریم ئەحمەد

پێش هێرشەکەی ئیسڕائیل بۆسەر ئێران ڕاستە چاوەڕێی وەڵامی توند دەکرا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا جموجوڵێکی دیبلۆماسی لەپشتەوە هەبوو تا پانتایی شەڕەکە فراوان نەکرێت، ئێستاش ئەوە هەرماوە، لەسەر ئەوەوەستاوە کەوەڵامی ئێران ئەمجارە چی دەبێت، ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت کەلەپشتی هەر رووداو و کردەیەکی سەرب`زییەوە جموجۆڵی دیبلۆماسی ڕۆڵ دەبینێت، ڕەنگە ئاڕاستەی شەڕەکەش بکات و خاڵ دابنێت بۆی،ئەوەش لە سەردانەکانی سەرۆک کۆماری ئێران لەم دوواییانە، هەروەها بەردەوامی سەردانەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و جموجۆڵەدیبلۆماسییەکان ئەوەمان پێدەڵێن کەوەڵامەکەی ئیسڕائیل بۆسەر ئێران نەخشە داڕێژراوی نێودەوڵەتی بوو کەهەم ئیسڕائیل ڕازی بکات هەم ئێرانیش.

لەڕاستیدا ئیسڕائیل هەمیشە بەم جۆرە هێرشانە وای خۆی پیشاندەدات کەلەئاستی هەرێمایەتیدا وڵاتێکی زلهێزە، بەڵام دەبینین هەر لەو جوگرافیە کەمەی غەزە تائێستاش نەیتوانیووە تەنانەت دیلەکانی خۆی ڕزگار بکات، سەرەڕای ئەوەی کەجەنگێکی خۆێناوی کوشتارێکی زۆری لەناوچانە بەڕێوەبردووە بەبێ دەرئەنجامێکی ئەوتۆی ئامەبۆکراو.

ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانێکە هەمیشە بەشەڕ ناسراوە، خۆی نمایش دەکات، پێویستی بەمجۆرە شەڕ و نمایشانە هەیە تا شەرعیەت بەمانەوەی خۆی بدات چونکە لەماوەکانی ڕابردوو لەسەر ئاستی ناوخۆیش خۆپیشاندان دژی ناتانیاهۆ دەکرا.

ئەم شەڕەی ئێستا ئەگەر فراوان ببێت بێگومان دەێتە شەڕێکی ماڵوێرانکەر کەناوچەکە بەخۆیەوە نەدیووە، بێگومان ئەگەری هەیە ئەم شەڕە عێراقیش بگرێتەوە ئەگەر عێراق نەزانێت بەحیکمەت و وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکات، وە ئەگەر ئەم شەڕە بەم وەڵام و وەڵامکارییە بڕوات بێگومان پریشکەکەی دەگاتە بنکەئەتۆمییەکانی ئێران و چەندین هێڵی تریش کەئەمەش خواستی ئەمەریکا و ئەوروپاشی لەسەر کەئەو بنکانە بۆردومان بکرێت.

مامۆستا حسێن ڕابی

من چاوەڕێم دەکرد وەڵامی ئیسڕائیل هەر بەوشێوەیە بێت، چونکە شەڕەکە کۆنترۆڵکراوە لەلایەن ئەمەریکاوە لەبەرژەوەندی ئیسڕائیل، تایارمەتی ئیسڕائیل بدات بەشێنەیی کارەکەی خۆی بکات کەبریتییە لەلاوازکردنی ئێران و سڕینەوەی گروپ و حەزەکانی سەر بەئێران، چونکە اەگەر شەڕەکە فراوانتر ببێتەوە ڕەنگە زیان بەر ئیسڕائیل بکەوێ، ئەو هێرشەی ئیسڕائیل بۆ سەر ئێران وەک ئەوەبوو بڵێ ئەمە قۆناغی یەکەمە و هێرشی تر بەڕێوەیە، بەکارهێنانی فڕۆکەش لەمجارەدا، کەبەسەدان فڕۆکە لەیەککاتدا لەجەنگەکانی وەک کەنداو ئەمە نەکراوە یەکەم، فڕۆکە ئامانجەکە وردتر دەپێکێت، دووەم، جۆرێک لەخۆفشکردنەوە پیشاندانی هێزی ئیسڕئیل پاشان ئەمەریکاشە بەرامبەر بەئێران و ڕوسیا و چین،وە ئەوەش سەلمێنرا ئێران هیچ توانای بەرگری موشەکەکانی نەبوو تەواوی ئەو موشەکانە بەر ئەو ئامانجانە کەوتوون کەئیسڕاایل دیاریکردبوون.

ئەوەی ئێستا لە ئارادایە پلانی ڕۆژئاوا و وڵاتانی عەرەبی سونەیە بۆ لاوازکردنی ئێڕان کەئیسڕائیل جێبەجێی دەکات،

ئیسڕائیل یارییەکە زۆر بەجوانی دەکات، لەئێران دەدەن، ئەمەریکاش لەولا ئێران هێوردەکاتەوە تاشەڕەکە فراوان نەبێت، دواتر جارێکی تر بەرز دەبێتەوە نزم دەبێتەوە، واتە ئیسڕائیل خەریکی کارەکەی خۆیەتی ئێران بەهێواشی بەرەو مردن دەبەن تاکاردانەوەی توندی نەبێت، چونکە ئەگەر وانەبێت ئێران هێرش دەکاتە سەر دوبەی و وڵاتانی تر.

بەدڵنیایی هێرشەکەی ئیسڕائیل بۆسەر ئێران زیانی زۆربووە بەڵام بەدڵنیایی قەدەغەیە ڕوماڵکردنی ئەو زیانانە خۆ هج نەبوبێ سیستمی بەرگری ئەو وڵاتەی بڕی ئەمە قۆناغی یەکەمە بێگومان قۆناغی تری بەدوا دێت، چارەنوسی کۆماری ئیسلامی ئێران چارەنوسی ڕژێمی بەعسی سەدامە، وەک ئەوە وایە ئێستا ئێمە لەساڵی ١٩٩١یدان، چۆن ڕژێمی بەعسییان ئەوکات بەتەواوەتی گەمارۆ دا، دواتر لاوازی دەکەن، چۆن ڕژێمی بەعس بەشێک لە سیادەی خاکەکەی لەدەستدا لەوانەیە لەئێرانیش ئەوە ڕووبدات،خۆی مۆدێلەکان وامان پێدەڵێن ئەو مۆدێلانەی ئەمەریکا کاری لەسەر کردوون بەوشێوازە بەرەو لاوازی و لەناوبردنی دەچێت.