ئەمەریکا بەهۆی خۆدزینەوە لە سزاکانی ڕووسیا، سزا بەسەر سەدان قەوارە و کۆمپانیا لە دەیان وڵاتدا دەسەپێنێت

ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە لە هەنگاوێکی نوێدا دژی ڕووسیا سزای بەسەر سەدان ئامانجدا سەپاند، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە بەرپەرچدانەوەی خۆدزینەوە لەو ڕێوشوێنانەی کە بەهۆی هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا سەپێنراون.

بەپێی بەیاننامەکانی وەزارەتەکانی خەزێنەی ئەمەریکا و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ئەم کارە کە لەلایەن هەردوو وەزارەتەکەوە ئەنجامدراوە، نزیکەی 400 قەوارە و کەس دەگرێتەوە لە زیاتر لە 12 وڵاتی جیاوازەوە.

کاربەدەستێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە ڕۆیتەرزی گوت ئەم ڕێوشوێنە هەتا ئێستا توندترین هەنگاوە لە دژی خۆدزینەوە لە وڵاتانی سێیەم. بەگوێرەی ئەو بەرپرسە، ئەم سزایە دەیان کۆمپانیای چینی و هۆنگ کۆنگ و هیندستان دەگرێتەوە.

هەروەها ئامانجەکانی ڕووسیا، ئیمارات (میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەبی)، تورکیا، تایلەند، مالیزیا، سویسرا و شوێنەکانی دیکەش کەوتوونەتە بەر سزاکان.

ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە واشنتن هەوڵدەدات ڕێگری بکات لە خۆدزینەوە لەو سزایانەی لە دوای لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە ساڵی 2022دا بەسەر مۆسکۆدا سەپێندران.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا 274 ئامانجی سزادا، لەکاتێکدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا زیاتر لە 120 ئامانجی دیاریکرد و وەزارەتی بازرگانیش 40 کۆمپانیا و دامەزراوەی توێژینەوەی خستە لیستی سنووردارکردنی بازرگانییەوە بەهۆی ئەوەی گوایە پشتگیریان لە سوپای ڕووسیا کردووە.

جێگری وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا وەلی ئادێمۆ لە بەیاننامەیەکدا گوتی، "ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانمان بەردەوام دەبن لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی یەکلاکەرەوە لە سەرانسەری جیهان بۆ وەستاندنی ڕەوتی ئەو ئامراز و تەکنەلۆژییە گرنگانەی کە ڕووسیا پێویستی پێیەتی بۆ شەڕی نایاسایی دژی ئۆکرانیا".

سەرچاوە: ڕۆیتەرز