بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن

کۆشکی سپی ڕایگەیاند بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا لەوانەدا ویڵیام بێرنز بەڕێوەبەری سی ئای ئەی و برێت مەکگۆرک و ئەیمێس هۆخشتاین، نوێنەرانی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە سەردانی میسر و ئیسرائیل دەکەن بە ئامانجی کەمکردنەوەی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

کارین ژان پیێر، وتەبێژی کۆشکی سپی ڕۆژی چوارشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، جەنەڕاڵ ئێریک کۆریلا، فەرماندەی سێنتکامیش لە ناوچەکەدایە و بەمەبەستی تاوتوێکردنی پرسی ئێران و لوبنان و ئازادکردنی بارمتەکان گەشت دەکات بۆ ئیسرائیل.

ئەم هەوڵە دیپلۆماسیانە بە ئامانجی وەستاندنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنانە.

لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ئەگەری هەیە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە یەک دوو هەفتەی دهاتووەدا ڕووبدات، کارین ژان پیێر وتی کۆشکی سپی هیواخوازە و پابەندە بە چارەسەری دیپلۆماسی بۆ کێشەکە. گوتیشی "بە دڵنیاییەوە ئێمە گەشبینین."

ڕۆژی چوارشەممە، نەجیب میقاتی، سەرۆکی کاتی حکومەتی لوبنان، دوای گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەیمێس هۆخشتاین ڕایگەیاند، هیوادارە ئاگربەست لە نێوان حزبەڵا و ئیسرائیل "لە ماوەی چەند کاتژمێر یان چەند ڕۆژی داهاتوودا" دەستەبەر بکرێت.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز