ژن و مێردێکی ئیسرائیلی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئێران دەستبەسەر دەکرێن

لۆگۆی شین بێت

ڕێکخراوی ئاسایشی ناوخۆ(شین بێت) و پۆلیسی ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند کە ژن و مێردێکی دانیشتووی ئیسرائیلیان بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر کردووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی شین بێت و پۆلیسی ئیسرائیل، ڕافایل و لالە قولی ئۆف کە هەردووکیان تەمەنیان نزیکەی 32 ساڵە، ئەرکی کۆکردنەوەی هەواڵگرییان لە شوێنە ئەمنییەکان و ژێرخانی نیشتمانی ئەنجامداوە، هەروەها چاودێری توێژەرێکیان کردووە کە لە ناوەندێکی بیرکردنەوەی ئەمنی کاری کردووە بە مەبەستی زیانگەیاندن بەو تۆێژەرە.

بەپێی وتەی بەرپرسانی ئەمنی، ڕافایل قولی ئۆف ئەرکی چاودێری لە شوێنە ئەمنییەکانی ئیسرائیل ئەنجامداوە، لەنێویاندا بارەگای مۆساد، هەروەها زانیاری لەسەر توێژەرێک لە پەیمانگای لێکۆڵینەوەکانی ئاسایشی نیشتمانی (INSS) کۆکردووەتەوە. دەوترێت هاوسەرەکەی لە چەندین ئەرکەدا یارمەتی داوە.

لە بەیاننامەکەدا کە لەلایەن شین بێتەوە بڵاوکراوەتەوە ئاشکرای نەکردووە کە ئایا پاڵنەری ئەو دوو هاوسەرە دارایی یان ئایدیۆلۆژی بووە یان نا.

بەرپرسێکی شین بێت دەڵێت "ئەم لێکۆڵینەوەیە جارێکی دیکە هەوڵی دەزگا ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران نیشان دەدات بۆ وەرگرتن و خراپ بەکارهێنانی هاووڵاتیانی ئیسرائیل بۆ پێشخستنی سیخوڕی و چالاکییە تیرۆریستییەکانی لە ئیسرائیل.

دە ڕۆژ لەمەوبەر داواکاری گشتی ئیسرائیل حەوت هاووڵاتیی ئەو وڵاتەیان بە تۆمەتی سیخوڕی و ئەنجامدانی سەدان ئەرک بۆ حکوومەتی ئێران دەستبەسەر کرد.

ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست ڕۆژی سێشەممە لە پەیوەند بە دەستگیرکردنی ئەو حەوت کەسە لە ئیسرائیل بە تۆمەتی سیخوڕی و ئەنجامدانی سەدان ئەرک بۆ حکومەتی ئێران، بڵاویکردەوە "ئەوان بەنیازی تیرۆرکردنی زانایەکی باڵای ناوکی بوون".

داواکارانی گشتی بە ئاماژەدان بە دەرئەنجامەکانی پۆلیس و شین بێت، باس لەوە دەکەن کە تۆمەتباران ئەرکی جۆراوجۆریان بۆ دەزگا ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەنجامداوە و لەگەڵ بریکارەکانی حکوومەتی ئێران لە پەیوەندیدا بوون.

سەرچاوە/دەنگی ئەمەریکا