لاڤرۆڤ: پەیمانی هەمەلایەنەی ڕووسیا لەگەڵ ئێران هاوکاری بەرگرییش لەخۆدەگرێت

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند پەیماننامەیەک کە ڕووسیا و ئێران بەنیازن بەم زووانە واژۆی بکەن، هاوکاری بەرگریش لەخۆدەگرێت.

پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان ئێران و ڕووسیا مایەی نیگەرانی قووڵی ڕۆژئاوایە، ئەمەش لەکاتێکدا ڕووسیا شەڕ لە ئۆکرانیا دەکات و ئێران و ئیسرائیلیش هێرشی مووشەکی و ئاسمانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵوگۆڕ دەکەن.

لاڤرۆڤ لە لێدوانێکیدا بۆ تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ڕووسیا وتی "پەیماننامەی هاوبەشی ستراتیژی هەمەلایەنەی نێوان ڕووسیا و ئێران کە خەریکە ئامادە دەکرێت، دەبێتە هۆکارێکی جددی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات.

لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوەدا کە ئەم ڕێککەوتنە "جەخت لەسەر ئامادەیی لایەنەکان بۆ هاوکاری نزیکتر لە بواری بەرگری بە ئاراستەی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکە و جیهاندا دەکاتەوە". بەڵام ئاماژەی بەوە نەکردووە کە ئەم هاوکارییە بەرگرییە چ فۆرمێک دەگرێتەبەر.

ڕووسیا لە دوای شەڕی لەگەڵ ئۆکرانیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران و کۆریای باکوور قووڵتر کردووەتەوە کە هەردووکیان بە توندی دژایەتی ئەمەریکا دەکەن.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز