ئەگەری هێرشی دوبارەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، جارێکی تر نرخی نەوت بەرز دەکاتەوە

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵانەی کە باس لەوە دەکەن ئێران ئامادەکاری دەکات لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە عێراقەوە جارێکیتر هێرش بکاتەوە سەر ئیسرائیل،ڕۆژی هەینی، 1ی مانگی دە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەڕێژەی زیاتر لە 2% بەرزبووەوە.

نرخی نەوتی خاوی برێنت بە ڕێژەی 1.72 دۆلار کە دەکاتە 2.4% بەرزبووەتەوە و و گەیشتووەتە 74 دۆلار و 53 سەنت بۆ هەر بەرمیلێک.هەروەها نرخی نەوتی خاوی "وێست تەکساس ئینتەرمیدیت" یەک دۆلار و 46 سەنت بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە نزیکەی 71 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

ماڵپەڕی هەواڵی ئەمەریکایی ئەکسیۆس ڕۆژی پێنجشەممە بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە کە بە پێی زانیارییەکانی هەواڵگری ئیسرائیل، ئێران ئامادەکاری دەکات پێش ڕۆژی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا لە عێراقەوە جارێکیتر هێرش بکاتەوە بۆ سەر ئیسرائیل.

باس لەوەش کراوە کە ئێران بە نیازە ژمارەیەکی زۆر لە "فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و مووشەکی بالیستیک" لەم هێرشەدا لە خاکی عێراقەوە بەکاربهێنێت.

دوای ئەوەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 26 ی مانگی دە، نەوت و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی نەکردە ئامانج و دابینکردنی وزەی پەک نەخست، نرخی نەوت کە پێش ئەوە بەرزبوونەوەی بە خۆیەوە بینیبوو، دابەزییەوە، بەڵام ئێستا جارێکیتر لەگەڵ زیادبوونی ئەگەری پەرەسەندنی ململانێکان ، جارێکی تر بەرزبووەتەوە .

زیادبوونی چالاکییەکانی بەرهەمهێنان لە چین و کەمبوونەوەی ئاستی کۆگاکانی بەنزین لە ئەمەریکا، هۆکاری دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتن لە ڕەوتن.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز