فراکسیۆنی یەکێتی هەڵمەتی واژوو کۆکردنەوەی لە نێو ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستپێکردووە بەمەبەستی پشتیوانی و فشار بۆ جێبەجێکردنی "تەوتین" کە دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری لەسەر داوە. بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتیش لە ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت،"یەکێتی هێشتا تای هەڵبژاردن بەری نەداوە و ئەو هەنگاوەیان کارێکی خراپە و بە دڵنیایەوە هەژماری من دەبێتە فاکتەرێک کە ژێرخانی ئابوری هەرێمی کوردستان بە ڕێژەیەکی زۆر باش بباتە پێشەوە."
کاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژووی پەرلەمانتارانی عێراق بۆ پشتیوانی و فشار بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی لە بارەی تەوتینی مووچەی هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە."
وتیشی،" تا ئێستا 145 پەرلەمانتار و سەرۆکی 14 فراکسیۆنی کوردستانی و عێراقی واژوویان کردووە و هەڵمەتەکەش بەردەوام دەبێت تا زۆرترین پەرلەمانتارو فراکسیۆن پشتیوانی داوای مووچەخۆرانی کوردستان بکەن بۆ تەوتینی مووچە."
ڕۆژی 21ی مانگی دووی 2024، دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر سکاڵای سێ هاوڵاتی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیرانی عێراق و حکومەتی هەرێمی پابەندکرد بە چەندین بڕیاری کارگێڕی و دارایی و بڕیاری ڕادەستکردنی نەوتی هەرێمیشی بە حکومەتی عێراق دەرکرد.
دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی، وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند ئامادەیە بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بەڵام لە ڕێگەی بانکە حکومییەکانی عێراقەوە. حکومەتی هەرێم لەبەرامبەردا دەڵێت دابینکردنی مووچەی کەرتی گشتی دەبێت لە ڕێگەی سیستەمی هەژماری منەوە بێت.
شوان کەلاری، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" هەژماری من پرۆژەیەکی فەرمیە و حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری لە سەرداوە، هەنگاوی زۆر باش لە هەژماری من چووەتە پێشەوە و بابەتەکە پەیوەستە بە ئەلیکترۆنیکردنی موچەی فەرمانبەران کە تەوتینیش هەمان ئامانجی هەیە، بۆیە پێمان وایە ئەوەی یەکێتی دەیکات کارێکی باش نیە."
وتیشی،" جگە لەوەی ئەو کارەیان جۆرێکە لە کاری نایاسایی، چونکە سەد لە سەد کاری حکومەتی هەرێمی کوردستانە، یەکێتی خۆشیان دڵنیان چ بانکی مەرکەزی و چ حکومەتی عێراق و چ وەزارەتی دارایی عێراق مامەڵە لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا دەکات، بۆیە بەداخەوە هێشتا تای هەڵبژاردن بەریانی نەداوە، ئەمە خراپە و بە دڵنیایەوە هەژماری من دەبێتە فاکتەرێک کە ژێرخانی ئابوری هەرێمی کوردستان بەڕێژەیەکی زۆر باش ببات بەرەو پێشەوە."
یەکێک لە دروشمەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێم، کە لە 20ی مانگی دەی 2024، بەڕێوەچوو ڕەتکردنەوەی " هەژماری من" بوو و داوای جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق بۆ " تەوتین" دەکرد و هەنگاوەکانشیان بە کرداری لەکاتی بانگەشەوە دەستپێکرد و پرۆسەی " هەژماری من" لەلایەن یەکێتیەوە لە سنوری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین پەکخرا، ئەوەش حکومەتی هەرێمی کوردستانی نیگەران کرد.
دەنگی ئەمەریکا لەسەر پەکخستنی" هەژماری من" و ڕێکارەکانی حکومەتی هەرێم لە داهاتوودا پەیوەندی بە پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمەوە کرد، بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە وەڵامی نەدایەوە.
بەڵام ڕۆژی 29ی مانگی دەی 2024، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نوسراوێکی فەڕمیدا داوا دەکات پرۆژەی "هەژماری من " وەک خۆی لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت."
ئاوات شێخ جەناب، لە نوسراوەکەیدا بۆ بانکەکانی مەڵکەندی، توی مەلیک، تانجەڕۆ، هەڵەبجە و چەمچەماڵ، ڕایگەیاندووە " ههر بەڕێوەبەر و فەرمانبەرێک لەو بانکانەی کە تایبەتکراون بۆ جێبەجێ کردنی پرۆژەکە، ڕێگری و ئاستەنگ بۆ کارمەندانی هەژماری من دروست بکات، دووچاری لێپرسینەوە دەبێت."
شوان کەلاری، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاشیگەیاند،" دادگای ئیتحادی ڕاستە بڕیارێکی هەیە، بەڵام ناڵێت حکومەتی هەرێمی کوردستان میکانیزمێکی نەبێت بۆ ئەوەی هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەرانی خۆیی بکاتەوە، بۆیە بە هیچ شێوەیەک باسی ناکات و ئامانجی دادگای فیدراڵی ئەوەیە سەرجەم موچەخۆرانی عێراق بە گشتی هەژماری بانکیان هەبێت و بابەتەکە لەوە دەرچێت بە قایمە و بەلیست و پارەی نەقدی بدرێتە فەرمانبەران."
بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێشیوایە ئەم هەنگاوەی یەکێتی کارێکی خراپی و کاریگەری لەسەر پەرتەوازەی نێو ماڵی کوردی دروست دەکات.
وتیشی،" ئەوەی یەکێتی دەیکا و سەرۆکی حزبەکەی ڕووبەڕووی بڕیاری حکومەتی هەرێم دەبێتەوە ئەمە تەواو نایاساییە و ئەمە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن بوو و گریمان هەندێک دەنگی پێ کۆکردەوە و پێویستە ئەم تای هەڵبژاردنە بەریان بدات، چونکە بەڕاستی ئەوەی دەیکەن و فۆرم دابەش دەکەن چەواشەی فەرمانبەرانە و هیچ بنەمایەکی یاسای تێدا نیە."
بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە ئەوان تەواو پشتیگری لە قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان دەکەن و هەر دەسەڵاتێک هی حکومەتی هەرێم بێت ڕێگە نادەن دەستێک بیەوێت ئەو دەسەڵاتە لە حکومەتی هەرێم بسێنێتەوە و بیدات بە بەغدا.
Your browser doesn’t support HTML5