ئەگەر تۆ کەسێکیت ناتوانیت بە ئاسانی ئازاردانت لە لایەن کەسانی ترەوە لەبیرکەیت، ئەوا لەگەڵ قەلەڕەش خەسڵەتێکی هاوبەشت هەیە. ئەوەتا لێکۆڵینەوەیەکی زانستی دەڵێت ئەو باڵندە زیرەکە دەتوانێت بۆ ماوەی 17 ساڵ کینە لە دڵیدا هەڵبگرێت.
لێکۆڵینەوەیەک کە لە ساڵی 2006 دەستیپێکرد و هەتا ساڵی 2023 بەردەوام بووە گەیشتووەتە ئەو دەرئەنجامە سەرسوڕهێنەرە.
لە لێکۆڵینەوەکەدا، پرۆفیسۆر جۆن مارزلوف لە زانکۆی واشنتن هەستاوە بە داپۆشینی دەموچاوی بە ماسکێکی ترسناک و 7 قەلەڕەشی بە ڕێگەی تەڵەوە گرتووە. پاشان ئامێری ناسینەوە و چاودێری لە قاچی قەلەڕەشە ترساوەکان بەستووە بەرلەوەی بە سەلامەتی ئازادیان بکات.
پرۆفیسۆر جۆن مارزلوف بە نیویۆرک تایمیزی ڕاگەیاند، لەگەڵ یاریدەدەرەکانی بۆ ماوەیەکی درێژ لێکۆڵینەوەیان کردووە لەسەر ئەوەی ئاخۆ قەلەڕەشەکان دەتوانن ڕووداوەکە لە بیر بکەن.
لە ماوەی لێکۆڵینەوەکەدا، لە نێوان ساڵانی 2006 بۆ 2023، چەندین جار ماسکەکەیان خستۆتە سەر دەموچاویان و چوون بۆ شوێنی کۆبوونەوەی قەلەڕەشەکان. هەر لەو ماوەیەدا، تیمی لێکۆڵینەوەکە هەستاون بە بەکارهێنانی چەند ماسکێکی شێوە جیاواز و لە هەندێک حاڵەتدا خواردنیان داوە بە قەلەڕەشەکان بۆ ئەوەی بزانن باڵندەکان دەتوانن ئەو ماسکانە لە ماسکە ترسناکەکە جیابکەنەوە.
دەڵێن لێکۆڵینەوەکەیان بە سەرکەوتوویی گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی قەلەڕەشەکان لەماوەی ئەو 17 ساڵەدا هەتا ساڵی 2023 بەرداوم ئەوانیان ناسیوەتەوە. ئەو کاتەی تیمی لێکۆڵینەوە ماسکە ترسناکەکانیان بەکارهێناوە، دووچاری هێرشی بەکۆمەڵی قەلەڕەشەکان بوونەتەوە.
پرۆفیسۆر جۆن مارزلوف دەڵێت، یەکێک لە حاڵەتەکان بریتی بوو لە هێرشی بە قاوقیژی 47 قەلەڕەش. ئەوەش دەریدەخات حەوت قەلەڕەشەکە کە ساڵی 2006 کەوتبوونە ناو تەڵەی لێکۆڵەرەکان، ئەزموونە ترسناکەکەیان بۆ ئەندامانی تری کۆمەڵەکەیان و بێچووەکانیان گواستووەتەوە.
لە ماوەی ڕابردوودا لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە توانای زیرەکی قەلەڕەش لەناو باڵندەکان زۆر زیاترە لەوەی پێشتر زانراوە. هەندێک لە لێکۆڵەران دەڵێن ژیری قەلەڕەش لە ئاستی مرۆڤێکی تەمەن حەوت ساڵدایە.
لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن قەلەڕەش دەتوانێت لە ئاوێنەدا خۆی بناسێتەوە و توانای شیکاری بارودۆخی ئاڵۆزی هەیە، لە نێوانیان بەکارهێنان و دروستکردنی ئامێری جیاواز بۆ بەدەستهێنانی خۆراک.
لە لێکۆڵینەوەیەکی ئەمساڵدا، شارەزایان ڕایانگەیاند توانیویانە بە سەرکەوتووی کۆمەڵێک قەلەڕەش ڕابهێنن بۆ ئەوەی ژمارەکان لە یەکەوە بۆ چوار بە نوسراوی بناسنەوە و لە یەکترییان جیابکەنەوە. دوای ئەوەی لێکۆڵەرەکان، بۆ نمونە، ژمارە سێیان لەسەر کاغەز دەنوسی و نیشانی قەلەڕەشەکانیان دەدا، ئەوکات قەلەڕەشەکان سێ جار دەیانقیڕاند.