دوابەدوای ڕاگەیاندنی سەرکەوتنی دانۆڵد ترامپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا، بەرپرسانی باڵای وڵاتان لە هەموو جیهانەوە لە ڕێگەی تۆری کۆمەڵایەتی ئیکسەوە پیرۆزبایییان لە سەرۆکی هەڵبژاردراوی ئەمەریکا کرد. ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و ڤۆلۆدیمیر زێلنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە نێو یەکەم بەرپرسانی جیهان بوون کە بە بڵاوکردنەوەی پەیام کاردانەوەیان بەرامبەر بەم پێشهاتە هەبوو.
بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکدا لە 'ئێکس' بۆ ترامپ نووسیویەتی "پیرۆزبایی دەکەم گەورەترین گەڕانەوەی مێژوویی! گەڕانەوەی مێژوویی ئێوە بۆ کۆشکی سپی بەڵێنی سەرەتایەکی نوێ بۆ ئەمەریکا و پابەندبوونێکی بەهێزە بە هاوپەیمانی گەورەی نێوان ئیسرائیل و ئەمەریکا. ئەمە سەرکەوتنێکی گەورەیە لەگەڵ هاوڕێیەتییەکی قووڵدا."
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا یەکیک لەو کەسایەتیانەی دیکەیە کە پیرۆزبایی سەرکەوتنی لە ترامپ کرد و لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بە لێدوانەکانی ترامپ کردووە سەبارەت بە "ئاشتی لە ڕێگەی هێزەوە" و نووسیویەتی هیوادارە ئەم سەرکەوتنە ببێتە هۆی "ئاشتییەکی دادپەروەرانە". زێلێنسکی لە پێگەکەی لەسەر ئێکس نووسیوێتی "پیرۆزبایی لە دانۆڵد ترامپ دەکەین بەبۆنەی سەرکەوتنە سەرسوڕهێنەرەکەی لە هەڵبژاردنەکاندا."
زێلێنسکی وتی "ئەمە ڕێک ئەو بنەمایەیە کە بە کردەوە دەتوانێت ئاشتی دادپەروەرانە لە ئۆکرانیا نزیک بکاتەوە. هیوادارم کە پێکەوە ئەمە بیخەینە بواری جێبەجێکردنەوە."
مارک ڕووتە سەرۆکی ناتۆ کە ترامپ لە مێژە ڕەخنەی لێدەگرێت، لە پەیامی پیرۆزبایی خۆیدا بۆ ترامپ لێدوانێکی هاوشێوەی دا و نووسیویەتی،"سەرکردایەتی ئەو دیسانەوە خاڵی بەهێزی هاوپەیمانییەکەمان دەبێت. من بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی ئەوەم کە جارێکی دیکە لەگەڵیدا کاربکەمەوە بۆ پێشخستنی ئاشتی لە ڕێگەی هێزەوە لە ڕێگەی ناتۆوە."
ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنساش بە خێرایی پیرۆزبایی خۆی پێشکەش کرد. ماکرۆن لە پەیامەکەیدا کە لە کەناڵی ئێکس بڵاوکراوەتەوە، ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاریی چوار ساڵە لەگەڵ ترامپ ڕاگەیاندووە و نووسیویەتی "پیرۆزە سەرۆک دانۆڵد ترامپ".
کییەر ستارمەر سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا هەر لەم پێوەندییەدا پیرۆزبایی سەرکەوتنی لە دانۆلد ترامپ لە هەڵبژاردنەکاندا کرد.
ستارمەر سەرکەوتنی ترامپی بە "مێژوویی" ناوبرد و وێڕای ڕاگەیاندنی ئامادەیی خۆی بۆ کارکردن لەگەڵ ترامپ، نووسیویەتی، "وەک نزیکترین هاوپەیمان، شان بە شان وەستاوین بۆ بەرگریکردن لە بەها هاوبەشەکانمان."
وتیشی "لە گەشەکردن و ئاسایشەوە هەتا داهێنان و تەکنەلۆژیا، دەزانم کە پەیوەندی تایبەتی بەریتانیا و ئەمەریکا بۆ ساڵانی داهاتوو لە هەردوو دیوی زەریای ئەتڵەسیدا بەردەوام دەبێت لە سەرکەوتن."
ئۆرسولا ڤۆن دێر ڵاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند، "بە گەرمی پیرۆزبایی لە ترامپ" دەکات و ستایشی "هاوبەشی ڕاستەقینە"ی نێوان یەکێتی ئەوروپا و ئەمەریکای کرد.
لە ماوەی خولی یەکەمی ترامپدا، گرژی لە نێوان یەکێتی ئەوروپا و ئەمەریکادا سەریهەڵدا، بەشێکی بەهۆی سەپاندنی باج لەلایەن ترامپەوە لەسەر هەناردەکردنی وڵاتانی ئەوروپایی.
ڤیکتۆر ئۆربان سەرۆک وەزیرانی هەنگاریا کە هاوپەیمانێکی پارێزگاری ترامپە، سەرکەوتنی ترامپی بە "گەورەترین گەڕانەوەی مێژووی سیاسی ئەمەریکا" ناوبرد و ڕایگەیاند "سەرکەوتنێکی زۆر پێویست بوو بۆ جیهان."
ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا نەداوە. بەڵام لە تۆڕی ئێکسدا، دیمیتری مێدڤێدێڤ سەرۆکی پێشووی ڕووسیا خۆشحاڵی خۆی لە شکستی هێرس دەربڕی و وتی "کامڵا تەواو بووە و با بەردەوام بێت لە پێکەنینە قیزەوەنەکەی."
هەروەها سەرکردەکانی ئاسیا دەستیانکرد بە ناردنی پەیامی پیرۆزبایی.
ئەنتۆنی ئەلبانیز، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا ڕایگەیاند "ئوسترالییەکان و ئەمریکاییەکان دۆستی گەورەی یەکتر و هاوپەیمانی ڕاستەقینەن."
نەرێندرا مودی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان "گەرمترین پیرۆزبایی"ی پێشکەش بە ترامپ کرد و بە هاوڕێی خۆی ناوی برد.
مودی وتی "لەگەڵ بنیاتنانی سەرکەوتنەکانتان لە خولی پێشوودا، من بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی پێداچوونەوە بە هاوکارییەکانمان دەکەم بۆ زیاتر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و هیندستان."
فێردیناند مارکۆس جونیۆر سەرۆکی فلیپین هیوای خواست کە "هاوپەیمانییە نەلەرزاوەکە"ی نێوان واشنتن و مانیلا ببێتە هێزێکی چاکە کە ڕێگای خۆشگوزەرانی و دۆستایەتی، لە ناوچەکە و لە هەردوو دیوی زەریای هێمندا گەشە بدات."
سەرچاوە/بەشی ئینگلیزی دەنگی ئەمەریکا