بایدن سەرکەوتنەکەی ترامپ بە 'ڕەوا' و 'شەفاف' ناودێردەکات

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، کە بۆ ماوەیەکی زۆرە نەیاری سیاسی دانۆڵد ترامپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکایە، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند هەڵبژاردنی ترامپ لەم هەفتەیەدا بۆ دووهەم خولی چوار ساڵەی جیاواز لەیەک "دادپەروەرانە" و "شەفافە"، و لە 20ی مانگی یەکدا بە شێوەیەکی ئاشتیانە دەسەڵات دەگوازرێتەوە.

بایدن، لە لێدوانێکیدا بۆ دەیان لە کارمەندانی کۆشکی سپی وتی ئەوەی قبوڵکردووە کە ترامپ شکستی بە جێگرەکەی سەرۆک، کامڵا هێرس هێناوە.

بایدن وتی "هەمیشە ئیرادەی گەل سەردەکەوێت، وەک زۆر جار وتومە، ناتوانیت تەنها لەو کاتەی سەربکەویت وڵاتەکەت خۆشبوێت. ناشتوانیت تەنها ئەوکاتە دراوسێکەت خۆشبوێت کە لەگەڵیدا هاوڕابیت."

بەڵام بایدن، کەسایەتی سیاسی دیموکراتەکان بۆ ماوەی پێنج دەیە، خەمباریش بوو بەوەی کە دەکرا ئەو کەسە سەربکەوتایە کە ئەو لە ساڵی 2020دا وەک جێگری خۆی دەستنیشانی کرد و هەڵمەتەکەی بە "ئیلهامبەخش" ناوبرد و وتی "بە هەموو توانایەکەوە هەوڵی بۆدا."

بایدن وتیشی " ئێمە ئەم شەڕەمان دۆڕاند." ئاماژەی بەوەشکردووە، "پاشکەوتنەکان حاشاهەڵنەگرن، بەڵام وازهێنان لێخۆشبوونی نییە. ئێمە باش دەبین، بەڵام پێویستە ئاگاداربین. پێویستە بەردەوام بین. وە لە سەرووی هەمووشیانەوە پێویستە بڕوامان بپارێزین".

بایدن تاکە خولی خۆی وەک سەرۆکی ئەمەریکا بە "سەرۆکایەتییەکی مێژوویی" وەسف کرد کە بۆ ساڵانی داهاتوو "ژیان و گوزەرانی خەڵک دەگۆڕێت"، بەتایبەتی باشترکردنی ژێرخانی سەرانسەری ئەو وڵاتەکە کە لە دوو ساڵی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا هەوڵی بۆدا بۆ پەسەندکردنی لەلایەن کۆنگرێسەوە.

بایدن کە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020دا ترامپی لە دەسەڵات دەرکرد، لە وتارێکی حەوت خولەکیدا ڕایگەیاند کە" باشترین ئابووری جیهان" بۆ ڕکابەرە سیاسییە کۆمارییەکەی و جێنشینی ئێستای جێدەهێڵێت.

لە کاتێکدا ستانداردە ژمارەییە ئابوورییەکان پشتگیری لەو هەڵسەنگاندنە دەکەن، بەڵام ئەنجامەکانی دەنگدان تا ڕادەیەکی بەرچاو دەریخست کە لایەنگرانی ترامپ مامەڵەی بایدن و هێرسیان لەگەڵ ئابووری ئەمەریکادا پەسەند نەکردووە، کە گەورەترین ئابووری جیهانە، چونکە بەرزبوونەوەی نرخی بەکاربەران بە درێژایی ماوەی کارکردنیان بە شێوەیەکی بەرچاو کاریکردووەتە سەر خەرجی خێزانەکان.

ترامپ لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیدا، بەبێ ئەوەی بڵێت چۆن، بەڵێنی دا کە هەڵاوسان دادەبەزێنێت. ئەو پێشنیاری کەمکردنەوەی باجی نوێی کردووە لە ماوەی بەڕێوەبەرایەتی داهاتوویدا، کە پارەی زیاتر دەخاتە گیرفانی بەکارهێنەران، بەتایبەتی دەوڵەمەندترینەکان و خەزێنەی کۆمپانیاکان، بەڵام دەتوانێت قەرزی نیشتمانی درێژخایەنی وڵاتەکە بەرز بکاتەوە کە لە ئێستاوە کۆی گشتی نزیکەی 36 تریلیۆن دۆلارە.

بایدن ڕۆژی چوارشەممە پەیوەندی بە ترامپەوە کرد و پیرۆزبایی لێکرد بانگهێشتی کۆشکی سپی کرد بەم زووانە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕادەستکردنی دەسەڵاتەکەیان.

نووسینگەی بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتمانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، ئەگەر ترامپ بیەوێت زانیارییەکانی کۆبونەوەی هەواڵگری ئەمەریکا، بەدەستبهێنێت ئەوا بۆی دابین دەکرێت. وتەبێژی ODNI وتی ئاژانسەکە "بەگوێرەی ئەو نەریتە مامەڵە دەکات، کە لە ساڵی 1952ەوە لە شوێنی خۆیدایە، کە زانیاری هەواڵگری پێشکەش بە سەرۆکی هەڵبژێردراو دەکات"، هەرچەندە نەزانراوە ئایا ترامپ داواکارییەکی لەو شێوەیەی کردووە یان نا.

پۆستە سەرەکییەکان

دانۆڵد ترامپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا بە خێرایی هەنگاو دەنێت بۆ تاوتوێکردنی دەستنیشانکردنی پۆستە سەرەکییەکانی بەڕێوەبەرایەتی نوێ و ڕەنگە لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا ناوی هەندێک لەوانە دیاری بکرێن.

ترامپ کە تازە لە سەرکەوتنی بەسەر کامالا هاریس جێگری سەرۆک کۆمار لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی سێشەممەدا بەدەستهێناوە، لەگەڵ یاریدەدەرەکانیدا لە مار ئا لاگۆ لە فلۆریدا کۆبووەتەوە بۆ ئەوەی بیر لە بژاردەکانی بکاتەوە.

تەنانەت پێش هەڵبژاردنەکانیش، بەرپرسی قۆناغی گواستنەوە هاوارد لوتنیک و لیندا مەکماهۆن لەگەڵ هەندێک کاندیدی ئەگەری بۆ پۆستە باڵاکان کۆبوونەتەوە.

ترامپ دەشێت دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان، ئیلۆن ماسک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تێسلا، داکۆکیکارێکی سەرسەخت و بەخشەری هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان بۆ ترامپ، بۆ پۆستێکی نوێ بۆ دۆزینەوەی ناکاراییەکانی حکومەت و سنووردارکردنی زیادەڕۆییەکانی خەرجییەکان دەستنیشان بکات.

یەکێکی دیکە لە لایەنگرانی سیاسی سەرەکی ترامپ، ڕۆبەرت ئێف کەنەدی جونیەر، کە ڕیشەی پارتی دیموکراتی هەیە، دەتوانرێت سەرپەرشتیکردنی پرسە تەندروستییەکانی پێبسپێردرێت، هەرچەندە ئەو کوتانەکانی کۆڤیدی ڕەتکردووەتەوە و بە پێویست نازانرێت.

چەندین کۆمپانیای دارایی وۆڵ ستریت لە ژێر تاوتوێکردندان بۆ وەرگرتنی پۆستی ئابووریی ئاستی باڵا و یاریدەدەرانی ترامپ دەڵێن کە ڕەنگە هەندێک لە سیناتۆرەکانی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتیکردنی دەزگاکانی ئاستی کابینەی حکومەت بەدەستبهێنن.

هەروەها یاریدەدەرانی ترامپ لیستێکی درێژی فەرمانە سەرۆکایەتییە ئەگەرییەکان و پێچەوانەکردنەوەی ڕێساکان ئامادەکردووە بۆ ئەوەی لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونیدا لە 20ی مانگی یەک واژۆی بکات، بۆ کۆتاییهێنان بەو سیاسەتانەی کە لە چوار ساڵی ڕابردوودا لەلایەن جۆو بایدنی سەرۆکەوە پەسەندکراون.

بایدن کە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020دا شکستی بە ترامپ هێنا و خۆی بۆ دووبارە کاندید کردنەوە ئامادە دەکرد تا ئەو کاتەی لە مانگی شەشدا پاش ئەنجامدانی دیبەیتێکی خراپ لەگەڵ ترامپ ناچار بوو لە پێشبڕکێکە بکشێتەوە، بەڵێنی گواستنەوەی ئاشتیانەی داوە بۆ گەڕانەوەی ترامپ بۆ کۆشکی سپی.

ڕۆژێک پاش هەڵبژاردنەکان بایدن بانگهێشتی سەرۆکی هەڵبژێردراوی وڵاتەکەی کردووە بۆ سەردانێکی کۆشکی سپی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا و تەلەفۆنیشی بۆ کردووە بۆ پیرۆزبایی.

بایدن ڕۆژی چوارشەممە ستایشی هاریسی کرد بۆ هەڵمەتەکەی و وتی "ئەو هاوبەشێکی گەورە و فەرمانبەرێکی گشتی بووە و پڕە لە دەستپاکی و بوێری و کارەکتەری باش."

بایدن ڕایگەیاند "لە ژێر بارودۆخێکی نائاساییدا، هەنگاوی ناوە و سەرکردایەتی هەڵمەتێکی مێژوویی کرد و نیشانی دا دەتوانرێت چی بەدەستبێت کاتێک بە ڕەوشتێکی بەهێز و دیدێکی ڕوونەوە ڕێنمایی دەکەیت بۆ نەتەوەیەکی ئازادتر و دادپەروەرتر و پڕ لە دەرفەتی زیاتر بۆ هەموو ئەمەریکییەکان.".

ڕاپۆرتی کێن برێدێمیر