لە ئەمستردام هێرش دەکرێتە سەر ئیسرائیلییەکان

پۆلیسی ئەمستردام ڕۆژی هەینی 8ی مانگی یازدە ڕایگەیاند دوای "هێرشێکی ڕێکخراو و بەربڵاو" دژی هاندەرانی تۆپی پێی مەکابی تەلئەڤیڤ لەو شارە، 5 کەسیان گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و لە ژێر چاودێری پزشکیدان و 62 کەسیش دەستگیرکراون.

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، هێشتا وردەکارییەکانی ئەو ڕووداوە ڕوون نییە، بەڵام بەرپرسان و میدیاکانی ئیسرائیل دەڵێن هەندێک کەس کە دروشمی لایەنگری فەلەستینیان وتووەتەوە، هێرشیان کردووەتە سەر هاووڵاتیانی هەواداری تۆپی پێی مەکابی تەلئەڤیڤ.

پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل بە پشتبەستن بە قسەی بەرپرسانی هۆڵەندا ڕایگەیاند، 10 هاندەری تیپی مەکابی تەلئەڤیڤ برینداربوون و پەیوەندییەکانیش لەگەڵ لانیکەم 10 کەس پچڕاوە.

دوای ماوەیەک ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل دوایین زانیاریی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی لە ئێستادا هیچ هەواڵ و پەیوەندییەک لەبارەی سێ هاووڵاتی ئیسرائیلی لە ئەمستردام لەبەردەستدا نییە.

پۆلیسی ئەمستردام باسی لە ئەگەری بارمتەگرتنی ژمارەیەک لە هاندەرانی ئیسرائیل کردووە.

هێرشەکانی شەوی پێنجشەممە 7ی ئەم مانگە بۆ سەر هاندەرانی ئیسرائیلی لەلایەن بەرپرسان و سیاسەتمەدارانی ئیسرائیل و هۆڵەندا بە شێوەیەکی بەرفراوان سەرکۆنە کراوە و بە کردەوەیەکی "دژە جوو" ناودێریان کردووە.

پۆلیسی ئەمستردام لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" نووسیویەتی لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوانیان لە چەند ڕووداوێکی توندوتیژی دەستپێکردووە.

پۆستەکە وردەکاری زیاتری سەبارەت بەو کەسانە نەخستووەتەڕوو کە دوای هێرشەکان برینداربوون یان دەستبەسەرکراون.

باڵیۆزی ئیسرائیل لە هۆڵەندا بە کەناڵی کانی ئیسرائیلی ڕاگەیاندووە "لە چەند رۆژ پیش بەرێوەجوونی یارییەکە و لەگەڵ هاتنی ژمارەیەکی زۆر لە هاندەرانی تیپی تۆپی پێی فەنرباخچەی تورکیا بۆ ئەمستردام، هەستمان بە مەترسی کرد سەبارەت بە ئەگەری هێرشەکانیان بۆ سەر هاندەرانی تۆپی پێی ئیسرائیل و هۆشداریمان بە دەسەڵاتدارانی هۆڵەندا گەیاندبوو."

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە لەم هێرشەدا ژمارەیەک ئیسرائیلی بریندار بوون و وەزیری نوێی ئیسرائیلیش پەیوەندی بە هاوتا هۆڵەندییەکەیەوە کردووە و داوای لێکردووە هاوکاری ئیسرائیلیەکان بکات بۆ ئەوەی بە پارێزرای هۆڵەندا بە جێبهێڵن.

هەروەها کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی ئیسرائیلی ڕایانگەیاندبوو کە هەندێک گەشتیان لە ڕۆژانی هەینی و شەممەدا بەخۆڕایی داناوە بۆ ئەوەی دەستبەجێ ئەو ئیسرائیلیانەی لە ئەمستردام گیریان خواردووە بگەڕێننەوە.

دوابەدوای ئەم هەواڵە ڕاگەیەندرا کە سوپای ئیسرائیل وازی لە پلانەکەی هێناوە بۆ ناردنی فڕۆکەیەکی سەربازی بۆ هۆڵەندا، چونکە دەسەڵاتدارانی هۆڵەندا دڵنیایان داوە کە دۆخەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە.

یاری تۆپی پێی نێوان مەکابی تەلئەڤیڤ و ئایاکسی ئەمستردام ڕۆژی پێنجشەممە لە چوارچێوەی ڕکابەرییەکانی " لیگی ئەورووپا" بەڕێوەچوو کە تێیدا ئایاکس توانی 5-0 لە مەکابی بباتەوە.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز