نووسینگەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان: نزیکەی %70 ی کوژراوانی غەززە ژن و منداڵ بوون

نووسینگەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند نزیکەی %70 ی ئەو کوژراوانەی جەنگەکەی غەززە کە پشتڕاست کراونەتەوە ژن و منداڵ بوون. نووسینگەکە کوشتنی خەڵکی مەدەنی لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا سەرکۆنە دەکات و نیگەرانی خۆی لە زیادبوونی "تاوانەکانی جەنگ و تاوانە بەربەرییەکانی دیکە" دەردەبڕێت.

ئەو کوژراوانەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی پێدەدات تەنها ئەوانە دەگرێتەوە کە خۆی توانیویەتی لە ڕێی سێ سەرچاوەوە پشتڕاستییان بکاتەوە، بژاردنی کوژراوەکانیش بەردەوامە.

ئەو 8,119 قوربانییەی کە پشتڕاست کراونەتەوە کوژراون زۆر کەمترە لەو 43,000 کەسەی کە بەرپرسانی تەندروستی غەززە دەڵێن کوژراون. بەڵام تەمەن و ڕەگەزی ئەو قوربانییانەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان توانیویەتی پشتڕاستییان بکاتەوە لەگەڵ هەڵسەنگاندنەکانی فەلەستینییەکاندا یەک دەگرێتەوە کە دەڵێن زۆربەی کوژراوەکان لە ماوەی جەنگەکەی غەززەدا ژنان و منداڵن.

ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا کە ڕاپۆرتێکی 32 لاپەڕەییشی لەخۆگرتبوو وتی دۆزینەوەکان " پێشێلکارییەکی بە ڕێکخراوی بنچینەکانی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی " پیشان دەدات.

لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی 2023 دا چەکدارانی حەماس هێرشییان کردە سەر ئیسڕائیل و بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەڵێن نزیکەی 1200 کەس لەو هێرشەدا کوژراون و زیاتر لە 250 کەسی دیکە بە بارمتە گیراون. هەر ئەو هێرشەی حەماسیش بوو بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگەکە لە کەرتی غەززەدا.

سوپای ئیسڕائیل دەڵێت دەیەوێت خۆی بە دووربگرێت لە زیانگەیاندن بە هاووڵاتیانی مەدەنی.

وتوویەتی لەگەڵ هەر چەکدارێکدا هاووڵاتییەکی مەدەنیش کوژراوە، بەرپرسیارێتی ئەوەش دەخاتە سەر شانی حەماس، دەڵێت حەماس ناوەندە مەدەنییەکان بەکاردەهێنێت. حەماس ڕەتی دەکاتەوە هاووڵاتیانی مەدەنی و ژێرخانی مەدەنی بەکارهێنابێت، بە نەخۆشخانەکانیشەوە، وەکو قەڵغانی مرۆیی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز