بەندکراوێکی کورد لە ئێران دوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بە هانایەوە بچن و دەڵێت "بێ تاوانم"

دوای دەستگیرکردنی بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ پەکەکە و سەپاندنی سزای سێدارە بەسەریدا، بەندکراوێکی کورد لە زیندانێکی شاری ورمێ( ڕەزایە) لە ئێران، داوا لە دەنگی ئەمەریکا دەکات دەنگی بگەیەنێت بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بچن بە هانایەوە، چونکە دەڵێت،" کوێرانە سزا دراوم و بێ تاوانم."

بە پێی قسەی هاوڕێیەکی نزیکی حەمید کە ماوەی شەش مانگ هاوزیندانی حەمید بووە و لەبەر پاراستنی دۆخی ئاسایشی خۆی داوای کرد ناوی بڵاو نەکرێتەوە، بەڵام دیمانەکەی لەلای دەنگی ئەمەریکا پارێزراوە، ڕایگەیاند،" حەمید بە دۆسیەی هاوکاریکردنی پەکەکە دەستگیرکراوە، لە کاتێکدا حەمید کەسێکە تەنانەت خوێندەواریشی نییە، گەنجێکی بێ تاوانە و ساڵێک و چوار ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسیدا بووە لەژێر قورسترین ئەشکەنجەدا، ئەم ساڵە ڕێگەیان نەداوە پەیوەندی لەگەڵ خێزانەکەشیدا هەبێت، دانپێدانانی ئیجباریان پێکردووە، حەمید تووشی نەخۆشی بووە و حاڵی زۆر خراپە، پەنجەکانی لە ژێر ئەشکەنجەدا شکێنراون، شەش مانگ بەیەکەەوە بووین سوێند دەخۆم ئاگاداری هیچ شتێک نییە و بێئاگایە و بێ تاوان لە زیندانە."

ئەمەش ببینە ئێران سزای لەسێدارەدان بۆ کاسبکارێکی کورد دەردەکات

وتیشی،" ئێستا کە لە زیندانە و سزای لە سێدارەدانی هەیە، کە پەیوەندی بەمنەوە دەکات تەنها داوا دەکات دەنگی بگەیەنرێتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، دەڵێت دەنگی من بگەیەنە دەنگی ئەمەریکا و ڕاگەیاندنە جیهانیەکانی دونیا و پێیان بڵێ کە من بێ تاوانم."

بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی هانا بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بنکەکەی لە وڵاتی کەنەدایە، ڕۆژی 2ی مانگی 10ی 2024 هاتووە زیندانی سیاسی کورد حەمید حسێن نەژاد حەیدەرانلو تەمەن 39 ساڵ، خێزاندار و خاوەنی سێ منداڵە، خەڵکی گوندی سەگریکە لە پارێزگای چاڵداران، تۆمەتبارکراوە بە ئەندامێتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و بەو هۆیەشەوە سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە.

هەر لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، حەمید لە مانگی نیسانی ساڵی 2023 لەگەڵ چەند هاوڵاتیەکی ئەفغانی لە سنوری چاڵداران لەلایەن پاسەوانانی سنوری ئێرانەوە دەستگیرکراوە، دوای 11 مانگ و دە ڕۆژ لە دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانی تووند دانپێدانانی زۆرە ملێی پێکراوە، بە تێوەگلان لە بەشداریکردنی لە ململانێیەکی نیوان پەکەکە و پاسەوانی سنوری ئەو وڵاتەدا کە بەهۆیەوە 8 پاسەوانی سنوور کوژراون.

لەو بارەیەوە هاوڕێ و هاوزیندانیەکەی حەمید بە دەنگی ئەمەریکای وت،" لە ئێستادا بەرپرسانی ئیتلاعات زۆری لە دادوەر دەکەن حوکمەکەی بە زوویی جێبەجێ بکرێت، ئەوەی جێگەی داخە منداڵەکانی سەرگەردان بوون و دۆخیان زۆر خراپە، پێشتر کە دەهاتنە سەردانی دەبوو 4ی شەو بەڕێبکەون بەرەو ڕەزایە تا بتوانن حەمید ببینن."

وتیشی،" هەرچەندە پارێزەرمان بۆ گرتووە، بەڵام پارێزەر لەسەر پەروەردەی سیاسی زۆر کار ناکەن و ناشتوانن پارێزگاری لە مافی زیندانیانی سیاسی بکەن."