ڕێکخراوە ژینگەیەکانی هەرێمی کوردستان هۆشداری توند دەدەن لەوەی مەترسی ڕژد لەسەر ژینگە و سروشتی کوردستان هەیە و داوادەکەن بەرپرسان کە ساڵانە دەچنە کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی گۆڕانی کەشوهەوا سود لە ڕاسپاردەکان وەربگرن و کار لەسەر مەترسییەکان بکەن.
ڕۆژی سێشەممە 12ی مانگی یانزەی 2024، کۆنفرانسی cop29 لە وڵاتی ئازەربایجان دەستپێکرد و تێدا سەرکردە و شاندی زیاتر لە 150 وڵاتی جیهان تێدا بەشدارن، لە کۆنفرانسەکە بەوردی تیشک دەخرێتە سەر دواین گۆڕانکاریەکانی کەشو هەوا و مەترسی و چارەسەرەکان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندی حکومەتی هەرێمیش لە کۆنفرانسەکە ئامادەن.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میانەی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسەکە لە پەڕەی تایبەتی خۆیی لە سۆشیال میدیا بڵاویکردەوە و ڕایگەیاند،" خۆشحاڵم لە کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی ئاووهەوا لە باکۆ بەشداری دەکەم."
وتیشی،" ئەم کۆبوونەوەیە ساڵانەیە و دەرفەتێکی گرنگە بۆ ئەوەی بەرەو داهاتوویەکی سەقامگیرتر هەنگاوی کاریگەر بنێین و پێکەوە دەتوانین ڕووبەڕووی گۆڕانی ئاووهەوا ببینەوە و هەسارەیەکی تەندروستتر بۆ نەوەکانی داهاتوو جێبهێڵین."
کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی گۆڕانی کەشوهەوا یەکێکە لەو کۆنفرانسانەی بە COP ناودێردەکرێت- کورتکراوەی conference of the parties , ئەم کۆنفرانسە لە ساڵی 1992 لە لایەن زیاتر لە 150 وڵاتەوە پەسەندکرا. یەکەم کۆنفرانسی لە ساڵی 1995 ئەنجام درا.
سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە لەهەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، شاندی حکومەتی هەرێم ساڵی پاریش سەردانی کۆنفراسی گۆڕانی کەشوهەوایان کرد، چ دەست کەوتێکیان هەبوو بۆ هەرێم و تا چەند کاریان لەسەر مەترسیە ژینگەییەکان کرد.
مەعروف مەجید، سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" سەبارەت بە کۆنگرەی کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا کە گرنگی خۆیی هەیە و حکومەتی هەرێمیش ماوەی دوو ساڵە گرنگی پێدەدات، بەڵام پرسیارەکە ئەمەیە ئایە هەرێم تا چەند ساڵی پار سودی لەو کۆنفرانسە بینی کە گەڕایەوە و کۆبوونەوەی لەسەری کرد، دواتر چ هەنگاوێکی کرداریان نا بۆ ئەوەی مەترسیە ژینگەییەکان کەمبکەنەوە."
وتیشی،" ئەوەی جێگای پرسیارە تا ئێستا نەمانبینوە حکومەتی هەرێم بە کرداری هەنگاو بۆ باشکردنی ژینگەی کوردستان بنێت لە کاتێکدا مەترسیەکی زۆر لەسەر ژینگە و سروشت هەیە."
ئەرکێکی سەرەکی کۆنفرانسی لایەنەکان بریتییە لە پشکنینی ڕاپۆرتە نیشتمانییەکان و داتاکانی دەردانی گازی ژەهراوی کە لەلایەن وڵاتانی بەشداربووەوە پێشکەش دەکرێن، کە زانیاری سەرەتایی لە سەر کارەکانی هەر وڵاتێک و ئەو پێشکەوتنانەی کە بەدەستی هێناوە بەرەو گەیشتن بە ئامانجە گشتییەکانی ڕێککەوتننامەکە دەدەن.
بەپێی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لەساڵی 2017 بڵاویکردووەتەوە، عێراق لەڕووی خراپی گۆرانی کەشوهەواوە لە ڕیزبەندی پێنجەمی وڵاتانی جیهاندا بووە، بەڵام تا ساڵی 2023 ئاستەکەی گەشتبووە چوارەم و ئەمەش بەمەترسیەکی گەورە دادەنرێت.
ئەحمەد محەمەد مەولود، ئەندامی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە باکۆ بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بەشداربووانی شاندی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکانی کۆنفرانسی لایەنەکان( کۆپ29) ئامادەبوونە، لەبارەی پرسی وزە و نوێبوونەوەکان و گۆڕانکاریییەکانی کەش و هەواوەوە، لە ئێستا و ڕابردووشدا ئامادەبوونمان نیشانەی بەردەوامبوونە لەسەر هەنگاوەکانمان بۆ بەرە و ئابورییەکی سەوزی بەردەوام و وەبەرهێنان لە بواری ژینگە، وەک جێبەجێکردنی پابەندییەکانی نێو بەڵگەنامەی پشکدارییە نیشتمانییەکان و بەجێهێنانی ژمارەیەک لە ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەم و پاڵپشتیکردنی کەرتە زیانلێکەوتووەکان بەهۆی گۆڕانی کەش و هەوا."
وتیشی،" هەندێک لە ئاسەوارەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراق و هەرێمی کوردستانیشدا دەرکەوتوون، هەروەها بۆ سوود وەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتوو لە بواری وەبەرهێنانی ژینگەییدا بەو پرۆژانەی کە دەبنە مایەی کەمکردنەوەی کاریگەریەکانی گۆڕانی کەشوهەوا یان خۆگونجاندن لەگەڵ ئاسەوارەکانیدا، لە ڕێگای پرۆژە هاوبەشەکانی نێوان کەرتی گشتی و تایبەت و ئاژانسە پەیوەندیدارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و دۆستانمان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وەبەرهێنەران و بەڵێندەران و ڕێکخراوە ژینگەییە خۆماڵی و نێودەوڵەتیەکانەوە."
ساڵانە لە کۆنفرانسەکە لە ڕێگای سندوقێکەوە کۆمەک بۆ ئەو وڵاتانە کۆدەکرێتەوە کە دووچاری گۆڕانی کەش و هەوا بوونەتەوە و ژینگە و سروشتەکەی مەترسی لەسەرە یاخود ڕێگا چارە بۆ پاکڕاگرتنی ژینگە دەدرێت، شاندی هەرێمیش دەیەوێت ئەمساڵ بە دەستی پڕەوە لە کۆنفرانسەکە بگەڕێتەوە کوردستان.
ئەحمەد محەمەد مەولود، ئەندامی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئامادەی کۆنفرانسی لایەنەکانە لە باکۆ ڕاشیگەیاند،" ئامادەبوونمان سود و دەستکەوتی زۆرە لە کۆنفرانسەکە لەوانە، ئاشناکردنی سەرۆک و سەرکردەکانی جیهان بە هەوڵە کوردستانییەکان لە چوار چێوەی هەنگاوە جیهانییەکان لە بواری دۆزینەوەی ڕێگە چارە بۆ دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا، هەروەها دانان و جێبەجێکردنی هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر نەخشەی جیهان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا و بەهێزکردنی پەیوەندیی لەگەڵ بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ڕێکەوتننامەی چوارچێوەی گۆڕانی کەشوهەوا و بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان لە داڕشتنی ئەو بڕیار و ڕاسپاردانەی لە بواری گۆڕانی کەشوهەوا دەدرێن."
وتیشی،" چەند خاڵێکی تر لە گرنگی ئامادەبونی شاندی هەرێم، بەرجەستەکردنی ئەو بەڵێنە ژینگەییانەی کە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتوون و خستنەڕووی پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ڕێگەگرتن لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و سەلماندنی ئەو ڕاسیتیەی کە هەرێمی کوردستان بەشێکە لە چارەسەر بۆ گرفتنی کەشوهەوا."
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چەند هەنگاوێکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکاریەکان لە ژینگەی هەرێمی کوردستاندا گرتۆتە بەر، لە نێوانیاندا قەدەغەکردنی دار بڕین.
لە مانگی 5ی ساڵێ 2021 حکومەتی هەرێم لە بەیاننامەیەکیدا ناڕەزایی دەربڕی بەرامبەر بە "داربڕین و زیانگەیاندن بە سروشتی هەرێمی کوردستان" لە لایەن هێزەکانی تورکیاوە و وتی بە فەرمی ئاگاداری حکومەتی تورکیای کردووەتەوە کە کۆتایی بە داربڕین لە ناوچە سنوورییەکان بهێنن "کە جێگەی قبولکردن نییە."
بەڵام سەرەڕای هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم بۆ پارێزگاری لە سەوزایی و سیستەمی ژینگە، ڕێکخراوەکانی چاودێر دەڵێن گۆڕانکارییەکان لە ژینگەی هەرێمی کوردستان بەردەوامن و ڕێوشوێنەکان بەگوێرەی پیویست نین.
مەعرووف مەجید، سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە ڕاشیگەیاند،" مەترسی جیدی لەسەر ژینگەی هەرێمی کوردستان هەیە ئێمە ئەبێ ئەم بابەتە پۆلێن بکەین بۆ دوو بەش، یەکەم پیسبوونی ژینگە، دووەم هۆکارەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوا لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان کە لە ئێستادا مەترسیەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر زۆربەی وڵاتان و ناوچەکە سەریهەڵداوە بەتایبەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بە داخەوە لە پلەی پێنجەم وڵاتدایە، بەڵام سەرەڕایی بەشداریکردنی عێراق لە زۆربەی کۆنفرانسە جیهانییە ژینگەییەکان، بەڵام نەیتوانیوە ئەو پلە بەندیە کەمبکاتەوە."
وتیشی،" هۆکارەکانی زۆری مەترسی لەسەر ژینگە زۆرن لە کوردستان، لەوانە هۆکارەکانی گواستنەوە و سوتەمەنی و ئاوی ژێر زەوی و سەر زەوی و پاشماوە فڕێدراوەکان و هیتد، هەروەها لەماوەی ڕابردوودا دارستانەکانی هەرێمی کوردستان تووشی قڕکردن و لەناوچوون بوونەتەوە لەماوەی 50 ساڵی ڕابردوودا نزیکەی لە 50 ی دارستانەکانی هەرێم ڕووبەڕووی لەناوچوون بوونەتەوە ئەوەش گرفتێکی گەورەیە لەسەر ژینگە و سروشت و پێویستی بە چارەسەری بەپەلە هەیە."