سەرکردەیەکی دەوڵەتی یاسا ڕایدەگەیەنێت، هەموو سەرۆک وەزیرانێکی عێراق ڕووبەڕووی هەندێک ئاستەنگ دەبێتەوە لەلایەن هەندێک لایەنەوە کە داواکاری ناشەرعی و زیاد لە پێویستیان هەیە، بەڵام نوری مالکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا پشتگیری بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەردەوامبوونی حکومەتەکەی ڕاگەیاندووە.
سەعد مەتڵەبی، سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالکی، لە بارەی ئەگەری ڕێگەنەدان بە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئەم مەسەلە پێویستی بەڕای چوارچێوەی هەماهەنگی و پەرلەمان بە شێوەی گشتی هەیە، هیچ لایەنێک ناتوانێت ڕێگری لە کەسێک بکات بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن مەگەر لە چوارچێوەی دەستوردا بێت."
هەرچەندە بەرپرسانی دەوڵەتی یاسا ڕەتیدەکەنەوە لە کێبەرکێکردنی سەرۆک وەزیران عێراق لە هەڵبژاردندا بترسن، بەڵام ئاماژەبەوەش دەکەن هەوڵی ڕێگرتن لە قۆرخکردنی دەسەڵات و پارە دەدەن بۆ بەدەستهێنانی دەنگ و بردنەوەی هەڵبژاردن.
چاوەڕوان دەکرێت هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە مانگی نۆی ساڵی داهاتوو ئەنجام بدرێت، بەڵام هەتا ئێستا کاتەکەی دیاری نەکراوە.
دەوترێت نوری مالکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا هەوڵی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن دەدات، بە ئامانجی دروستکردنی بەربەست بۆ بەشداریکردنی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران عێراق لە هەڵبژاردن دا.
لێکۆڵەرێکی سیاسی نێودەوڵەتی پێیوایە، دەستەبژێرێک لە عێراقدا هەن کە لە پشتەوەی حکومەتەوەن، دەیانەوێت حکومەت بۆ ئەوان کاربکات و نایانەوێت کەسی تازەو سەرۆک وەزیران تازە بێتە ناوەوە، بەڵکو دەیانەوێت سەرۆکوەزیران لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندا بێت و بەرژەوەندییان بپارێزێت.
دکتۆر سەردار عەزیز، لێکۆڵەری سیاسی نێودەوڵەتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"دەوڵەتی قوڵی نێو عێراق نایەوێت سەرۆکوەزیران پێگەی بەهێزی هەبێت و بەرژەوەندییان بخاتە مەترسییەوە، بۆیە ململانێی نێوان مالکی و سودانی هەوڵی گۆڕینی سیستەمی هەڵبژاردنی لە عێراق هێناوەتە ئاراوە، تا سیستەمەکە بەجۆرێک بگۆڕن سودانی نەتوانێت لیستی بۆ هەڵبژاردن هەبێت."
هەروەها وتیشی،"دەوڵەتی قوڵ لە عێراق خاوەنی هێزو میلیشیاو حزب و پێگەن و نایانەوێت دەوڵەت بەهێز بێت و ئەوان لاواز بن، چونکە بەهێز بوونی دەوڵەت بەرژەوەندییان دەخاتە مەترسییەوە."
لایەنە شیعەکانی عێراق، حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی تۆمەتبار دەکەن بە دروستکردنی "تۆڕێکی سیخوڕی"و گوێگرتن لە پەیوەندی تەلەفۆنی سەرکردە شیعەکان و پیاوانی ئاینی، گوایە ئەندامانی تۆڕەکە سەر بە نوسینگەی سەرۆک وەزیران عێراقن و تۆڕەکە لەلایەن محەمەد جوحی، جێگری بەڕێوەبەری ئۆفیسی سەرۆکوەزیرانەوە سەرپەرشتیکراوە.
وتەبێژی هاوپەیمانێتی نەسر پێیوایە، دزەکردنی تۆمارە دەنگییەکانی گرێدراو بە گوێگرتن لە کەسایەتییە سیاسییەکانی عێراق لەلایەن نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران عێراق لەمکاتەدا بەشێکە لەو ناکۆکییە سیاسییانەی لە ئارادان.
سەلام زوبەیدی، وتەبێژی هاوپەیمانێتی نەسر، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هەندێک لایەنی نێو پێکهاتەی شیعە نایانەوێت سودانی بەهۆی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانەوە پێگەی بەهێز بێت و لایەنگیری جەماوەری هەبێت. هەڵوێستی لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی یەکگرتوو نییە لەبارەی تۆمارە دەنگییە دزەپێکراوەکانەوە، بەڵام لەمەسەلە ستراتیژییەکان دا یەکگرتوون."
دەشڵێت،"هەندێک لایەن پشتگیری سودانی دەکەن تا چاکسازی لە نوسینگەکەیدا بکات و لێپێچینەوە بکات، بەڵام هەندێکی تر هەوڵی قۆستنەوەی دۆخەکە دەەن بەو پێیەی سودانی نیازی بەشداریکردنی لە هەڵبژاردن دا هەیە. هەندێک هێزی ناو پێکهاتەی شیعە هەست دەکەن سودانی دەبێتە مایەی لاوازکردنی پێگەو کەمکردنەوەی کورسییە پەرلەمانییەکانیان، لەکاتێکدا سودانی پێداگیرە لەسەر گۆڕانکاری و چاکسازی لە نێو نوسینگەکەیدا."
قوڵبوونەوەی ناکۆکی نێوان سەرۆک وەزیران عێراق و بەشێک لە لایەنە شیعەکان لەکاتێکدایە، بڕیارە ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام بدرێت و دەوترێت سەرۆک وەزیران عێراق خواستی بەشداریکردنی لەو پرۆسەیەدا هەیە، ئەمەش ترسی لای ئەو هێزانە دروستکردووە.
شوان داودی، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"لەناو هێزە سیاسییەکانی عێراق دا هەمیشە ناکۆکی هەبووە، بەڵام ناکۆکییەکان بەگوێرەی بارودۆخ و بەرژەوەندی هەڵکشان و داکشان دەکەن."
دەشڵێت،"ئێستا بەرەو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڕۆین و لەمەودوا ناکۆکییەکان زەقتر دەبنەوە، بۆچوونێک لە نێو هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و وڵاتانی دەوروبەر دروستبووە، تا ڕێگە نەدرێت سودانی جارێکی تر ببێتەوە بە سەرۆک وەزیران عێراق."
حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی تەنها لە پرسە ناوخۆییەکان دا لە مپەری بۆ دروست ناکرێت، بەڵکو بەردەوام لە کێشمەکێشیشدا بووە لەگەڵ ئەو هێزانەی کە بە "بەرەی موقاوەمە" دەناسرێن و نزیکن لە ئێرانەوە، بەو پێیەی سودانی دژی تێوەگلانی عێراقە لە جەنگدا و گروپەکانیش گوێڕایەڵی ناکەن.
سەلام زوبەیدی دەڵێت،"حکومەتی عێراق ڕووبەڕووی تەحەدیاتی گەورە بووەتەوەو نایەوێت عێراق ببێتە بەشێک لە شەڕ، لەکاتێکدا هێزەکانی بەرەی موقاوەمە فشار دەخەنە سەر حکومەت، ئەمەش حکومەتی عێراقی دووچاری ئیحراجی کردووە."
لە ڕۆژانی ڕابردوودا، قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، چەند پەیامێکی حکومەتی عێراقی گەیاندە بەرپرسانی باڵای ئێران، دیارترینیان مانەوەی عێراقە لە دەرەوەی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل.
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، مەترسی حکومەتی عێراقیشی لە تێوەگلاندنی لە شەڕدا بەهۆی چالاکی گروپە نزیکەکان لە ئێران نەشاردووەتەوە.
سەرباری هەبوونی ناکۆکی لەنێوان حکومەتی عێراق و هێزە نزیکەکان لە ئێران لە سەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس و حیزبوڵا، بەڵام بەڕای چاودێران مامەڵەی حکومەتی عێراق تەندروستترە وەک لەو هێزانە.
دکتۆر سەردار عەزیز دەڵێت،"هەر کەسێک دەوڵەتی عێراق بەڕێوەببات ناچارە پەیوەندی هەبێت لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ناتوانێت دژی یاساو ڕێساکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بێت، چونکە عێراق پێویستی بە دۆلارو بازاڕو سەقامگیری و ئەندامێتییە لە ڕێکخراوو کۆمەڵگا نێودەوڵەتییەکان."
دەشڵێت،"هەرکەسێک ببێتە سەرۆک وەزیران عێراق دەبێت دەوڵەتییانە مامەڵە بکات، گەر خەڵکی سەربە میلیشیاکانیش ببێتە سەرۆک وەزیران عێراق ناچارە بەمجۆرە مامەڵە لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بکات."
Your browser doesn’t support HTML5