لوبنان پێداچوونەوە بە پێشنیارەکەی ئەمەریکا دەکات بۆ کۆتایهێنان بە شەڕی ئیسرائیل و حزبوڵا

Lebanon Israel

ئاژانسی فرانس پرێس بە پشتبەستن بە قسەی بەرپرسانی باڵای لوبنان، کۆمەڵێک وردەکاری پێشنیارەکەی ئەمەریکای بۆ ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵای خستوەتەڕوو و دەڵێت لوبنان لە ئێستادا تاوتوێی ئەو پێشنیارە دەکات. ئەو ئاژانسە هەواڵییە لە زاری یەکێک لەو بەرپرسانە نووسیویەتی پێشنیارەکەی ئەمەریکا 13 بڕگەی لەخۆگرتووە.

بە وتەی بەرپرسە لوبناییەکان، پێشنیارەکە ئاگربەستێکی 60 ڕۆژە لەخۆ دەگرێت و داوا دەکات لەو ماوەیەدا لوبنان هێزەکانی خۆی لە لەسەر سنوورەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیل جێگیر بکات.

بەرپرسە لوبنانییەکان هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئیسرائیل هێشتا وەڵامی ئەم پێشنیارەی نەداوەتەوە.

هەواڵی پێشکەشکردنی پێشنیاری ئاگربەستی ئەمەریکا بۆ دەسەڵاتدارانی لوبنان، یەکەمجار لەلایەن ئاژانسی ڕۆیتەرزەوە بڵاوکرایەوە.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە دوو سەرچاوە بڵاویکردەوە باڵیۆزی ئەمەریکا لە بەیروت ڕەشنووسی پێشنیاری ئاگربەستی بۆ ڕاگرتنی پێکدادانەکانی ئیسرائیل و حزبوڵا پێشکەش بە نەبیە بڕی سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان کردووە.

ڕۆیتەرز ڕایگەیاند ئەمەریکا بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕی ئیسرائیل و حزبوڵا نێوەندگیری بۆ ئاگربەست دەکات، بەڵام هەوڵەکانی تاکو ئێستا شکستیان هێناوه .

دوو سەرچاوەی سیاسی باڵا لە لوبنان کە ڕۆیتەرز ناوەکانیانی ئاشکرا نەکردووە، ڕایانگەیاندووە، باڵیۆزی ئەمەریکا لیزا جۆنسۆن چاوی بە نەبیح بێری کە هاوپەیمانی حزبوڵایە کەوتووە بۆ پێشکەشکردنی یەکەم پیشنیاری نووسراوی واشنتن.

ئاماژە بە وردەکارییەکانی ئەو پێشنیازە نەکراوە. باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەیروت دەستبەجێ هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەم هەواڵە نەداوە.

دەستپێشخەرییەکانی ئاگربەست لە لوبنان تا ئێستا سەبارەت بە جێبەجێکردنی بڕیارنامەی 1701 ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە. ئەم بڕیارنامەیە کۆتایی بە دوایین خولی ململانێی نێوان حزبوڵا و ئیسرائیل لە ساڵی 2006 هێنا و جەخت لەوە دەکاتەوە کە باشووری لوبنان دەبێت چۆڵ بکرێت لەو چەکانەی کە پەیوەندیان بە حکومەتی لوبنانەوە نییە. تا ئێستا حزبوڵا بەم بەشەی بڕیارنامەی 1701وە پابەند نەبووە.

ڕەشنووسی پێشنیارەکان کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا دزەیان پێکرابوو، وردەکارییەکانی میکانیزمێکی چاودێری لەخۆدەگرێت کە دەتوانێت وڵاتانی دیکەش تێوەبگلێنێت.

لوبنان بڕیارنامەی 1701ی وەک ڕێگەیەک بۆ دەربازبوون لەو ململانێیەی ئێستا پەسەند کردووە، بەڵام ئیسرائیل دەیەوێت مافی بە ئامانجگرتنی حزبوڵا بپارێزێت لە ئەگەری پێشێلکردنی مەرجەکانی ئاگربەست یان هەڕەشەکردن لەو وڵاتە.

ڕۆژێک دوای هێرشە تیرۆریستییەکەی ساڵی ڕابردووە حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، حزبوڵای لوبنان هێرشی موشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆی بۆ سەر باکووری ئیسرائیل دەستپێکرد.

ئیسرائیلیش لە کاردانەوە بە هێرشەکانی حەماس، هێرشی توندی کردە سەر پێگەکانی ئەو گرووپە لە لوبنان و سوریا و جگە لە کوشتنی سەدان ئەندامی ئەم گرووپەی سەر بە حکوومەتی ئێران لە ناوچەکە، سەرکردەکەی و فەرماندە باڵا سەربازییەکانی، لەوانە حەسەن نەسروڵڵاشی کوشتووە.

سەرچاوە/فڕانس پرێس/ ڕۆیتەرز